دۆزەخی بەغدا.. چیرۆکە نەبیستراوەکانی 903 رۆژ رفاندن

17 March 2026
دۆزەخی بەغدا.. چیرۆکە نەبیستراوەکانی 903 رۆژ رفاندن

ئەمڕۆ لە بەرنامەی "رۆژی هیوا جەمال"، تەنیا هەواڵ ناخوێنینەوە، بەڵکو پەردە لەسەر ئەو ڕووداوانە لادەدەین کە جیهانیان هەژاندووە. لە ماوەی 50 خولەکی ئەمڕۆدا، گەشتێک دەکەین بە ناو دووکەڵی تاران، کۆبوونەوەکانی بەغدا، و ئەو ژێرزەمینە نادیارانەی عێراق کە درۆنەکانی تێدا حەشار دراوە. ئەگەر دەتەوێت بزانیت بۆچی دۆناڵد ترەمپ بە "شێت" وەسف دەکرێت و کێ لە بەغدا بڕیاری شەڕ و ئاشتی دەدات، ئەم ڕاپۆرتە و ڤیدیۆی بەرنامەکە  ببینە.

هەولێر؛ قەڵایەک لە بەرامبەر درۆنەکاندا

بەرنامەکەمان بە هەواڵێکی گەرم لە پایتەختی هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکرد. تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا، هەولێر رووبەڕووی یەکێک لە سەختترین تاقیکردنەوە ئەمنییەکان بووەوە. 21 هێرش تێکشکێنران؛ یەکێکیان رێک لەگەڵ بانگی بەیانی لە ئاسمانی شارەکە راوکرا، دوێنێش 20 هێرشی دیکە پووچەڵکرانەوە. لە دەستپێکی ئەم جەنگەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 315 مووشەک و درۆن ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون. ئێمە لە "رۆژی هیوا جەمال" وردەکاری ئەو هێرشانەمان دەستکەوتووە.

بەغدا؛ شەوی درۆنەکان و فەرمانی سوودانی

بەغدا شەوێکی پڕ لە ترس و تەقینەوەی بەڕێکرد. باڵیۆزخانەی ئەمریکا و ناوچەی جادرییە بوونە ئامانجی درۆن و مووشەکەکان. لەم بەرنامەیەدا، ڤیدیۆیەکی پڕمشتومڕ لە سنووری قائیم پیشان دەدەین؛ ئایا سوپای عێراق لە بەرامبەر گروپە چەکدارەکاندا کشاوەتەوە؟ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە تووڕەییەوە هاتە دەنگ و فەرمانی دەستگیرکردنی دەستبەجێی بۆ هێرشبەرانی کێڵگەی مەجنوون و باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەرکرد. سوودانی دەڵێت "ئاسایش هێڵی سوورە"، بەڵام ئایا دەتوانێت دەستی بەو کەسانە بگات؟

 شەڕی نەوت و 3 کۆبوونەوەکەی بەغدا

ئەمڕۆ بەغدا دەکوڵێت؛ 3 کۆبوونەوە لە ئارادان راستەوخۆ پەیوەندییان بە خەڵکەوە هەیە:

•کۆبوونەوەی نەوت:  ئەمریکا سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاین دەکات بۆ گواستنەوەی نەوتی کەرکوک. هەرێمی کوردستان مەرجی هەیە: "ئابلۆقەی دۆلار و بازرگانی لابدەن".
•کۆبوونەوەی وەزیران:  حکومەتی عێراق بڕیار لەبارەی درێژکردنەوەی گرێبەستی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان دەدات.
•کۆبوونەوەی نوێنەران:  وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری سامانە سروشتییەکان رووبەڕوو دەبنەوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکی "پارشێوانەدا" هێرشی توندی کردە سەر هەرێمی کوردستان و هەڕەشەی یاسایی دەکات. لە بەرنامەکەدا دەپرسین؛ ئایا بە راستی بۆری نەوتی کەرکوک-جەیهان لە یەک هەفتەدا ئامادە دەبێت؟

تاران لە ژێر بۆردومانی چڕدا؛ 22 ناوچە لە یەک رۆژدا

دیمەنەکان لە تارانەوە تۆقێنەرن. تەنیا لە رۆژێکدا 22 گەڕەک و ناوچەی تاران بۆردومان کراون. 18,000 یەکەی نیشتەجێبوون خاپوورکراون. جگە لە تاران، 9 شاری دیکە لەژێر ئاگردا بوون. لەم بەرنامەیەدا، شرۆڤەی رۆژنامە ئێرانییەکان دەکەین؛ بۆچی ترەمپ بە "شێت" و وێنەکان بە "AI" دەبینن؟ هەروەها باس لە نامەگۆڕینەوە نهێنییەکانی نێوان عێراقچی و ویتکۆف دەکەین.

چیرۆکی 903 رۆژ لە دۆزەخی بەغدا

ئەمە کاریگەرترین بەشی بەرنامەکەمانە. ئێلیزابێس تسورکۆڤ، ئەو توێژەرەی  کەتائیبی حیزبوڵڵا لە بەغدا رفاندبوویان، بۆ یەکەمجار چیرۆکی 903 رۆژ زیندانیکردنی دەگێڕێتەوە. لە پشکنینی ناو ددانەکان بۆ دۆزینەوەی GPS، تاوەکو ئەشکەنجەی "عەقرەب" و ئەو لێکۆڵەرەی جگەرەی ئەلیکترۆنی (Vape) بە تامی فراولە دەکرد بە دەموچاویدا. ئێلیزابێس لە 21ی ئاداری 2023 رفێندرا و لە 9ی ئەیلوولی 2025 ئازادکرا. ئەم چیرۆکە رەهەندە شاراوەکانی عەقڵیەتی گروپە چەکدارەکانتان بۆ دەردەخات.

ژێرزەمینە پڕ لە درۆنەکانی عێراق

ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی دیمەنێکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا گرووپە چەکدارەکانی عێراق لە ناو بنکەی ژێر زەوییەوە درۆن هەڵدەدەن. شرۆڤەکارەکە دەڵێت "ئەم بنکانە لە ژێر لووتی ئەمریکییەکاندا دروستکراون". ئێمە لەم بەرنامەیەدا ئەو ڤیدیۆیە و پەیامە ئەندازیارییە سەربازییەکانی پشت ئەو بنکانە دەخەینە روو کە لە سەرانسەری عێراقدا بڵاوکراونەتەوە.

 

رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).