وردەکاریی مەرجە نوێیەکانی بەغدا بۆ هەولێر و نهێنیی کشانەوەی ئێران لە سووریا

08 December 2025
وردەکاریی مەرجە نوێیەکانی بەغدا بۆ هەولێر و نهێنیی کشانەوەی ئێران لە سووریا

لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال ئەمڕۆ دووشەممە 8-12-2025،  لە تۆڕی میدیایی رووداو، چەندین دۆسیەی هەستیار و زانیاریی نوێ خرانەڕوو، دیارترینیان رێنماییە نوێیەکانی بەغدا بوون بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆسیەی دارایی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئاشکراکردنی وردەکاریی ساتەوەختەکانی رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و کشانەوەی ئێران لە سووریا. لە بەرنامەکەدا بە وردی تیشک خرایە سەر نوێترین ژمارەی رۆژنامەی وەقایعی عێراقی و دۆخی ئابووریی هاووڵاتییان لە سووریا، لەگەڵ رووماڵی گرنگترین رووداوەکانی جیهان.

بەغدا مەرجی قورس و وادەی دیاریکراو بۆ دارایی هەرێم دادەنێت

هیوا جەمال لە بەرنامەکەدا ئاشکرای کرد کە بەپێی رێنماییە نوێیەکانی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ جێبەجێکردنی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی، بەغدا کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر دۆسیەی قەرز و پلاندانانی دارایی هەرێمی کوردستاندا چەسپاندووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی نێو بەرنامەکە، حکومەتی عێراق چەند وادەیەکی دیاریکراوی داناوە:

•دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی حوزەیراندا خەمڵاندنی بودجەی ساڵانە پێشکەش بکات.
•رۆژی 1ی تەمموز وەک دوا وادە بۆ ناردنی خەمڵاندنی خەرجییە بەردەوامەکان دیاری کراوە.
•رێنماییەکان جەخت دەکەنەوە کە هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتی هەر دواکەوتنێک لە ئەستۆ دەگرێت.
•دەبێت "سنووری زیادبوونی ساڵانەی قەرز" و گەرەنتییە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە دیاری بکرێن.

ناکۆکی لەسەر لیستی تیرۆر؛ سوودانی رەتیدەکاتەوە و بەڵگەنامەکان دەیسەلمێنن

تەوەرێکی دیکەی بەرنامەکە تایبەت بوو بەو مشتومڕەی لەسەر بوونی ناوی "حیزبوڵڵا و حوسییەکان" لە لیستی سڕکردنی پارەی عێراق دروستبووە.

لە بەرنامەکەدا ئاماژە بەوە کرا، سەرەڕای ئەوەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە "ئەو گرووپانە هیچ هەژمارێکیان لە عێراق نییە و بڵاوکردنەوەی ناوەکە هەڵە بووە"، بەڵام بەدواداچوونەکان دەریدەخەن لە ژمارە 4848ی رۆژنامەی وەقایعی عێراقیدا، هێشتا ناوەکان لا نەبراون.
بەپێی ئەو ئامارانەی هیوا جەمال خستنیەڕوو، لەو ژمارەیەدا 139 کەس و 24 گرووپ لە لیستی سڕکردنی پارە (تیرۆر)دان، لەنێویاندا داعش، قاعیدە، حیزبوڵڵا و حوسییەکان هەن.

نهێنییەکانی سووریا: "ئێمە دەڕۆین، هەموو شتێک کۆتاییهات"

بەرنامەکە پەردەی لەسەر وردەکاریی کشانەوەی ئێران لە سووریا لە ساڵی 2024 هەڵدایەوە. بەپێی گێڕانەوەکان، سێ رۆژ بەر لە رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، فەرماندە ئێرانییەکان بە ئەفسەرە سوورییەکانیان راگەیاندووە: "ئێمە دەڕۆین، هەموو شتێک کۆتاییهات."

هەروەها ئاماژە بەوە کرا کە نزیکەی 4000 کارمەندی سەربازیی ئێرانی بەپەلە لەڕێگەی بنکەی حمێمیم و رێگە وشکانییەکانەوە هەڵاتوون، بەجۆرێک تەنانەت پاسپۆرت و ناسنامەکانیشیان لەدوای خۆیان بەجێهێشتووە.
سەبارەت بە دۆخی ئێستای سووریا، بەرنامەکە ئەوەی خستەڕوو کە سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵێک، دۆخی ئابووری سەختە:
•تێکڕای مووچەی فەرمانبەرێک نزیکەی 88 هەزار دیناری عێراقییە.
•نرخی یەک کیلۆ تەماتە گەیشتووەتە 500 دیناری عێراقی.
•پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2026 هەڵاوسان بگاتە 130%.

