كۆگەكان پڕن لە خۆراك ‌و سەرۆكی ژووری بازرگانی دەڵێت، "ترستان نەبێت"

09 March 2022
كۆگەكان پڕن لە خۆراك ‌و سەرۆكی ژووری بازرگانی دەڵێت، "ترستان نەبێت"
 
بەرهەمی كۆگاكراوی هەرێمی كوردستان بەشی چەند دەكات، ‏كاریگەری ‏جەنگی ئۆكراینا ‌و رووسیا لەسەر ئاڵۆگۆڕی ‏بازرگانی چی بووە ‌و جەنگی ‏‏رووسیا- ئۆكرینا كاریگەریی لەسەر بازاڕەكانی ‏كوردستان دروستكردووە؟ ‏ئایا بەرپرسانی ئیدارەی خۆراكی زیادەیان بۆ ماڵەكانی خۆیان كڕیوە؟ لەم ‏بەرنامەیەدا وەڵامی ئەو پرسیاران دەدرێتەوە یەكێك لە میوانەكانیش ‏دەڵێت، ‏"پێویستە مەلای مزگەوتەكان، كڕینی خۆراك زیادە لەم دۆخەدا حەرام ‏بكەن"‏.‏
 
ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی ئەوەی خستەڕوو كۆگەكانی خۆراك لە ‏سلێمانی ‌و شارەكانی دیكەش پڕ لە خۆراك پێویستە بە دڵەڕاوكێ‌ ناكات. ‏گلەیی لە وەزارەتی تەندروستیش كرد بەوەی مۆڵەتی هێنانی رۆنی ‏گەڕاندووەتەوە بۆ دیوانی وەزارەت، نەك بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان، ئەو ‏دەڵێت "لەجیاتی وەزارەت دەكرێت ئەو دەسەڵاتە بدرێتە بەڕێوەبەرە ‏گشتییەكان، چونكە بەشێك لە‌و كەم رۆنەی ئێستا هەیە پەیوەندی بەو ‏هۆكارەوە هەیە".‏
 
قایمقامی سلێمانی كۆمەڵێك ئاماری خستەڕوو و گوتی، "تەنیا لە دەروازەی باشماخ لە ‏مانگی یەك 1769 بار‌ و لە مانگی دوو 2200 بار ‌و لە یەك هەفتەی مانگی ‏سێش 375 بار خۆراك ‌و پێداویستی هاتووەتە هەرێمی كوردستانەوە ئیدی بۆچی ‏قەیران دروست بێت".‏
 
‏عەبدوڵڵا گەڵاڵی، كە وەك جووتیارێك لە بەرنامەكەدا بەشداربوو ئاماژەی ‏بەوەدا كە ئەمساڵ لەگەڵ دواكەوتنی باران بەڵام گەنمێكی باش ‏بەرهەمهاتووە، جەختی لەوەش كردەوە، لەگەڵ ئەوەی پێویستە مەلای ‏مزگەوتەكان لەم دۆخەدا كڕینی خۆراك ‌و كاڵای زیادە "حەرام" بكەن داوای لە ‏بازرگانانیش كرد ئەو خۆراكەی بە هەرزان بۆیان هاتووە گرانی نەكەن.‏
 
سۆران ‌‌عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری ‏چاودێریی ‏بازرگانیی ‏سلێمانی وەك ‏میوانێكی دیكەی بەرنامەكە ئەوەی خستەڕوو پێشنیازی ئەوەیان كردووە ئەم ‏ماوەیە گومرگ لەسەر خۆراك هەڵبگرن.‏
 
شەریف رەسوول، خاوەنی كۆمپانیای سەفرە ‏وەك میوانێكی دیكەی ‏بەرنامەكە باسی لەوە كرد ئەو نەك كاڵا ‌و خۆراكی گران نەكردووە، بەڵكو بەپێچەوانەوە نرخەكانیش بە رێژەیەك داشكاناوە. حاجی حەسەن رەحیم، ‏بازرگانێكی دیكەی بەرنامەكە بوو ئەوەی خستەڕوو لە چەند رۆژی داهاتوو ‏پێشەنگەیەكی خۆراك ‌و كاڵا لە سلێمانی دەكرێتەوە ئەوەش وەك ‏وەڵامدانەوەیەك بۆ ئەوەی هەندێ‌ كەس كە دەڵێن گوایە خۆراك لە كۆگەكاندا ‏كەمە گوتیشی، "لەو پێشەنگەیەدا بە هەزاران تۆن خۆراك دەخرێتەڕوو".
ئەم بەرنامەیە شەوی 09-03-2022 پەخش كرا و میوانەكانیش ‏پێكهاتبوون لە:
 
‏1- ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی ‏
‏2- سیروان محەممەد، سەرۆكی ژووری بازرگانی ‌و ‏پیشەسازی ‏سلێمانی
‏3- سۆران ‌‌عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری ‏چاودێریی ‏بازرگانیی ‏سلێمانی ‏‏
‏4- شەریف رەسوول، خاوەنی كۆمپانیای سەفرە ‏‏‏
‏5- حەسەن رەحیم، بازرگان ‏
‏6- محەممەد مستەفا، بازرگان‏ ‏
‏7. عەبدوڵڵا گەڵاڵی، جووتیار.‏