لە هۆشدارییە "تاریکەکەی" بەغداوە بۆ بازاڕی گەرمی چەکی ئیسرائیل
لە کاتێکدا عێراق بە فەرمی وێنەیەکی ترسناک لەسەر داهاتووی ژینگەکەی دەخاتە بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان و هۆشداری لە وشکبوونی هەرێمی کوردستان و خۆڵبارینی بەردەوامی باشوور دەدات، لە دیوەکەی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، جەنگ بووەتە هۆی بووژانەوەی پیشەسازیی سەربازیی ئیسرائیل و ئەوروپا بووەتە کڕیاری ژمارە یەکی چەکەکانی. هاوکات لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، گرژییەکانی پردێ و کێشەی جوتیاران لەگەڵ سوپای عێراق پێ دەنێتە قۆناخێکی نوێوە.
لە خوارەوە وردەکاریی دۆسیە گەرمەکان و هەواڵەکانی ئەمڕۆ یەکشەممە 7-12-2025ـی بەرنامەی ( رۆژی هیوا جەمال) دەخەینە روو:
کە خەوتبوویت چی روویدا؟
•بوومەلەرزە: بوومەلەرزەیەک یۆنانی هەژاند؛ ئەڵمانیا دەڵێت 6.63 پلە بووە و ئەمەریکا دەڵێت 4.9 پلە.
•ئاگر: لە هیندستان 23 کەس بەهۆی ئاگرکەوتنەوە گیانیان لەدەستدا.
•فەلەستین: ئیسرائیل هەڵمەتێکی فراوانی دەستگیرکردنی لە جنین و نابلس دەستپێکرد.
دۆسیەی یەکەم: جەنگ چۆن بازاڕی چەکی ئیسرائیلی گەرم کرد؟
سەرەڕای رەخنە نێودەوڵەتییەکان و دیمەنەکانی جەنگی غەززە، داتا نوێیەکان دەریدەخەن کە جەنگ بۆ ئیسرائیل لە رووی ئابووریی سەربازییەوە "قازانج" بووە. ساڵی 2024 بە ساڵی شکاندنی ژمارە پێوانەییەکان دادەنرێت بۆ هەناردەی چەکی ئیسرائیلی.
ئەوروپا؛ کڕیاری ژمارە یەک
بەپێی ئامارەکان، هەناردەی چەکی ئیسرائیل گەیشتووەتە 14.7 ملیار دۆلار، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو 13% زیادی کردووە. خاڵی وەرچەرخانەکە ئەوەیە کە 54%ی ئەم چەکانە (بە بەهای 8 ملیار دۆلار) رەوانەی وڵاتانی ئەوروپا کراون.
هۆکاری ئەم خواستە زۆرەی ئەوروپا بۆ سێ خاڵ دەگەڕێتەوە:
1.تاقیکردنەوەی مەیدانی (Battle-Tested): وڵاتان بینییان سیستەمەکانی وەک (گومەزی ئاسنین) و (ئارۆ-3) چۆن بەرپەرچی مووشەکەکانی ئێران و حەماس دەدەنەوە.
2.مەترسیی رووسیا: دوای جەنگی ئۆکراینا، ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکە بەپەلە بەدوای سیستەمی بەرگریدا دەگەڕێن.
3.تەکنەلۆژیا: ئیسرائیل لە بواری درۆن و جەنگی ئەلیکترۆنیدا پێشکەوتنێکی بەرچاوی هەیە.
نرخ و گرێبەستە گەورەکان
ڕاپۆرتەکە وردەکاریی نرخەکانی ئاشکرا کردووە:
•سیستەمی Arrow-3: ئەڵمانیا بە گرێبەستێکی مێژوویی بە بەهای 4 ملیار دۆلار کڕیویەتی بۆ پاراستنی ئاسمانی ئەوروپا لە مووشەکی بالیستی.
•مووشەکی Spike: مووشەکێکی دژە تانکی زیرەکە و بەرلین بە بەهای 2.3 ملیار دۆلار گرێبەستی بۆ کردووە.
•گومەزی ئاسنین: نرخی هەر سیستەمێک 50 ملیۆن دۆلارە و هەر مووشەکێکی بەرگری (Tamir) نزیکەی 50 هەزار دۆلار تێچووەکەیەتی.
تورکیا؛ لە دۆستەوە بۆ رکابەر
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە گۆڕانی ستراتیژیی تورکیا دەکات. ئەنقەرە کە ساڵانێک گەورەترین کڕیاری چەکی ئیسرائیل بوو (بەتایبەت بۆ تانک و فڕۆکە)، ئێستا بووەتە رکابەرێکی سەرسەخت لە بازاڕی جیهانیی درۆندا و لە رێگەی درۆنی (بەیرەقدار)ـەوە کێبڕکێی کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان دەکات.
دۆسیەی دووەم: بەڵگەنامە "تاریکەکەی" عێراق بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان
حکومەتی عێراق لە نوێترین بەڵگەنامەدا کە ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە و داتاکانی هی ساڵی 2025ـن، نەخشەڕێگەیەکی مەترسیداری خستووەتەڕوو و داوای 72.2 ملیار دۆلار دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی کارەساتەکە تا ساڵی 2035.
