لە زیندانەکەی ئۆجەلانەوە بۆ دۆخە سەختەکەی سوودانی و قەیرانی ئاو لە عێراق
لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)ی ئەمڕۆ شەممە ٦-١٢-٢٠٢٥، ژمارەیەک دۆسیەی گرنگ و هەستیار لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە خرانەڕوو. لە زیندانی ئیمراڵی و ژیانی نوێی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە دەستپێدەکات، دەپەڕێتەوە بۆ دۆخە ئاڵۆزەکەی سوودانی لەنێوان بەرداشی ئەمریکا و شیعەکان، و کۆتایی دێت بە زەنگە مەترسیدارەکەی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق.
زیندانەکەی ئیمراڵی؛ تەلەڤیزیۆنی نوێ و داوای یاسایەکی تایبەت
هیوا جەمال، لە بەدواداچوونێکی ورددا بۆ رەوشی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە لە زیندانی ئیمراڵی، زانیاریی نوێی ئاشکرا کرد. بەپێی زانیارییەکان، "ئێستا ئۆجەلان دەتوانێت ٦ بۆ ٧ کەناڵی تەلەڤیزیۆنیی دیکە ببینێت، لەناویاندا کەناڵەکانی (سی ئێن ئێن تورک، خەبەر تورک، ئێم تی ڤی و ئا هەبەر)، و دەستپێشخەرییەکەی دەوڵەت باخچەلیشی هەر لە تەلەڤیزیۆنەوە بینیوە."
لەبارەی ژیانی رۆژانەی، ئاماژە بەوە کرا کە ئێستا کتێبخانەی تایبەتی هەیە و هەفتەی سێ جار دەتوانێت چاوی بە هاوڕێکانی بکەوێت (حامیلی یڵدرم، عومەر خەیری کۆنار، ئەنگین ئاتابەی و ئەوانی دیکە).
گرنگترین زانیاری ئەنجامی بەدواداچوونی هیوا جەمال ئەوەبوو کە "ئۆجەلان داوای دەرکردنی یاسایەکی کاتیی بۆ پەکەکە کردووە کە هەمووان بگرێتەوە، چەکدار و بێ چەک، ئەوانەی لە قەندیلن و ئەوانەی لە زینداندان، وەک بەشێک لە (مافی هیوا) کە رێگە دەدات دوای ٢٠ ساڵ زیندانی چاو بە سزاکاندا خشێنرێتەوە."
سوودانی لە هەردوو جەژنەکە بوو؛ لە "واتسئەپ" دەرکرا و ئەمریکاش لێی بێھیوایە
تەوەرێکی دیکەی بەرنامەکە تایبەت بوو بە دۆخی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق. بەپێی زانیارییەکانی (رۆژی هیوا جەمال)، سوودانی دوای بڕیاری بە تیرۆریست ناساندنی حیزبوڵڵا و حووسییەکان و دواتر پاشگەزبوونەوە لێی، کەوتووەتە دۆخێکی سەختەوە.
لە لایەک، سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە گرووپەکانی "واتسئەپ" دەریان کردووە و خۆپیشاندان لە بەغدا دژی ئەنجام درا. لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئیمەیڵێکدا بۆ رووداو رایگەیاندووە "بێهیوان" لە هەڵوێستەکەی بەغدا و هۆشداری دەدەن.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم رووداوە "هەڵەی تایپ" نەبووە، بەڵکو پیلانێکی رکابەرەکانی بووە (وەک مالیکی) بۆ کۆتاییهێنان بەو هەڵکشانە جەماوەرییەی سوودانی هەیبوو، بەتایبەت دوای ئەوەی ترەمپ بەربژێری کردبوو بۆ خەڵاتی نۆبڵ.
گۆڕانی کەشوهەوا؛ عێراق بەرەو "نەمانی زستان" دەچێت
لە تەوەرێکی دیکەدا، هاری ئیستیڤانیان، بەڕێوەبەری ناوەندی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق، زەنگێکی مەترسیداری لێدا. ناوبراو رایگەیاند: "یەدەگی ئاوی عێراق لە نزمترین ئاستی ٨٠ ساڵی رابردوودایە و ساڵانە ١٠٪ی زەوییە کشتوکاڵییەکان لەناو دەچن."
بەگوێرەی داتاکان، مەترسی ئەوە هەیە زستان لە عێراقدا نەمێنێت و هاوین درێژتر ببێتەوە. هەروەها پیسبوونی هەوا بووەتە هۆی مردنی ٢٣٪ی تووشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ. ئیستیڤانیان رەخنەی لە حکومەت گرت کە تەرکیزی تەنیا لەسەر نەوتە و پابەندی رێککەوتنی پاریس نییە بۆ کەمکردنەوەی دەردانی ٢٤٠ ملیۆن تەن CO2 ساڵانە.
هەواڵەکانی دیکە بە کورتی:
شێواندنی گۆڕی کریستیانەکان لە کۆیە
بەدواداچوونەکانی رۆژی هیوا جەمال دەریدەخەن ١٥ گۆڕی کریستیانەکان لە گۆڕستانی هەرمۆتە شکێنراون. رووداوەکە لەلایەن ٤ کەسەوە لەماوەی ٥ کاژێردا ئەنجام دراوە و ئامانج لێی تەنیا شێواندن بووە.
کارەساتێکی ژینگەیی لە دەربەندیخان
تانکەرێکی سووتەمەنی وەرگەڕاوە و ماوەی زیاتر لە ٣٤ کاژێرە گازوایلەکەی دەڕژێتە نێو ژینگەی ناوچەکەوە، بەبێ ئەوەی شارەوانی ئامێری پێویستی هەبێت بۆ چارەسەرکردنی. دڵشاد سۆڵەیی، چالاکڤانێکی دەربەندیخانە. دیمەنی تایبەتی بۆ رۆژی هیوا جەمال ناردووە و داوا دەکات، ژینگەی ناوچەکە لەو کارەساتە رزگار بکرێت.
تۆمەتبارکردنی رۆحانی
میدیای سوپای پاسداران حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران بە "خزمەتکردن بە ئیسرائیل" تۆمەتبار دەکەن، دوای ئەوەی گومانی خستە سەر توانای بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە.
فاکت چێک
ئەو ڤیدیۆیەی گوێدرێژێک نیشان دەدات لە پەرلەمانی پاکستان، ساختەیە و بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە.
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).