یاسین زیرەک، چالاکڤانی یاسایی
لە بەرنامەی "پلان A"، یاسین زیرەک، گەنجێکی تەمەن 22 ساڵانی خەڵکی رواندز و دانیشتووی هەولێر، بەشدار بوو. یاسین، کە قوتابیی قۆناخی 2ـی کۆلێژی یاسایە، لە هەمان کاتدا دامەزرێنەری "تیمی هۆشیاریی یاسایی"یە. ئەم تیمە لە رێگەی پلاتفۆرمە جیاوازەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کار بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی یاسایی لەنێو هاونیشتمانییان و بەتایبەتی گەنجاندا دەکات. پلانی سەرەکی و ئامانجی یاسین ئەوەیە کە تیمەکەی فراوانتر بکات و پسپۆڕیی دیکەی وەکو تەندروستی و وەرزشیش لەخۆبگرێت، بە مەبەستی دامەزراندنی "تیمێکی هۆشیاریی" گشتگیر.
یاسین زیرەک، لە وەڵامی پرسیارێکی چاوان فەرەیدووندا سەبارەت بە چۆنیەتیی تێکەڵکردنی دوو بواری جیاوازی وەکو "یاسای وشک" و "میدیای سەرنجڕاکێش"، جەختی لەوە کردەوە کە کلیلی سەرکەوتن لە دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و ئاوێتەکردنی هەردوو بوارەکەدایە بە شێوازێک کە بۆ بینەر سوودبەخش و سەرنجڕاکێش بێت. یەکێک لە دەستکەوتە بەرچاوەکانی تیمەکەی یاسین، بەرهەمهێنانی پۆدکاستێک بوو لە مانگی رەمەزاندا کە لە ماوەیەکی کورتدا نزیکەی 7 ملیۆن بینەری تۆمار کرد. ئەم سەرکەوتنە لە کاتێکدا بەدەستهات کە تیمەکە بە کەرەستە و توانای سنووردار و بەبێ هیچ پشتیوانییەکی دارایی کاریان دەکرد.
یاسین زیرەک، باسی لە ستراتیژیی تیمەکەی بۆ گەیشتن بە بینەری گەنج لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد. ئەوان پشتیان بە ڤیدیۆی کورت (ریڵز) بەستووە و هەوڵیان داوە لە ماوەی 10 چرکەی یەکەمدا سەرنجی بینەر رابکێشن بۆ ئەوەی تا کۆتایی سەیری ڤیدیۆکە بکات. بە گوتەی ئەو، بەهۆی بوونی حەزی زانین لەنێو کۆمەڵگەدا، توانیویانە لە رێگەی هەڵبژاردنی بابەتی هەستیار و پەیوەندیدار بە ژیانی گەنجانەوە، سەرنجیان بەدەستبهێنن و ئامانجەکەیان بپێکن. هەروەها، یاسین جەختی لە گرنگیی بەشداریپێکردنی گشت ئەندامانی تیمەکەی کردەوە و گوتی کە هانیان دەدات بۆ ئەوەی ببنە گوتاربێژی سەرکەوتوو. ئەو ئەندامانەی شێوازی قسەکردنیان فەرمییە، ئامۆژگاری دەکات کە "بە شێوازێکی ئاسوودە و سادە" قسە بکەن، تاوەکو پەیامەکەیان بە روونی بگات.
لە کۆتایی گفتوگۆکەدا، یاسین زیرەک، پلانی داهاتووی خۆی و تیمەکەی خستەڕوو، کە بریتییە لە گۆڕینی "تیمی هۆشیاریی یاسایی"ـە بۆ "تیمی هۆشیاری" کە قوتابیانی کۆلێژەکانی دیکەش وەکو پزیشکی، ئەندازیاری و وەرزش لەخۆبگرێت. ئەو پێی وایە دانانی ئامانجی کورتخایەن، پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ گەیشتن بە ئامانجە درێژخایەنەکان.
پلان A، بەرنامەیەکی گەنجانەی مەیدانییە، لێکۆلینەوە دەکات لە جیاوازیی نێوان ئەو شتانەی گەنجان هیوای بۆ دەخوازن و ئەو ژیانەی تێیدان لە هەرێمی کوردستان و عێراق. هەر ئەڵقەیەک دەرفەت دەداتە گەنجێک باسی خەونەکانی بۆ داهاتوو بکات، وەکو کار، خێزان، سەقامگیری، کۆچ. پێشکێشکار گەنجان رووبەڕووی ئەو راستییانە دەکاتەوە کە هیوا و خەونەکانیان دروست دەکەن، دەبنە هۆی دواخستنی خەونەکانیان، یان هەندێکجار رێگرییان لێدەکرێت. بەرنامەکە چیرۆکی راستەقینەی ژیانی خوێندکارانی زانکۆ، فرۆشیارانی سەر شەقام، میوزیکژەنان، سەرتاش، کرێکارانی کارگەکان، خاوەنکارە گەنجەکان تۆمار دەکات.