عەلی حەمە ساڵح: تکایە ئەم قاچاخی و تاڵانی و مافیاگەرییە رابگرن

09 August 2020
عەلی حەمە ساڵح: تکایە ئەم قاچاخی و تاڵانی و مافیاگەرییە رابگرن
عەلی حەمەساڵح: یەکێتی دەڵێت تاوەکو پارتی چاکسازی نەکات منیش نایکەم پارتیش دەڵێت تاوەکو یەکێتی نەیکات نایکەم
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئەو "دزی و تاڵانییەی" ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، لە ساڵی 1991 نەکراوە؛ یەکێتی و پارتیش ئەنجامدانی چاکسازییان بە بڕیاری یەکدییەوە بەستووە، یەکێتی دەڵێت، تاوەکو پارتی چاکسازی نەکات منیش نایکەم. پارتیش هەر وا دەڵێت.

عەلی حەمە ساڵح لە نووسینێکدا بۆ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی باسی تاڵانی و قاچاخیی دەروازە سنوورییەکانی کردووە، لەوبارەیەوە بەشداریی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کرد و ئاماژەی بەوە کرد "هەرچی کەلوپەلی ماوەبەسەرچووە لەڕێگەی نووسینگەکانی قاچاخچی کە لەناو شارەکاندا هەن لە دەروازەکان بە هاوکاریی هێزی ئەمنی هاوردە دەکرێن. هەموو کەسیش دەزانێت ئەو نووسینگانە لە سەهۆڵەکەی سلێمانی و بازاڕی دۆلارەکە و لە کەلار لە کوێن".

پاڵپشتیکردن لە بەرهەمی ناوخۆ و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات، یەکێکە لە دروشمەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. عەلی حەمە ساڵح چیرۆکی جووتیارێکی باسکرد کە بەنیازە خانووە پلاستیکییەکەی کە ساڵێکە خەریکی کارکردنە تێیدا و خەیاری تێدا چاندووە، بڕووخێنێت، چونکە "بەرهەمەکەی پارە ناکات و بە هەرزانتر لە ئێرانەوە دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان".

ئەو ئەندام پەرلەمانە سەردانی ئەو نووسینگانەی کردووە، دەشڵێت "تەواوی بەڵگەکانی بە ناو و ناونیشانی نووسینگەکانەوە داوەتە حکومەت". دەشڵێت، هەموو ئەو قاچاخچێتییەی لە باشماخ دەکرێت "لە خەتی ئاسایشەوە دەکرێت".

پارتی، یەکێتی و گۆڕان سێ هێزی سەرەکیی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانن. عەلی حەمە ساڵح کە سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕانە دەڵێت، "لە عەزابێکی نەفسیی گەورەدا دەژیم، چونکە لەکاتێکدا خەڵک بێ مووچە و بێ نان و بێ دەرەتانن، بەرپرس هەیە مانگی 30 ملیۆن دۆلاری دەستدەکەوێت بە دڵنیاییەوە".

بەهۆی ئەو قاچاخچێتییەوە "ژیانی هەموو هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە. بەبێ گوومرگ، پشکنین و کوالێتیی کۆنترۆڵ، چیت بوێت لە هێلکەی ئێکسپایەر، خواردنی بێکەڵک و جگەری گەنیو لەو نووسینگانەوە دەهێندرێنە کوردستان". عەلی حەمە ساڵح لە وەڵامی پرسیارێکی هەوراز گوڵپی ئاوای گوت.

لەکاتێکدا وەزیری دارایی و بەڕێوەبەرانی گومرگەکانی باشماخ و پەروێزخان و هەروەها پارێزگاری سلێمانیش سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانن، بەڵام بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان تاڵانی و قاچاخ و سەرانەوەرگرتن لە دەروازە سنوورییەکان دەکرێت، لەوبارەیەوە عەلی حەمەساڵح دەڵێت "خەڵک مافی خۆیەتی بە ئێمە بڵێت کوا چاکسازییەکەتان، پێویستە وەزیری دارایی مەلەفی تاڵانیی دەروازەکان بباتە ئەنجوومەنی وەزیران و بڵێت ئەمە تاڵانی و دزی و قاچاخیی دەروازە سنوورییەکانە و دەبێت هەڵوێست وەربگرێت".

عەلی حەمەساڵح باسی بوونی چەندین کۆمپانیا دەکات لە هەموو خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بە قسەی خۆی سەرانە لە خەڵک وەردەگرن و دەڵێت، "لە هەر خاڵێکی سنووری هەرێمی کوردستان ئێستا 11 کۆمپانیا بە نایاسایی پارە و سەرانە بەناوی جیاواز لە خەڵک وەردەگرن و لەم کابینەیەشدا پێنج کۆمپانیای نوێ لە دەروازەکان زیادبوون و سەرانە وەردەگرن و حکومەتیش ئاگادارە، بەڵام هیچ هەڵوێستێکی نییە".

سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان رەتیدەکاتەوە خراپیی پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی هۆکاری بوونی قاچاخی و تاڵانی بێت لە سنوورەکان و دەڵێت "لەوەتەی نێوانی پارتی و یەکێتی باش بووە قاچاخچێتی لە پەروێزخان زیادیکردووە".
عەلی حەمەساڵح ئاشکرایکرد، چەند رۆژێکە ناوی هەموو کەس و کۆمپانیا قاچاخچییەکانی دەروازەکانی هەرێمی کوردستانی داوەتە حکومەت و داوای لێکردوون چارەسەری بکەن، "چونکە بە بنەبڕکردنی ئەو تاڵانییە رۆژانە چەندین ملیۆن دۆلار بۆ خەزێنەی حکومەت دەگەڕێتەوە".

لە سەرەتای مانگی رابردوو یاسای چاکسازی چووە بواری جێبەجێکردنەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان جێبەجێکردنی یاساکەی بەستەوە بە نییەت و سووربوونی حکومەت و ئاشکرایکرد، "ئێستا گوشارێکی زۆر هەیە بۆ بەڕێدالادانی جێبەجێکردنی یاساکە".

بڕی ئەو پارەیەی لە قاچاخچێتی لە خاڵە سنوورییەکان و لە داهاتی نەوتیش بەهەدەر دەڕوات، بە گوتەی عەلی حەمە ساڵح، مانگانە 350 ملیۆن دۆلارە. راشیگەیاند، "شاندێکی یەکێتی سەردانی ئێمەیان کرد و گوتبوویان مادام پارتی دزی بکات بۆ ئێمەش نەیکەین؟"