شەپۆلی بارانبارین و پیسبوونی هەوا

لەبارەی کەشوهەواوە، بەرنامەکە هۆشداریدا کە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و تاوەکو چوارشەممە بەردەوام دەبێت، مەترسی لافاو لە ناوچە نزمەکان هەیە. هەروەها لە رۆژئاوای کوردستان (قامشلۆ و عەفرین) لێزمەباران دەبێت.

لە باکووری کوردستانیش، شاری ئیدر بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و بەکارهێنانی خەڵووز، وەک خاوەنی "پیسترین هەوا" لەسەر ئاستی تورکیا دەستنیشانکرا.

هەواڵە سیاسی و ئابوورییەکانی دیکەی نێو بەرنامەکە

کۆنسووڵخانە نوێیەکەی ئەمریکا

 کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بە تێچووی نزیکەی 800 ملیۆن دۆلار وەک گەورەترین کۆنسووڵخانە لە جیهاندا وەسف دەکرێت.

داهاتی گومرگ

دەستەی گومرگی عێراق رایگەیاند، داهاتی ساڵی 2025 ژمارەی پێوانەیی شکاندووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 2.4 تریلیۆن دینار.

تورکیا و هەسەدە

سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رەتیکردەوە هیچ کۆبوونەوەیەک لەنێوان ئەردۆغان و مەزڵووم عەبدی بکرێت.

کۆنووسی ئیمراڵی

جەنگیز چاندار رایگەیاند، ئەو کۆنووسە کورتکراوەیەی بڵاوکراوەتەوە لەبارەی دیداری ئیمراڵی "ساختەیە" و کۆنووسی ئەسڵی شاردراوەتەوە.

کێشەی گوندی گورزەیی

لە گوندی گورزەیی سەر بە پردێ، گرژی لەنێوان جووتیاران و سوپای عێراق لەسەر دروێنەی گەنمەشامی دروستبوو، بڕیارە پارێزگاری کەرکووک دەستوەردان بکات.

رێگەی هەولێر – کۆیە

 بڕیارە لە سەرەتای ساڵی نوێدا، رێگەیەکی سەرەکی لە دەروازەی هەولێر (رێگەی هەولێر-کۆیە و گۆمەسپان) تەواوبکرێت.

کە خەوتبوویت چی روویدا؟ 

وەک بەشێکی نەگۆڕی بەرنامەکە، گرنگترین ئەو هەواڵانەی شەوی رابردوو روویانداوە خرانەڕوو:

•رووسیا: درۆنێک لە ناوچەی ڤۆڵگۆگراد کەوتە خوارەوە بەبێ زیانی گیانی.
•ئالاسکا: بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.8 پلەی رێختەر ناوچەی یاکوتاتی هەژاند.
•ئەفریقا: سوپای نێجیریا بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و هاوکاری، چووە نێو خاک و ئاسمانی وڵاتی بەنین.
•ئاسیا: لە سنووری تایلەند و کەمبۆدیا پێکدادان روویدا و سەربازێکی تایلەندی کوژرا.
•لێدوانەکەی ترەمپ: دۆناڵد ترەمپ نیگەرانی دەربڕی کە زێلێنسکی هێشتا پلانی ئاشتی نەخوێندووەتەوە، لەکاتێکدا رووسیا رازییە.

ئەمڕۆ چی روودەدات؟

لەکۆتایی بەرنامەکەدا تیشک خرایە سەر گرنگترین رووداوە چاوەڕوانکراوەکانی ئەمڕۆ:
•کەشوهەوا: شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و هۆشداری لە دروستبوونی لافاو دەدرێت.
•فێستیڤاڵ: لە ئامەدی باکووری کوردستان سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم بەردەوامە.
•سیاسەت: ئەمشەو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەغدا کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی حکومەت.
•خۆپیشاندان: لە هەڵەبجە و بەغدا چالاکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەڕێوەدەچێت.
•رۆژئاوای کوردستان: رێڤەبەریی خۆسەر بەبۆنەی ساڵرۆژی رووخانی رژێمی ئەسەد، گردبوونەوە و تەقەی خۆشی قەدەخە کردووە.

رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).