مەترسییە گشتییەکان:
•خۆڵبارین: پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2030، ژمارەی رۆژەکانی خۆڵبارین بگاتە 300 رۆژ لە ساڵێکدا.
•پلەی گەرما: تا ساڵی 2050، تێکڕای پلەی گەرمی 2 پلە بەرز دەبێتەوە و هاوینان 50 پلە دەبێتە دیاردەیەکی ئاسایی.
•کۆچ: لەنێوان 2016 بۆ 2023، نزیکەی 130 هەزار کەس لە باشوور بەهۆی وشکەساڵییەوە کۆچیان کردووە.
کاریگەرییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان:
ڕاپۆرتەکە بە دیاریکراوی باس لە مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکات:
•کەمبوونەوەی باران: رێژەی بارانبارین 9% دابەزیوە.
•ئاوی ژێرزەوی: ساڵانە لە هەندێک ناوچە 2.6 مەتر ئاستی ئاوی ژێرزەوی دادەبەزێت.
•دارستانەکان: دارستانەکانی بەڕوو لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس رووبەڕووی لەناوچوون بوونەتەوە و رووبەری سوتاوی دارستانەکان ساڵانە زیادی کردووە.
•بەفر: کەمبوونەوەی بەفر لە چیاکان سەرچاوەی سەرەکیی پڕکردنەوەی رووبارەکانی خستووەتە مەترسییەوە.
هەواڵە نێوخۆیی و جیهانییەکان
گرژی لە پردێ؛ سوپا بەڵێننامە بە جوتیارانی کورد پڕدەکاتەوە
لە گوندی "گورزەیی" سەر بە ناحیەی پردێ، سوپای عێراق رێگری لە جوتیارانی کورد دەکات دروێنەی گەنمەشامییەکانیان بکەن. کێشەکە لەسەر 1400 دۆنم زەوییە کە "عەرەبێکی هاوردە" داوای دەکات. ئەمڕۆ سوپا جوتیارانی ناچار کردووە بچنە بارەگای ئۆپەراسیۆنەکان بۆ واژۆکردنی بەڵێننامەیەک کە نابێت کار لە زەوییەکە بکەن. دوێنێ شەویش گرژی دروستبوو و سوپا پەلاماری دوو جوتیاری داوە.
دارایی عێراق: نیوەی شایستەی هەرێمی کوردستانمان ناردووە
وەزارەتی دارایی عێراق رەتیدەکاتەوە کورتهێنانی مووچە هەبێت و رایگەیاند کۆی خەرجیی مانگانەی مووچە 6 ترلیۆن دینارە نەک 8.5 ترلیۆن. سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، داتاکان دەریدەخەن لە 9 مانگی ئەمساڵدا، پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجییەکان تەنیا 8.3% بووە، لەکاتێکدا رێژەی دانیشتووان 14.2%ـە، و خەرجیی وەبەرهێنانیش بۆ هەرێمی کوردستان سفر بووە.
ئەردۆغان و مەزڵووم عەبدی کۆدەبنەوە؟
د. عادل باخەوان ئاشکرای کرد کە رێککەوتن کراوە بۆ کۆبوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان و مەزڵووم عەبدی. تورکیا هەوڵ دەدات رێگری بکات لەوەی رۆژئاوای کوردستان ببێتە "باشوورێکی دیکە". لە بەرامبەردا، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند چاوەڕوانن هەسەدە هەڵبوەشێتەوە و تێکەڵی سوپای سوریا ببێت.
داخستنی قوتابخانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان
بەهۆی پیسبوونی مەترسیداری هەوا لە ورمێ و بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزا لە شارەکانی دیکە، ئەمڕۆ دەوامی خوێندن لە هەر پێنج پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان (ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام و لوڕستان) راگیرا.
هۆشداری لە گەلیی عەلی بەگ
بەرگریی شارستانیی سۆران هۆشداری داوە بەهۆی پێشبینی بارانی بەهێز، هاووڵاتییان تا کۆتایی هەفتە رێگەی گەلیی عەلی بەگ و هامڵتۆن بەکارنەهێنن بەهۆی مەترسیی داڕمان و لافاو.
ماراسۆنی کیش
بەشداریکردنی ژنان بە جلوبەرگی وەرزشی لە ماراسۆنێکدا لە ئێران، بووەتە هۆی توڕەیی دەسەڵاتی دادوەری و بڕیاری لێکۆڵینەوە دراوە.
ترەمپ و ستالۆن
دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی میدالیای رێزلێنانی بەخشییە سیلڤێستەر ستالۆن، ئەکتەری دیاری ئەمەریکی و ستایشی رۆڵی "ڕوکی" و "ڕامبۆ"ی کرد.
ئەمڕۆ چی روودەدات؟
•یەکلابوونەوەی هەڵبژاردن: کۆمسیۆن کۆتایی بە 72 تانەکەی دهۆک و هەولێر دەهێنێت.
•تیمی ئیسپانی: لە سلێمانی دوایین رۆژی نەشتەرگەرییە بێبەرامبەرەکانی تیمە پزیشکییە ئیسپانییەکەیە.
•پرسی ئاشتی: لە ئیستەنبووڵ سیمپۆزیۆمێک لەسەر "گەڕان بەدوای ئاشتی" و پرسی کورد بەڕێوەدەچێت و ئەمرۆ دووەم رۆژیەتی
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).