گەمارۆی دەریایی، قەیرانی وزە و گۆڕانکاریی سیاسی؛ جیهان لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییدا

13 April 2026
گەمارۆی دەریایی، قەیرانی وزە و گۆڕانکاریی سیاسی؛ جیهان لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییدا

لە کاتێکدا گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران دەچنە قۆناخێکی مەترسیدارەوە و ئەمریکا گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا دەسەپێنێت، دەرهاوێشتە ئابوورییەکانی جەنگ کاریگەریی قووڵیان لەسەر بازاڕی نەوت و بژێوی خەڵک لە ناوچەکە دروست کردووە. لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش، پرسی دابەشکردنی سووتەمەنی و گۆڕانکاری لە ساڵنامەی خوێندن لە سەرووی کارە لە پێشینەکانە. ئەمڕۆ دووشەممە 13-4-2026، لە بەرنامەی "رۆژی هیوا جەمال"، تیشک دەخرێتە سەر نوێترین پێشهاتە سیاسی، سەربازی و ئابوورییەکان.

زیادبوونی پشکی گازی ماڵان لە هەرێمی کوردستان

بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستیپێکردووەتەوە و بڕیارە پشکی گازی ماڵان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت، بەرپرسانی نەوت و کانزاکان رایانگەیاندووە کە لە ئەمڕۆوە دابەشکردنی گاز لە هەولێر دەکرێتە "رۆژنارۆژێک". لە سلێمانیش بڕیارە بڕی گازی نێردراو لە 70 تۆنەوە بۆ 100 تۆن زیاد بکرێت، ئەمە لە کاتێکدایە نرخی بوتڵێک گازی حکومی 8500 دینارە، بەڵام لە بازاڕی ڕەشدا گەیشتووەتە 32 هەزار دینار.

مژدە بۆ دانیشتووانی ناوچەکانی ماددەی 140 لە هەولێر

ناوی 1546 هاونیشتمانی سنووری ماددەی 140 کە نیشتەجێی هەولێرن، بۆ وەرگرتنی کارتی گازی حکومی گەڕایەوە، ئەوانەی ناویان هاتووە دەتوانن لە ئەمڕۆوە بە مەبەستی وەرگرتنی کارتەکانیان سەردانی لایەنی پەیوەندیدار بکەن، بە مەرجێک فۆرمی خۆراک، کارتی نیشتمانیی رەسەن و کۆپییەکانیان پێبێت.

دابینکردنی دۆلار بۆ حاجییانی ئەمساڵ

بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریدا بۆ هەر حاجییەک بڕی 2000 دۆلار بە نرخی فەرمی (1320 دینار) دابین بکات. حاجییان دەتوانن لە رێگەی بانکەکانی وەک رافیدەین، رەشید و TBI داواکاری پێشکەش بکەن. ئەم بڕیارە گەشتیارانی وشکانی و ئاسمانی دەگرێتەوە و پێویستە ناویان لە لیستی دەستەی باڵای حەج و عومرەدا هەبێت.

هەمواری ساڵنامەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان

وەزارەتی پەروەردە دەسەڵاتی دایە قوتابخانەکان کە ئەگەر پڕۆگرامی خوێندنیان تەواو کردووە، دەست بە تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەم بکەن، بەو مەرجەی 4ـی ئایار دوایین رۆژ بێت. هەروەها دڵنیایی درایە قوتابیانی پۆلی 12 کە 40 رۆژ پشوویان پێش تاقیکردنەوە وەزارییەکان دەبێت و پڕۆگرامی خوێندنیش کەم ناکرێتەوە.

345 قوتابی و مامۆستا بەهۆی بۆردوومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کوژراون 

وەزارەتی پەروەردەی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی 40 رۆژی جەنگدا، 345 قوتابی و مامۆستا بەهۆی بۆردوومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کوژراون، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە زیاتر لە 880 قوتابخانە زیانیان بەرکەوتووە.

داهاتی نەوتی عێراق گەیشتە نزمترین ئاست

بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمز، هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی ئاداردا بە شێوەیەکی مەترسیدار کەمی کردووە و داهاتەکەی بۆ کەمتر لە دوو ملیۆن دۆلار دابەزیوە، هەناردەی رۆژانە لە 3.5 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ 580 هەزار بەرمیل دابەزیوە، ئەمەش نزمترین ئاستە لە دوای ساڵی 2011ـەوە.

ترەمپ: "شتێکی باش ڕوودەدات"

دۆناڵد ترەمپ لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند کە ئێران لە بەڵێنەکەی بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز راستگۆ نەبووە. ئەو بانگەشەی ئەوە دەکات کە زۆربەی کەشتییە مینڕێژکەرەکانی ئێرانیان تێکشکاندووە و ئێران توانای بەرهەمهێنانی مووشەکی نەماوە. ترەمپ هەروەها رەخنەی لە وڵاتانی ناتۆ گرت کە لە کاتی پێویستدا هاوکاریی ئەمریکایان نەکردووە.

دەستپێکردنی گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سینتکۆم) رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە کاژێر 17:00 گەمارۆی دەریایی سەرجەم بەندەرەکانی ئێران لە کەنداو و دەریای عومان دەستپێدەکات، هەر کەشتییەک باج بە ئێران بدات، رێگری لێدەکرێت. لە بەرامبەردا، ئێران هەڕەشەی توند دەکات و دەڵێت کۆنترۆڵی تەواوی تەنگەی هورمزیان لەدەستە.

