چۆڤین ئاوات، خاوەنی ماستەر لە زمانەوانی
لەم بەرنامەیەی پلان Aدا، چۆڤین ئاوات، کچێکی تەمەن 27 ساڵ و خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە زمانەوانیی کردارەکیدا میوان بوو. چۆڤین، کە شارەزایی لە زمانەکانی کوردی، تورکی، عەرەبی، ئینگلیزی و فارسیدا هەیە، پلان و ئامانجی سەرەکیی ئەوەیە کە درێژە بە خوێندنی ئەکادیمی بدات و بگات بە ئاستی دکتۆرا. بەرنامەکە تیشکی خستە سەر خولیا و ئەزموونەکانی لەگەڵ زمان و ئەو ئاڵنگارییانەی کە وەکو کەسێکی فرەزمان رووبەڕوویان دەبێتەوە.
لە سەرەتای گفتوگۆکەدا، چۆڤین ئاوات باسی لەوە کرد کە بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر بۆ ئەو زیاتر خولیایەک و خەونێکی منداڵی بووە کە بەدیهاتووە. سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان ئەو زانیارییە تیۆرییانەی لە کتێبە ئەکادیمییەکاندا دەیخوێنێتەوە و ئەزموونی پراکتیکیی وانەوتنەوە، چۆڤین گوتی کە هەرچەندە بابەتە ئەکادیمییەکان "بناخەیەکی بەهێز" بۆ بازاڕی کار دروست دەکەن، بەڵام "شارەزایی راستەقینە لە ئەزموونی پراکتیکییەوە بەدەست دەهێنرێت." ئەو ئامۆژگاریی خوێندکارەکانی دەکات کە هاوتەریب لەگەڵ خوێندنەوە، گرنگییەکی زیاتر بە وەرگرتنی ئەزموونی کرداری بدەن، چونکە "فێربوون کاتێک مانادار دەبێت کە دەیبەخشین."
یەکێک لە تەوەرە سەرنجڕاکێشەکانی بەرنامەکە، گفتوگۆکردن بوو لەسەر فرەزمانی. چۆڤین، دانی نا بەوەدا کە هەندێک جار لە کاتی قسەکردندا زمانەکان تێکەڵدەبن، بۆ نموونە لە ئینگلیزییەوە دەچێتە سەر زمانی تورکی. هەروەها، ئاماژەی بەو بۆچوونە کرد کە دەڵێت کەسانی فرەزمان تووشی "شیزۆفرینیای کاتی" دەبن و لەگەڵ هەر زمانێکدا کەسایەتییەکی جیاوازیان هەیە. ئەو لەم بارەیەوە گوتی، "کە بە کوردی قسە دەکەم ئارامم، بەڵام کە بە ئینگلیزی قسە دەکەم وا هەست دەکەم کەمێک تووندم." ئەو هۆکارەکەی بۆ سرووشتی زمانەکە خۆی گەڕاندەوە کە وەکو زمانەکانی کوردی و تورکی "ناسک نییە."
چۆڤین جەختی لەوە کردەوە کە زمانی کوردی "زۆر زۆر دەوڵەمەندە، بەڵام لە ژیانی رۆژانەماندا زۆر بەکار ناهێنرێت" و، زۆر کار بۆ نوێکردنەوەی نەکراوە، بە پێچەوانەی زمانی ئینگلیزییەوە کە بەردەوام وشەی نوێی دێتە ناو. ئەمەش وایکردووە کە هەندێک جار لە کاتی وەرگێڕاندا نەتوانێت بە وشەی کوردی "مافی خۆی پێ بدات." وەکو چارەسەرێک، پێشنیازی کرد کە پسپۆڕانی زمان بگەڕێنەوە بۆ "فەرهەنگی کۆنی کوردی" و وشە رەسەنەکان بهێننەوە ناو ژیانی خەڵک، بەتایبەت لە رێگەی تەلەڤیزیۆن و سۆشیال میدیاوە. لە کۆتاییدا، چۆڤین ئاشکرای کرد کە ئەگەر بواری زمانەوانی نەمێنێت، پلانی دووەمی ئەوەیە کە گەشت بکات و شارەزای کولتووری وڵاتانی دیکە بێت، چونکە بەڕای ئەو "کولتوور و زمان لێک دانەبڕاون."
پلان A، بەرنامەیەکی گەنجانەی مەیدانییە، لێکۆلینەوە دەکات لە جیاوازیی نێوان ئەو شتانەی گەنجان هیوای بۆ دەخوازن و ئەو ژیانەی تێیدان لە هەرێمی کوردستان و عێراق. هەر ئەڵقەیەک دەرفەت دەداتە گەنجێک باسی خەونەکانی بۆ داهاتوو بکات، وەکو کار، خێزان، سەقامگیری، کۆچ. پێشکێشکار گەنجان رووبەڕووی ئەو راستییانە دەکاتەوە کە هیوا و خەونەکانیان دروست دەکەن، دەبنە هۆی دواخستنی خەونەکانیان، یان هەندێکجار رێگرییان لێدەکرێت. بەرنامەکە چیرۆکی راستەقینەی ژیانی خوێندکارانی زانکۆ، فرۆشیارانی سەر شەقام، میوزیکژەنان، سەرتاش، کرێکارانی کارگەکان، خاوەنکارە گەنجەکان تۆمار دەکات.