پەیامەکەی ترەمپ، پەیوەندیی دیمەشق و سەرۆک بارزانی و دۆخی ئاڵۆزی رۆژئاوای کوردستان

21 January 2026
پەیامەکەی ترەمپ، پەیوەندیی دیمەشق و سەرۆک بارزانی و دۆخی ئاڵۆزی رۆژئاوای کوردستان

ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی کانوونی دووەمی 2026، لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، کۆمەڵێک پێشهاتی گرنگ و هەستیار سەبارەت بە دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان خرانەڕوو. لە نوێترین لێدوانیدا دۆناڵد ترەمپ هەڵوێستی خۆی لەسەر کورد نوێکردەوە، هاوکات جوڵەی دیپلۆماسی لەنێوان هەولێر، بەغدا و دیمەشق بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە دەستیپێکردووە و مەترسییەکانی داعش و ئاوارەبوونی خەڵکیش روو لە زیادبوونن.

ترەمپ بۆ رووداو: کوردم خۆشدەوێت، بەڵام پارەی زۆریان وەرگرتووە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە پاراستنی کورد لە سووریا، رایگەیاند کە کوردەکانی خۆشدەوێت و پەیوەندییان باشە، بەڵام جەختی کردەوە کە "پارەیەکی زۆر و نەوتیان پێدراوە" و شەڕەکەیان زیاتر بۆ خۆیان کردووە تا ئەمریکا.

پەیوەندیی تەلەفۆنیی دیمەشق و سەرۆک بارزانی

ئەحمەد شەرع، لە سەرۆکایەتیی کۆماری سووریاوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی ئەنجامدا. شەرع بەڵێنی داوە کە "تەواوی مافە نەتەوەیی، سیاسی و مەدەنییەکانی کورد لە سووریا پارێزراو دەبن." سەرۆک بارزانیش پشتیوانیی خۆی بۆ رێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە دەربڕی.

وەزارەتی نێوخۆی عێراق: سنوورەکان بەتەواوی پارێزراون

میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی نێوخۆی عێراق لەسەر سنووری سووریاوە پەیامی دڵنیایی دایە هاووڵاتیان و رایگەیاند، هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە ئامادەباشی تەواودان و رێگە بە هیچ دەستدرێژییەک نادرێت. سەربازانیش بە "هۆسە" پەیامی بەرگرییان نارد.

فەرماندەی یەپەژە: بە پشتیوانیی کوردانی جیهان سەردەکەوین

نەسرین عەبدوڵڵا، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە کۆبانێوە داوای لە کوردانی هەر چوارپارچە و تاراوگە کرد پشتیوانییەکانیان چڕتر بکەنەوە و رایگەیاند: "ژیانی بێ کەرامەت قبوڵ ناکەین و بەرخۆدان ژیانە."

قەیرانی مرۆیی: 25 هەزار ئاوارە لە 48 کاژێردا

بەپێی راپۆرتەکان، لە ماوەی دوو رۆژدا زیاتر لە 25 هەزار کەس لە رەقە و تەبقەوە ئاوارەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە (حەسەکە و قامشلۆ) بوون. دۆخی خزمەتگوزاری لە 111 ناوەندی حەوانەوە خراپە و ئاو و کارەبا لەسەر کۆبانێ بڕدراوە.

وەزارەتی بەرگریی سووریا: دان بە ستەمی رابردوودا دەنێین

حەسەن عەبدولغەنی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سووریا لە پەیامێکدا دانی بە ستەمی 50 ساڵەی سەر کورددا نا و بەڵێنی گێڕانەوەی مافەکانیانی دا. هاوکات هۆشداری دایە هەسەدە پابەندی ئاگربەست بن و ئامادەیی نیشاندا بۆ وەرگرتنەوەی زیندانەکانی داعش.

تەقینەوەکان لە قامیشلۆ

دوو تەقینەوە (یەکێکیان بە درۆن و ئەوی دیکە خۆکووژی) شاری قامیشلۆیان هەژاند. هێرشەکان گەڕەکی عویجە و گەراجی نەخۆشخانەیەکیان کردە ئامانج، بەڵام تەنیا زیانی ماددی لێکەوتەوە.

سەرۆکی زانایانی عێراق: بێدەنگی بەرامبەر کوشتنی کورد رەوا نییە

د. خالید مەلا، سەرۆکی جەماعەتی زانایانی عێراق رەخنەی توندی لە بێدەنگیی جیهانی ئیسلامی گرت بەرامبەر ئەو کارەسات و "بەکەنیزەکردنەی" رووبەڕووی کورد دەبێتەوە و داوای هەڵوێستی راشکاوی کرد.

سوودانی و مەزڵووم عەبدی تاوتوێی مەترسیی داعش دەکەن

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، محەممەد شیاع سوودانی بە فەرماندەی هەسەدەی راگەیاند کە دەبێت رێگری لە هەڵاتنی تیرۆریستانی داعش لە زیندانەکان بکرێت و جەختی لە چارەسەری ئاشتیانە کردەوە.

هێزەکانی سووریا دەچنە نێو کەمپی هۆل

دوای کشانەوەی هەسەدە بەهۆی فشارەکانەوە، هێزەکانی حکومەتی سووریا بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە چوونە نێو کەمپی هۆل، کە مەترسیدارترین کەمپی خێزانەکانی داعشە.

کەتائیبی سەیدولشوهەدا: ئامادەین بەرگری لە کورد بکەین

ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا بە کوردی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئامادەن هاوشێوەی ناوچە سوننییەکان، بەرگری لە "کەسوکارە کوردەکەیان" بکەن دژی تیرۆر.

نوێنەری سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان: هەسەدە دەرگای بۆ داعش کردەوە

ئیبراهیم عولەبی، نوێنەری سووریا لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری رووداو، هەسەدەی تۆمەتبار کرد بەوەی بە ئەنقەست زیندانیانی داعشی ئازاد کردووە، هەروەها بەڵێنی لێکۆڵینەوەی دا لە ڤیدیۆی سووکایەتیکردن بە تەرمی شەڕڤانان.

سەدر داوای پێکهێنانی ئەنجوومەنی ئەمنیی هۆزەکان دەکات

موقتەدا سەدر لە پەیامێکی 5 خاڵیدا رایگەیاند "تیرۆر نوێنەرایەتی سوننە ناکات" و داوای لە هۆزەکانی عێراق کرد ئەنجوومەنێکی ئەمنی بۆ پاراستنی وڵات پێکبهێنن.

فەرمانی سوودانی بۆ پشتیوانیی پێشمەرگە

لە کۆبوونەوەیەکی ئەمنی نائاساییدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کرد بەدواداچوون بۆ پێداویستییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە بکرێت و پاڵپشتی تەواویان بۆ دابین بکرێت.

رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).