گرژییەکانی هورمز، پەیامەکانی واشنتن و دادگاییکردنی جەلادەکەی نوگرەسەلمان
ئەمڕۆ سێشەممە، 6ی ئایاری 2026، جیهان و ناوچەکە چەندین رووداوی گرنگیان بەخۆوە بینی. لە کاتێکدا کە دۆناڵد ترەمپ جووڵەی کەشتییەکانی لە تەنگەی هورمز راگرت و واشنتن پەیامێکی تووندی ئاراستەی عێراق کرد، لە بەغدا دۆسیەیەکی پڕ لە ئازاری مێژووی کورد کرایەوە و بڕیارە سبەی "جەلادی نوگرەسەلمان" دادگایی بکرێت. هاوکات، سەردانە "سەرکەوتووەکەی" نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا و گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی حیزبەکان، نەخشەی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستانیان زیاتر روون کردەوە.
ترەمپ جووڵەی کەشتییەکانی لە هورمز راگرت
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەسەر داوای پاکستان و چەند وڵاتێکی دیکە، بڕیاریانداوە بۆ ماوەیەکی کاتی جووڵەی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز رابگرن. ئەم هەنگاوە وەک دەرفەتێک دێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی لەگەڵ ئێران، بەڵام ترەمپ جەختی کردەوە کە گەمارۆکانی سەر ئەو وڵاتە وەک خۆیان دەمێننەوە.
پەیامێکی توند لە واشنتنەوە بۆ عێراق
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پەیامێکی تووندی ئاراستەی سەرکردەکانی عێراق کرد و رایگەیاند: "ئێمە کردارمان دەوێت، نەک تەنیا قسە." واشنتن داوای کردووە گرووپە چەکدارەکان لە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەربکرێن و بودجەیان ببڕدرێت، چونکە سنوورێکی نادیار لەنێوان دەوڵەت و گرووپە میلیشیاکاندا دروست بووە.
عێراقچی گەیشتە پەکین
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بۆ گفتوگۆی ئاستبەرز لەگەڵ وانگ یی، هاوتا چینییەکەی، گەیشتە پەکین. ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن چین سەرەڕای سزا ئەمریکییەکان، بەردەوامە لە دابینکردنی پارچەی درۆن بۆ ئێران و رووسیا، کە ئەمەش وەک تەحەدایەکی راشکاوانە بۆ واشنتن لێکدەدرێتەوە.
جەلادەکەی نوگرەسەلمان دادگایی دەکرێت
بڕیارە سبەی، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی، ناسراو بە "جەلادی نوگرەسەلمان"، لە بەغدا دەستپێبکات. زیاتر لە 221 کەس لە کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال وەک شایەتحاڵ گەیشتوونەتە بەغدا. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 300 سکاڵا لە دژی ئەو تاوانبارە تۆمار کراون کە لە ساڵی 1988دا تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامداوە.
ئەنجامی سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانەکەی بۆ بەغدا بە "بەرهەمدار و سەرکەوتوو" وەسف کرد. لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق، جەختی لە کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان کردووەتەوە، هەروەها پاڵپشتیی خۆی بۆ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو دەربڕیوە.
حەلبووسی: رۆڵی نێچیرڤان بارزانی یەکلاکەرەوەیە
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدوم، رایگەیاند کە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا لە کاتێکی گونجاودا بووە و رۆڵی لە لێکنزیککردنەوەی لایەنەکاندا یەکلاکەرەوەیە، حەلبووسی جەختیشی کردەوە کە دەبێت هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی خەڵکی بەسرە، هەموو شایستە داراییەکانیان وەربگرن.
جموجۆڵێک لەنێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هەیە
قوباد تاڵەبانی، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ تیمی یەکێتی لە حکومەت رایگەیاندووە، کە مەرجیان بۆ کابینەی 10 "هاوبەشیی راستەقینە"یە. یەکێتی پێیوایە لە کابینەی 9دا وەک پێویست شەریک نەبووە و ئێستا جموجۆڵێک لەنێو حیزبەکەدا هەیە بۆ ئەوەی بە ستراتیژێکی نوێوە مامەڵە لەگەڵ دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراقدا بکەن.
روبیۆ وەڵامی رووداو دەداتەوە
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا سەبارەت بە لێدوانەکانی ترەمپ بۆ پڕچەککردنی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان گوتی، پەیامی سەرۆک ترەمپ ئەوەیە کە خەڵکی ئێران دەبێت توانای بەرگریکردن لە خۆیانیان هەبێت لە بەرامبەر "رژێمێکی دڕندە" کە هاووڵاتییانی خۆی دەچەوسێنێتەوە.
