دیبەیتی مەلا بەختیار و عەلی باپیر

دیبەیتی مەلا بەختیار و عەلی باپیر
مەلا بەختیار وعەلی باپیر دوو ناوی دیاری گۆڕەپانی سیاسی و فكرین كە لە سەر چەمكی عەلمانییەت و ئیسلامی سیاسی زۆرترین نووسین و قسەیان كردووە. هەر یەك لەو دوو كارەكتەرە لەبارەی پرسی حوكمڕانی دەوڵەت و پێگەی ئیسلام لە دەستوور و یاساكانی هەرێمی كوردستان جیاوازی قووڵیان هەیە.

عەلی باپیر كە ئێستا كەسی یەكەمی دووەم گەورەترین هێزی ئیسلامییە لە باشووری کوردستان، پێیوایە عەلمانییەت واتە جیاكردنەوەی دین و دەوڵەت و بێ‌ دینكردنی دەوڵەت، عەلی باپیر لە زۆربەی كتێبەكانی ئاماژە ی بە ئەزموونی عەلمانییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستداوە و پیێوایە بەوەی ناكرێت دین و ژینی موسڵمانان لە یەكتر جیابكرێتەوە.

مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، لەپاڵ کاری سیاسی خۆی لە پشت بەشێكی زۆری چالاكی یەكێتییەوە بوو لە پرسی وروژاندنی جیاكردنەوەی دین و دەوڵەت و بە عەلمانیكردنی سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستان لە دواین پرۆژەی یەكێتیش لە خاڵی شەشەم ئەم تێزەی مەلا بەختیار رەنگی لە سەر پرۆژەكەی یەكێتی دابووەوە، ئەمەش لە لایەن هەر دوو حیزبە ئیسلامییەكە یەكگرتوو و كۆمەڵ رەتكرایەوە.

كاژێر 16:00 ی رۆژی یەكشەممە 10-4- 2016، لە هۆڵی تەواری شاری سلێمانی، بە سپۆنسەری (میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو) دیبەیتێك لەنێوان مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی  كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان لەژێر ناونیشانی "سیكۆلاریزم و ئیسلامگەرایی" بەڕێوەچوو.