هۆمه‌ر دزه‌یی-بەشی چوارەم

08 November 2019
هۆمه‌ر دزه‌یی-بەشی چوارەم

هونەرمەند و سیاسەتڤان
بەشی چوارەم
 
هۆمه‌ر دزه‌یی له‌ ساڵی 1936 له‌ گوندی دووگردان له‌ ده‌شتی هه‌ولێر لە دایکبووە. سەرەتای خوێندنی لە هەولێر دەستپێده‌کات و پاشان بۆ درێژەدان بەخوێندن دەچێتە کەرکووک و بەغدا. لە بەرئەوەی ئارەزووی لە هونەر و گۆرانی بووە، لەلایەن بنەماڵەکەیەوە ئاستەنگی دەخرێتە سەر رێگای، بەڵام ئەو کۆڵنادات. یەکەم گۆرانی خۆی لە ساڵی 1955 لە بەغدا تۆمار کردووە. لە ساڵی 1956 دەچێتە ئەنکه‌ره‌ بۆخوێندن، بەڵام ئەو خەیاڵی هەر لای هونەر و گۆرانی گوتن بووە، بۆیە دوای ساڵێک روو لە ڤیەننا دەکات. ئیدی بەو شێوەیە ئاشنایەتی لەگەڵ میوزیکزانان و گۆرانیبێژانی دەرەوەی کوردستان پەیدا دەکات.
هەر لە ڤیەنا ئاشنایەتی لەگەڵ کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان پەیدا دەکات و لەسەر داوای مام جەلال لە  فیستیڤاڵی لاوان لە  مۆسکۆ بەشداری دەکات کە نوێنەری چەندین وڵات تێیدا بەشداربووە.
ساڵی 1963 دەگەرێتەوە کوردستان و لە رادیۆی دەنگی کوردستان لە ماوەت درێژە بە خەباتی خۆی دەدات. هەر لە ساڵانی شەستەکاندا دەست بە تۆمارکردنی گۆرانی دەکات و دەنگدانەوەیەکی زۆری لەنێو کوردستاندا دەبێت.
لە ڤیەننا بڕوانامەی زانستی سیاسی بەدەست دەهێنێت. لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان و کوردستان کۆنسێرتی هەبووەو هەوادارێکی زۆر روویان لە کۆنسێرتەکانی کردووە. لە ساڵانی هشتاکاندا لە گۆڤاری کاروان دەست بە نووسین دەکات، ئاشنایه‌تی زۆری لەگەڵ زۆربەی نووسەران و هونەرمەندانی کوردستاندا هەبووەو هەیە. ماوەیەک لە بەشی کوردی رادیۆی دەنگی ئەمریکا کاری کردووەو رۆڵی کاریگەری بینیووە لە گەشەکردنی ئەو رادیۆیه‌.
ساڵی 2006 لەسەر داوای مام جەلال دەگەڕێتەوە کوردستان و عێراق و دەبێتە راوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق، مام جەلال.
 
هۆمەر دزەیی خاوەنی چەند پەرتوکێکە، دیاریترینیان چیرۆکی ئەوینداریم و لێکڵینەوەیەک لەسەر حەیران. چەندین شیعری ئەڤینداری و نیشتیماپەروەری نووسیوە. زۆرجار باس لەوە دەکرێت کە هۆمەر دزەیی لە ژیانیدا خولیایی سێ شت بوو کە هەرسێكیان بە (میم) دەستپێدەکەن، مێ، مەی و میویزیک.
 
لەم ئەڵقەیەدا باسی نه‌كسه‌ی شۆڕشی ئەیلوول و گەڕانەوەی خۆی بۆ عێراق و پاشان جارێکی دیکە گەڕانەوە بۆ ئەوروپا، پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ مام جەلال و ئیدریس بارزانی. چۆن هۆمەر دزەیی بوو بە بەرێوەبەری بەشی کوردی رادوێی دەنگی ئەمریکا و راوێژکاری مام جەلال لە بەغدا. هۆمەر دزەیی بەسەرهاتێکیخۆسی خۆی و مام جەلال دەگێرێتەوە کاتێک لە ڤیەنا بە مام جەلال دەلیت ئێستا تۆ مەلایی یان جەلالی. ئەمانەوە و کۆمەڵێک بابەتی دیکە لەلایەن هۆمەر دزەییەوە شایەتیان لەسەر دەدرێت.