هێرشێکی نوێی درۆنی بۆ سەر کەمپی سوورداش لە سلێمانی
درەنگانی شەوی رابردوو، کەمپی سوورداش لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە دوو درۆنی بێفڕۆکەوان کرایە ئامانج. بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رایگەیاند، هێرشەکە تەنیا زیانی ماددی هەبووە و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
ئەمریکا 10 ملیۆن دۆلار تەرخان دەکات بۆدەستکەوتنی زانیاری لەبارەی ئەکرەم کەعبی
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕی 10 ملیۆن دۆلاری وەک پاداشت تەرخان کردووە بۆ هەر کەسێک کە زانیاری لەسەر شوێنی ئەکرەم عەباس کەعبی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا بدات. ئەمریکا کەعبی بە "تیرۆریستێکی جیهانی" ناودەبات و تۆمەتباری دەکات بە هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا.
پزیشکیان بۆ عەلی زەیدی: ئامۆژگاریی ئەمریکا بکە
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق، داوای لێکرد کە ئامۆژگاریی ئەمریکا بکات تاوەکو کۆتایی بە هەڕەشە سەربازییەکانی بهێنێت. لە بەرامبەردا، زەیدی ئامادەیی عێراقی بۆ نێوەندگیری لەنێوان تاران و واشنتن دەربڕیوە.
دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی پزیشکیان
نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە دەستلەکارکێشانەوەی مەسعود پزیشکیان دەکەن و رایگەیاند، "پزیشکیان پیاوی دەستلەکارکێشانەوە نییە." هاوکات، بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕدا پەیوەندیی بە ئاڵۆزییە سەربازییەکانەوە هەیە و بەمزووانە کۆنترۆڵ دەکرێتەوە.
رۆژنامەکانی تاران: پڕۆژەکەی ترەمپ شکستی هێنا
رۆژنامەکانی ئەمڕۆی تاران بە مانشێتی جیاواز شکستی پڕۆژەکەی ترەمپیان لە تەنگەی هورمز راگەیاند و باسیان لە "نەزمێکی نوێ لە کەنداودا" کرد کە تێیدا ئێران دەستی باڵای هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، رۆژنامەکان نیگەرانیی قووڵی خۆیان لەبارەی قەیرانی ئابووری و گرانبوونی کاڵاکان لە وڵاتدا نەشاردووەتەوە.
تاران هۆشدارییەکی تووند دەداتە ئیمارات
گوتەبێژی بارەگای "خاتەمولئەنبیا"ی ئێرانی هۆشدارییەکی تووندی دایە ئیمارات و رایگەیاند، ئەگەر لە خاکی ئیماراتەوە هەر هێرشێک بکرێتە سەر ئێران، وەڵامێکی "کوشندە و پەشیمانکەرەوە"یان دەبێت. تاران، ئیمارات تۆمەتبار دەکات بەوەی بووەتە بنکەیەک بۆ هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.
بڕیارێکی حکومەتی عێراق جووتیاران دڵتەنگ دەکات
سەرەڕای ئەوەی پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ 2.3 ملیۆن تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان بەرهەم بێت، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە تەنیا 400 هەزار تۆن لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانیی هەرێم ئەم بڕیارە بە سیاسی دەزانن و دەڵێن زیاتر لە یەک ملیۆن و 890 هەزار تۆن گەنم بێ بازاڕ دەمێنێتەوە.
هەر کەسێک لە هەرێمی کوردستان دوو هێندەی پێویستیی خۆی ئاو بەکاردەهێنێت
بەگوێرەی راپۆرتێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر تاکێک رۆژانە پێویستی بە 181 لیتر ئاوی پاک هەیە، بەڵام بە تێکڕا 350 لیتر بەکاردەهێنێت. ئەم رێژەیە نزیکەی دوو هێندەی پێویستیی رۆژانەیە و لە زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە، وەک تورکیا و ئوردن، زیاترە، کە ئاماژەیە بۆ بەفیڕۆدانێکی زۆری ئاو.
ژیریی دەستکرد، مەتەڵێکی 60 ساڵەی بیرکاری چارەسەر دەکات
گەنجێکی تەمەن 23 ساڵ، بە یارمەتی ChatGPT، توانی مەتەڵێکی بیرکاری چارەسەر بکات کە بۆ ماوەی 60 ساڵ بوو بلیمەتەکانی جیهانی سەرقاڵ کردبوو. بیرکاریزانە گەورەکانی جیهان وەک تێرێنس تاو، راستیی وەڵامەکەیان پشتڕاست کردووەتەوە و دەڵێن ژیریی دەستکرد بە شێوازێک بیری کردووەتەوە کە هیچ مرۆڤێک بیری لێ نەکردبووەوە.
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).