رەهەندە سیاسیی و ئابوورییەکانی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات

24 May 2024
رەهەندە سیاسیی و ئابوورییەکانی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات
سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەبوزەبی و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات لێکدانەوەی سیاسیی و ئابووری و پەرەپێدانی کەرتی وزەی بۆ دەکرێت.
 
د. ساڵح عومەر، پرۆفیسۆر لە زانستە سیاسییەکان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: پەیوەندییەکانی ئیمارات و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر بەرزدان و سەردانەکانی نێچیرڤان بارزانی کاریگەریی زۆریان لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت بەتایبەت کە لەماوەی رابردوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەند سەرانێکی گرنگی بۆ تاران و ئەنقەرە و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و جیهان ئەنجامداوە.
 
گوتیشی: نێچیرڤان بارزانی توانایەکی دیپلۆماسی زۆری هەیە و توانا و لێهاتووییەکی زۆریشی هەیە لە پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.
 
هاوکات، د. ئەرشەد تەها، راوێژکاری دارایی پەرلەمانی کوردستان پێیوایە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات رەنگدانەوەی زۆری لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان دەبێت و دەڵێت: "ئیمارات 12٪ی بازرگانیی جیهانی کۆنترۆڵکردووە، هەربۆیە پەیوەندی ئابووری لەنێوان ئیمارات و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی زۆر گرنگە.|
 
گوتیشی: "هێڵی گەشەپێدان کە بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت، بەرژەوەندیی ئابووریی هەموو وڵاتانی ناوچەکە کۆدەکاتەوە هەربۆیە هەرێمی کوردستانیش جێگەی بایەخی وڵاتانی ناوچەکەیە بەتایبەتی بۆ ئیمارات کە بەهۆی نزیکییەوە لە ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق زۆر سنووردارن."
 
بە گوتەی د. ئەرشەد تەها بەشێکی دیکە لە گرنگیدانی ئیمارات بە هەرێمی کوردستان بۆ کەرتی وزە دەگەڕێتەوە بەتایبەت کە لە هەموو عێراق تەنیا لە کێڵگەی کۆرمۆر گاز بەرهەمدەهێنرێت و تەنیا کۆمپانیا ئیماراتییەکانیش کاری تێدا دەکەن.
 
هەر لەبارەی کاریگەریی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەبوزەبی و کاریگەریی لەسەر کەرتی وزە، محەممەد حوسێن، لێکۆڵینڤانی بواری وزە کە لە سلێمانییەوە بەشداری رووداوی ئەمڕۆ بوو گوتی: ئیمارات بووەتە بازاڕێکی گەورەی بەرهەمە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆرمۆریش چیرۆکی سەرکەوتنی کەرتی وزەی هەرێمی کوردستانە.
 
ئەو لێکۆڵینڤانە گوتیشی: ئوردن هیچ سەرچاوەیەکی سروشتیی نییە بەڵام کارەبا بە عێراق دەفرۆشێت ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە عێراق لەرووی سامانی گاز و وزە هێشتا زۆری ماوە پشت بەخۆی ببەستێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی و ئێستا کە کۆمنیا ئیماراتییەکان کار لە کەرتی گازی هەرێمی کوردستان دەکەن سەرەتایەکە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی وزە بۆ عێراق و بۆ دەرەوەی عێراقیش.