لە گۆڕینی پلانی یەکێتی بۆ کابینەی دەیەم تاوەکو فێڵە نوێیەکەی سوپای عەرەبیی سووریا

18 January 2026
لە گۆڕینی پلانی یەکێتی بۆ کابینەی دەیەم تاوەکو فێڵە نوێیەکەی سوپای عەرەبیی سووریا

لەم بەرنامەیەی (رۆژی هیوا جەمال)دا کە رۆژی یەکشەممە ١٨-١-٢٠٢٦ لە تۆڕی میدیایی رووداو پەخش کرا، کۆمەڵێک دۆسیەی گرنگ خرانە روو. یەکێتی بۆ کابینەی دەیەم نەخشەیەکی نوێی داڕشتووە، لە عێراق کێبڕکێی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران گەرمە، لە سووریا شەڕی دەروونی و سەربازی لە دژی هەسەدە چڕ بووەتەوە و ئەمریکاش بنکەیەکی گرنگی لە عێراق چۆڵ کرد.

پاکێجێکی نوێی یەکێتی بۆ کابینەی دەیەم و سەرۆککۆمار

بەگوێرەی زانیارییەکان، یەکێتی داواکارییەکانی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم گۆڕیوە و پاکێجێکی نوێی ئامادە کردووە کە پۆستەکان دەکاتە دوو ستوونەوە و دەیخاتە بەردەم پارتی. ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، یەکێتی و نەوەی نوێ داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن. لەبارەی سەرۆککۆماریشەوە، یەکێتی بە بەربژێری خۆی دەچێتە کێبڕکێ و هەر ئەندامێکیش پابەند نەبێت لە حیزب دەردەکرێت.

مشتومڕی بافڵ تاڵەبانی و شاخەوان عەبدوڵڵا

دوای لێدوانەکەی بافڵ تاڵەبانی لەسەر دوو بەربژێری بۆ سەرۆککۆمار، شاخەوان عەبدوڵڵا وەڵامی دایەوە و رایگەیاند بافڵ تاڵەبانی لە بەغدا "یاریپێکراوە نەک یاریکەر". شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد کە پارتی توانیویەتی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێتەوە و کشانەوەی ئەویش پیلانگێڕییەکانی لەگۆڕ ناوە.

مالیکی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی

هێشتا چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر بەربژێری سەرۆکوەزیران یەکلایی نەبووەتەوە. دەوڵەتی یاسا و بەدر دەڵێن رێککەوتن لەسەر نووری مالیکی کراوە، بەڵام رەوتی حیلمە و حیکمە ئەو زانیارییانە رەتدەکەنەوە.

کشانەوەی تەواوەتیی ئەمریکا لە عەین ئەسەد

سوپای عێراق کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەدی راگەیاند، دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا بە تەواوی کشاونەتەوە و تەنانەت کەلوپەلە سەربازییەکانیشیان بردووە.

قەیرانی ئاو لە پەرلەمانی عێراق

سبەی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەسەر قەیرانی ئاو ئەنجام دەدات، بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوە و سەرچاوە ئاوییەکان، بۆ تاوتوێکردنی مەترسییەکانی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاو لە دیجلە و فورات.

جەنگی دەروونی و سەربازی لە دژی هەسەدە

سوپای سووریا ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی بۆ ترساندنی خەڵک لە تەبقە و رەققە دروست کردووە و دەیەوێت هەسەدە ناچار بە پاشەکشە بکات. ئەبوو عەلی بەرەد، جێگری مەزڵووم عەبدی رایگەیاند، دیمەشق رێککەوتنەکانی پێشێل کردووە و بە چەکی قورس هێرش دەکات. هاوکات چەکدارانی سەر بە حکومەت بە دروستکردنی ڤیدیۆی فەیک لە زیندانی تەبقە هەوڵی چەواشەکارییان داوە.

نێوەندگیریی عێراق و سەردانی فوئاد حوسێن بۆ تاران

فوئاد حوسێن گەیشتە تاران و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگ ئەنجام دەدات بۆ نێوەندگیری و کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران.

پلانی ١٢ خاڵی بۆ هەسەدە و هەڵگەڕانەوەی هۆزەکان

حکومەتی سووریا پلانێکی ١٢ خاڵی خستووەتە بەردەم هەسەدە کە تێیدا داوای تێکەڵکردنی تاکەکەسیی هێزەکانیان بە سوپا و رادەستکردنی کێڵگە نەوتییەکان دەکات. لەلایەکی دیکەوە، هۆزی بەککارە جیابوونەوەی خۆیان لە هەسەدە و چوونیان بۆ پاڵ حکومەتی سووریا راگەیاند.

ماکرۆن و نێچیرڤان بارزانی

ئیمانوێل ماکرۆن هۆشداری دایە دیمەشق و یەکپارچەیی سووریای بە تێکەڵکردنی هەسەدەوە گرێدا. هەروەها لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، تاوتوێی دۆخی سووریایان کرد. نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ نێردەی ئەمریکا و فەرماندەی هەسەدەش کۆبووەوە و جەختی لە پاراستنی مافی کورد لە سووریا کردەوە.

رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).