لەنیا کامەران، راهێنەری ئەسپسواری

لەنیا کامەران، راهێنەری ئەسپسواری

پلان A، بەرنامەیەکی گەنجانەی مەیدانییە، لێکۆلینەوە دەکات لە جیاوازیی نێوان ئەو شتانەی گەنجان هیوای بۆ دەخوازن و ئەو ژیانەی تێیدان لە هەرێمی کوردستان و عێراق. 

لە یەکەم ئەڵقەی بەرنامەکە، چاوان فەرەیدوون دەچێتە خانەیەکی ئەسپسواری لە سلێمانی و گفتوگۆ لەگەڵ لەنیا کامەران دەکات، کە کچە راهێنەرێکی ئەسپسوارییە و خاوەنی خەونی گەورەیە لەو بوارەدا. 

لە دەستپێکی بەرنامەکەدا، لەنیا کامەران باسی لە پەیوەندیی رۆژانەی خۆی لەگەڵ ئەسپەکاندا کرد و گوتی، "رۆژانە کە دێمە ئێرە، یەکەم شت سەردانی هەموو ئەسپەکان دەکەم." ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەسپ ئاژەڵێکی زۆر هەستیارە، تەنانەت ئەگەر بۆنی ئەسپێکی دیکە لە خاوەنەکەی بێت، هەستی پێدەکات و دڵتەنگ دەبێت.

چاوان و لەنیا پێکەوە گفتوگۆ لەبارەی جۆرەکانی ئەسپ دەکەن. لەنیا روونیکردەوە کە لە کوردستان زیاتر ئەسپی کوردی، عەرەبی و تورکی هەن. ئەسپی کوردی بەهێزە و بۆ ناوچە شاخاوییەکانە، ئەسپی عەرەبی زیاتر بۆ جوانی و پێشبڕکێی جوانی بەکاردێت و ئەسپی تورکیش بۆ سوارچاکی گونجاوە. هەروەها، باسی لە ئەزموونی کەوتنی لەسەر ئەسپ و شکاویی دەستی کرد، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئەو رووداوە نەبووەتە هۆی ساردبوونەوەی، بەڵکو سوورتر بووە لەسەر بەردەوامبوون. ئەو گوتی، "هیوادارم خەڵکی لەبەر کەوتنێک واز لە خولیاکانیان نەهێنن."

لەنیا، کە دەرچووی بەشی ئەندازیاریی نەوتە بەڵام کاری تێدا نەکردووە، خەونی خۆی ئاشکرا کرد کە بریتییە لە بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییە جیهانییەکانی ئەسپسواری وەکو یەکەم کچە کورد. لە کۆتایی بەرنامەکە پەیامێکی ئاراستەی بینەران کرد و هانیدان کە بۆ چارەسەرکردنی سترێس و دڵەڕاوکێ، روو لەم جۆرە چالاکییانە بکەن، چونکە وەرزشێکی دەروونییە و ئارامی بە مرۆڤ دەبەخشێت.