جەمال کۆچەر: مووچەی خانەنشینان و زیندانییانی سیاسی و چاودێریی کۆمەڵایەتی هاوتای عێراق دەکرێن

22 May 2024
جەمال کۆچەر: مووچەی خانەنشینان و زیندانییانی سیاسی و چاودێریی کۆمەڵایەتی هاوتای عێراق دەکرێن

ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بەپێی خشتەی بودجەی 2024ی عێراق، پشکی هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵی رابردوو، زیاتر لە 4 تریلیۆن دینار زیادیکردووە. دەشڵێت، مووچەی خانەنشینان و زیندانییانی سیاسی و چاودێریی کۆمەڵایەتی هاوتای بەغدا دەکرێن.
 
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: گۆڕانکاریی گەورە لە هەمواری یاسای بودجەی عێراق روویداوە و بەپێی خشتەی بودجەکە بۆ ساڵی 2024 پشکی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 4 تریلیۆن دینار زیادیکردووە.
 
د. جەمال کۆچەر ئاماژە بەوە دەکات، "خاڵی دیکەی ئەرێنی" لەم هەمواری بودجەدا بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبێت بە جێبەجێکردنی یاساکە یان پابەند نەبێت حکومەتی عێراق پابەندە بە ناردنی مووچەی فەرمانبەران و سوودمەندانی تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی." هەروەها دەڵێت: "بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە بڕگەی 'خەرجیی راستەقینە' رزگاری بووە کە لە بودجەی ساڵی 2023 کۆسپی بۆ پشکی هەرێمی کوردستان دروستکردبوو".
 
د. جەمال کۆچەر باسی لە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان و چاودێریی کۆمەڵایەتی کرد لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و گوتی: "بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی، پێویستە مووچەی خانەنشینان و زیندانییانی سیاسی و سوودمەندانی تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان هاوتای عێراق بکرێن".
 
لەبارەی بەجێکردنی مووچە و پرۆسەی هەژماری من، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی: "ئەو بانکانەی لە چوارچێوەی پرۆژەی هەژماری من هەژمار بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە نە فیدراڵین و نە سەر بە حکومەتی عێراقن، لەکاتێکدا بڕیاری دادگەی فیدراڵی بە روونی باسی لەوەکردووە کە بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پێویستە لە رێگەی بانکە فیدراڵیی و حکومییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بن."
 
بانکی "تی بی ئای" ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە گوتەی جەمال کۆچەر، ئاستەنگ بۆ ئەو فەرمانبەرانە دروست دەکرێت کە دەیانەوێ لەو بانکە هەژمار بکەنەوە.
 
جەمال کۆچەر دەڵێت: "کاتێک مووچەخۆرێک دەیەوێت هەژمار لە 'تی بی ئای' بکاتەوە لە هەرێمی کوردستان پێیدەڵێن بچۆ بۆ لقێکی بانکەکە و مامەڵەکە بکە و کارتی بانکی وەربگرە، ئەوەش دەبێتە ئاستەنگ لە بەردەم مووچەخۆران، بەڵکو پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بە لیست ناوی فەرمانبەرەکانی بنێرێت بۆ بانکی تی بی ئای، تاوەکو مووچەکانیان بەجێبکات".
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی 19-05-2024 لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی دا، خشتەکانی بودجەی 2024ـی پەسند کرد و رۆژی سێشەممە 22-05-2024 خشتەکە گەیشتە پەرلەمانى عێراق.