لە هەنگاوی یەکێتی و نەوەی نوێ بۆ حکومەتەوە تاوەکو دانپێدانانی مێژوویی سووریا بە مافی کورد

17 January 2026
لە هەنگاوی یەکێتی و نەوەی نوێ بۆ حکومەتەوە تاوەکو دانپێدانانی مێژوویی سووریا بە مافی کورد

لە کاتێکدا دەرگاکانی رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی بە داخراوی دەمێننەوە، جووڵەیەکی سیاسیی نوێ و چاوەڕواننەکراو لە سلێمانییەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم دەستپێدەکات. هاوکات لە دیمەشقەوە، بۆ یەکەمجار لە مێژووی سووریادا بە مەرسوومێکی سەرۆکایەتی دان بە مافی کورددا دەنرێت و نەخشەی سەربازیی رۆژئاوای فورات دەگۆڕێت. لە بەغداش ساڵی ٢٠٢٦ بە "سکهەڵوشین" و بڕیاری ئابووریی تووند دەستپێدەکات و دۆناڵد ترەمپیش لە واشنتنەوە بە لێدوانێک برینی عێراقییەکان دەکولێنێتەوە. 

کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید بۆ "کابینەی دەیەم"

دوای ساڵێک لە گفتوگۆی بێ ئەنجامی یەکێتی و پارتی، ئەمڕۆ شەممە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا دەچێتە لای شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ. ئەم کۆبوونەوەیە دوای دەستپێشخەرییەکی شاسوار عەبدولواحید دێت بۆ پێکهێنانی حکومەت. بەگوێرەی زانیارییەکان، ناکۆکیی سەرەکیی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی وەزیری ناوخۆیە کە هەردوولا داوای دەکەن.

بڕیارە "تووندەکانی" ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بۆ ٢٠٢٦

حکومەتی عێراق پاکێجێکی نوێی بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان پەسەند کردووە. بڕیارەکان بریتین لە: قەدەخەکردنی دامەزراندنی گرێبەست و رۆژانە، وردبینیکردنی مووچەی فەرمانبەران، بڕینی دەرماڵەی خزمەتی زانکۆیی بۆ ئەوانەی وانە ناڵێنەوە، کەمکردنەوەی بودجەی دەستپێشخەرییە پەروەردەییەکان بە رێژەی ٥٠٪ و راگرتنی خوێندن لە دەرەوەی وڵات. هەروەها دەبێت فەرمانگە "خۆژینەکان" ٨٠٪ی داهاتەکەیان بۆ گەنجینەی دەوڵەت بگەڕێننەوە.

کشانەوەی هەسەدە و دانپێدانانی مێژوویی سووریا بە مافی کورد

لەسەر ئاستی مەیدانی، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە رایگەیاند، هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی حەلەب و رۆژئاوای فورات دەکشێننەوە بۆ رۆژهەڵاتی فورات، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی رێککەوتنی ١٠ی ئاداری ٢٠٢٥. وەزارەتی بەرگریی سووریا پێشوازی لەم هەنگاوە کردووە و سوپای خۆی لەو ناوچانە بڵاودەکاتەوە.

هاوکات ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا مەرسوومی ژمارە (١٣)ی واژۆ کرد کە تێیدا دان بە مافی نەتەوەیی، زمانی و کولتووریی کورد دەنێت، کێشەی بێ ناسنامەیی (مەکتومەکان) چارەسەر دەکات و نەورۆزی کردە پشووی فەرمی. وەزارەتەکانی سووریاش دەستبەجێ پشتیوانیی خۆیان بۆ بڕیارەکە دووپاتکردەوە.

یاساناسێک لەبارەی مەرسوومەکەی سووریا: هەنگاوێکی باشە بۆ متمانە، بەڵام جێگرەوەی دەستوور نییە

یاساناسێک رایدەگەیەنێت، مەرسوومە نوێیەکەی سەرۆکایەتیی سووریا بۆ داننان بە مافی کورد، هەنگاوێکی باشە بۆ دروستکردنی متمانە و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە "مەرسووم هێزی یاسایی تەواوی نییە و دەبێت مافەکانی کورد لە دەستووری وڵاتدا جێگیر بکرێن."
د. خالید جەبر، یاساناس، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی مەرسوومی ژمارە 13ی ساڵی 2026ی سەرۆکایەتیی سووریا گوتی: "ئەم مەرسوومە زیاتر بۆ دروستکردنی متمانەیە لەنێوان کورد و حکومەتی دیمەشق، بەڵام نابێت کورد پێی وابێت کە ئەمە کۆتایی رێگەکەیە. مەرسووم ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی دەستوور، چونکە هەر کاتێک سەرۆک یان دەسەڵاتی ناوەندی ویستی، دەتوانێت بە مەرسوومێکی دیکە هەڵیوەشێنێتەوە." 

کۆبوونەوەی هەولێر؛ نێچیرڤان بارزانی نێوەندگیری دەکات

پێگەی ئەل مۆنیتۆر ئاشکرای کردووە، ئەمڕۆ بە نێوەندگیریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بڕیارە تۆم باراک، نێردەی تایبەتیی ئەمریکا و مەزڵووم عەبدی لە هەولێر کۆببنەوە بۆ رێگریکردن لە شەڕی نێوان هەسەدە و دیمەشق.

ترەمپ: عێراق لەبری کارکردن داعشی دروستکرد

دۆناڵد ترەمپ رەخنەی تووندی لە ئەزموونی رابردووی ئەمریکا لە عێراق گرت و رایگەیاند، دەرکردنی ژەنەراڵ و پۆلیسەکانی عێراق بووە هۆی دروستبوونی داعش، بۆیە نایەوێت هەمان هەڵە لە ڤەنزوێلا دووبارە بکاتەوە. لەبارەی ئێرانیشەوە، ترەمپ سوپاسی تارانی کرد بۆ راگرتنی لەسێدارەدانی ٨٠٠ کەس و رایگەیاند کە ئەوە کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی هەبووە.

پەیامی کونسوڵخانەی ئێران و هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان

کونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر لە پەیامێکدا داوای لە خەڵکی هەرێمی کوردستان کردووە نەکەونە ژێر کاریگەریی میدیاکان و وەک دۆست بمێننەوە. لە بەرامبەردا، گرووپی "سەرایا ئەولیا دەم" هەڕەشەی جەنگ دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکات و بەرگریکردن لە ئێران بە "جیهاد" ناودەبات.

گرێبەستی پەیوەندیی سەربازیی عێراق و ئەمریکا

ئەمریکا بە بەهای ١١٠ ملیۆن دۆلار سیستمی پەیوەندیی سەربازی (VSAT) دەفرۆشێتە عێراق بۆ پاراستنی زانیارییە سەربازییەکان، ئەم گرێبەستە چەک لەخۆناگرێت و تەنیا بۆ پەیوەندییە.

دزییەکی گەورە لە ئیستەنبووڵ

لە کۆتایی هەواڵەکاندا، لە ئیستەنبووڵ کەسێکی دەمامکدار بە رۆژی رووناک بایی ٧٠ هەزار دۆلار زێڕی لە زێڕینگرێک دزی و هەڵات، پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێت.

رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).