شکستی دانوستاندنەکانی ئیسلام ئاباد

هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە پاکستان شکستی هێنا، لایەنی ئێرانی دەڵێت ئەمریکا داوای پشکی لە داهاتی تەنگەی هورمز و راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمی کردووە بۆ ماوەی 20 ساڵ، کە ئەمانە لەلایەن تارانەوە رەتکراونەتەوە.

ئایا جێگرەوەکانی تەنگەی هورمز کاران؟

ئامارە ئابوورییەکان دەریدەخەن کە بەندەرەکانی یەنبووع، جەیهان و عەقەبە ناتوانن جێگەی تەنگەی هورمز بگرنەوە. لە کاتێکدا جیهان پێویستی بە 25 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی ناوچەکەیە، ئەم بەندەرانە پێکەوە تەنیا توانای هەناردەکردنی 6 بۆ 7 ملیۆن بەرمیلیان هەیە.

قالیباف گاڵتە بە نرخی بەنزین لە ئەمریکا دەکات

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وێنەی نرخی بەنزینی لە واشنتن بڵاوکردەوە و هۆشداری دا کە بەهۆی داخرانی تەنگەی هورمزەوە، ئەمریکییەکان دەبێت خەون بەو نرخە "هەرزانەی" ئێستاوە ببینن، چونکە نرخەکان بە شێوەیەکی بێ وێنە بەرز دەبنەوە.

دابەشبوونی جیهان لەسەر بەکارهێنانی هێز دژی ئێران

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دابەش بووە؛ ئەمریکا و بەحرەین لایەنگری بەکارهێنانی هێزی سەربازین بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، بەڵام ڕووسیا، چین، فەرەنسا و ئەڵمانیا بە توندی دژی هەر دەستێوەردانێکی سەربازیی وەستاونەتەوە.

گەڕی نوێی دانوستاندنە نهێنییەکان

سەرەڕای گرژییەکان، هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە هێشتا دەرگای دیپلۆماسی دانەخراوە و رەنگە لە ماوەیەکی کورتدا گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکان لە ژێر گوشاری وڵاتانی نێوەندگیردا دەستپێبکاتەوە.

وردەکاریی کۆبوونەوە نهێنییەکەی واژۆکردنی جەنگ

راپۆرتەکان پەردە لەسەر کۆبوونەوەیەکی 11ی شوبات لادەدەن کە تێیدا نەتەنیاهوو داوای گۆڕینی رژێمی تارانی کردووە. لە ناو کۆشکی سپیدا جەی دی ڤانس دژی جەنگەکە بووە، بەڵام وەزیری جەنگ پشتگیری کردووە. جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری CIA هۆشداریی داوە کە ئێران چەکەکانی لە قووڵایی چیاکاندا شاردووەتەوە.

گوتەبێژی حکومەتی ئێران: "ئێمەش ناترسین و بێ پەناگەین"

فاتیمە مهاجەرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران لە گێڕانەوەیەکی سەرنجڕاکێشدا باسی لەوە کرد کە ئەوانیش وەک خەڵک لە کاتی بۆردومانەکاندا دەچنە ناو پارکینگی ماڵەکانیان و هیچ پەناگەیەکی تایبەتیان نییە، و دەڵێت "ئێمەش یەکێکین لەم خەڵکە".

نیویۆرک تایمز: ترەمپ لە "تەڵە"دایە

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز شیکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە و دەڵێت ترەمپ لە جەنگی ئێراندا گیری خواردووە؛ نە دەتوانێت لێی بێتە دەرەوە و نە دەتوانێت سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوەش بەدەستبهێنێت، لە کاتێکدا چین و ڕووسیا وەک گەورەترین براوەی ئەم دۆخە سەیر دەکرێن.

شکستی ڤیکتۆر ئۆربان لە هەنگاریا

هاوپەیمانە نزیکەکەی ترەمپ، ڤیکتۆر ئۆربان، دوای 16 ساڵ لە دەسەڵات شکستی هێنا. پیتەر ماگیار، نەیاری سەرسەختی ئۆربان، توانی سەرکەوتنێکی مێژوویی بەدەستبهێنێت. ئەم گۆڕانکارییە وەک گورزێک بۆ بەرەی ڕووسیا و ترەمپ لە ناو یەکێتیی ئەورووپادا دەبینرێت.

پیتەر ماگیار سەرکەوتنی بەسەر ئۆربان راگەیاند

پیتەر ماگیار، پارێزەر و ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا، توانی لە رێگەی ورووژاندنی دۆسیەکانی گەندەڵی و تووڕەیی خەڵک، کۆتایی بە هەژموونی ئۆربان بهێنێت. ئەو پێشتر لە ناو پارتی دەسەڵاتدار بووە بەڵام ساڵی 2024 جیابووەوە.

هێرشی توندی ترەمپ بۆ سەر پاپای ڤاتیکان

دۆناڵد ترەمپ هێرشی کردە سەر پاپا لیۆ و بە "لاواز" وەسفی کرد. ترەمپ دەڵێت پاپا لە سیاسەتی دەرەوە تێناگات و پێی وایە کەنیسە تەنیا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەودا پاپایەکی ئەمریکی هەڵبژاردووە. ئەم کاردانەوەیە دوای ئەوە دێت کە پاپا چەند جارێک داوای راگرتنی جەنگی کردبوو.

رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).