عەلی حەمەساڵح: 10 کورسیمان هەیە و دەمانەوێت وەزارەتێک لە بەغدا بەدەستبهێنین

07 May 2026
عەلی حەمەساڵح: 10 کورسیمان هەیە و دەمانەوێت وەزارەتێک لە بەغدا بەدەستبهێنین
بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست رایدەگەیێنێت، وەک سێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن بەرەیەکی پەرلەمانییان لە بەغدا پێکهێناوە و بەرنامەیەکی 20 خاڵییان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان رادەستی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کردووە. دەشڵێت: "ئێمە نامانەوێت پاشکۆی پارتی و یەکێتی بین، بەڵکو دەمانەوێت نوێنەرایەتییەکی راستەقینەی خەڵک لە ناوەندی بڕیار لە بەغدا بکەین."
 
عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "بە دڵنیاییەوە هیچ رێککەوتنێکی نووسراو یان زارەکیمان نە لەگەڵ یەکێتی و نە لەگەڵ پارتی نییە؛ نە لە بەرەی یەکێتیین و نە لە بەرەی پارتی." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان وەک 10 پەرلەمانتاری (هەڵوێست، کۆمەڵ و یەکگرتوو)، بەرەیەکی پەرلەمانییان پێکهێناوە و بە نووسراوی فەرمی و بە واژۆی هەر 10 پەرلەمانتارەکە، داواکارییەکانیان رادەستی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کردووە.
 
عەلی حەمەساڵح وردەکاریی ئەو نووسراوەی ئاشکرا کرد کە رادەستی بەغدا کراوە و گوتی، "بەرنامەیەکی 20 خاڵیمان هەیە کە لە مووچە، پلەبەرزکردنەوە، وانەبێژان، گرێبەستەکان، کێشەی جووتیاران، پیشەسازی، دەرمان و هەتاوەکو جێبەجێکردنی مادەی 140 لەخۆدەگرێت."
 
رۆژی چوارشەممە، 6ـی ئایاری 2026، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە یەککاتدا پێشوازی لە یەكێتی، رەوتی هەڵوێست، کۆمەڵ و یەکگرتوو کرد، بە گوێرەی ئەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ لە تەنیشت نوری مالیکی دانیشتووە و نوێنەرانی یەکگرتوو، کۆمەڵ، رەوتی هەڵوێست و نەوەی نوێش لە هەمان کۆبوونەوە دانیشتوون.
 
لەوبارەیەوە عەلی حەمەساڵح گوتی، "نامەیەک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە گەیشتە دەستمان و داوایان کرد کە لە ماڵی نووری مالیکی لەگەڵ حیزبە کوردییەکان کۆببنەوە لەبارەی شایستەکانی هەڵبژاردنی حیزبە کوردییەکان، بەڵام هیچ رێککەوتنێک نەبووە کە بڵێین یەکێتی سەرۆکایەتی شاندەکە بکات."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمە هەڵەیەک بوو کە نەدەبووایە رووبدات و تێپەڕیوە بەسەریاندا، ئێمە داوای لێبوردن لە دەنگدەرانمان دەکەین. ئێستا چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوای کۆبوونەوەیەکی دیکەی کردووە و بڕیاری ئێمە وایە نە لەگەڵ یەکێتیدا بلۆکێک دەبین دژی پارتی و نە بە پێچەوانەشەوە."
 
عەلی حەمەساڵح دەشڵێت، "رێککەوتن کراوە هەر وەزارەتێک خاڵی هەبێت، بۆ نموونە وەزارەتێکی سیادی 15 خاڵی بۆ دابنرێت، ئێمە وەک سێ لایەنەکە 10 کورسیمان هەیە و دەمانەوێت ئەو شایستەیە بەکاربهێنین بۆ وەزارەتێک کە خزمەتی خەڵکی پێ بکەین، نەک بۆ بەرژەوەندیی حیزبی."
 
بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست دەڵێت، ئامانجیان لە بەشداریکردن لە بەغدا بۆ ئەوەیە کە وەزیرێکیان هەبێت تاوەکو راستەوخۆ لە نێو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق "بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان" بکات. گوتیشی، "پێمان ناخۆشە کە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تەنیا پارتی و یەکێتی هەبن و دەنگی خەڵکی تێدا نەبێت."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەلی حەمەساڵح باسی لەوە کرد، ئەوان وەک هەڵوێست، کۆمەڵ و یەکگرتوو دوو نوسراوی فەرمییان پێکەوە واژۆ کردووە؛ یەکێکیان بۆ بەرنامەی 20 خاڵی و ئەوی دیکەیان بۆ "دروستکردنی ئاراستەیەکی سیاسیی نوێ لە دەرەوەی پارتی و یەکێتی."
 
لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە عەلی حەمەساڵح هۆشداری دا و گوتی: "پەرلەمان پەکیکەوتووە، حکومەت کاربەڕێکەرە، پێویستە یان هەڵبژاردن بکرێت یان حکومەتێکی رزگاریی نیشتمانی لە خەڵکی دڵسۆز پێکبهێنرێت. ئێمە ئامادەین بۆ هەڵبژاردن و پێمان وایە تاکە رێگەیە بۆ ئەوەی چیتر خەڵک نەبێتە قوربانیی ململانێی حیزبی."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە نەوەی نوێ و سەرۆکەکەی، ئاماژەی بەوە کرد، "هیچ کێشەیەکی کەسیم لەگەڵ کاک شاسوار نییە، بەڵام شێوازی کارکردنمان جیاوازە. من ناچمە نێو فۆرمێکی سیاسی کە تەنیا شوێنکەوتە دروست بکات، بەڵکو دەمەوێت کارێکی دامەزراوەیی و راستەقینە بۆ مافەکانی خەڵک بکەم."