ئەنجامی کۆبوونەوەی یونامی و حیزبە سیاسییەکان چی بوو؟

26 May 2022
ئەنجامی کۆبوونەوەی یونامی و حیزبە سیاسییەکان چی بوو؟

ئەمڕۆ نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جێنین پلاسخارت، لە هەولێر هەموو حیزبە کوردستانییەکانی کۆکردەوە و پێی گوتن، لە رابردوودا گۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاڕادەیەک بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان نەرم بوون، چونکە هەرێمی کوردستان وادەبینرا کە جیاوازە و لەسەر رێگەیەکی دروستبوو، بەڵام ئەو دۆخە ئیستا نەماوە، ئەمە بەگوێرەی بەشداربوویەکی کۆبوونەوەکە.

جێنین بلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، کە پێشتر دوو جار بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی گوتووە کە هەرێمی کوردستان لە رووی جوگرافی و سیاسیشەوە لەژێر هەڕەشەدایە، لەگەڵ نوێنەری حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لە باڵەخانەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەولێر کۆبووەوە، بەپێی راگەیێنراوی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق "یونامی"، کۆبوونەوەکە دەرفەتێکی باش بووە بۆ حیزبە سیاسییەکان بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکانیان بکەن لەبارەی چەندین پرسی جیاوازەوە، لەنێویاندا دوورکەوتنەوە لە سیاسەتەکانی ناکۆکیی و رۆیشتن بەرە هەڵبژاردنێکی  جێ متمانە و شەفاف".

شوان رابەر، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، کە هاوکات ئەندامی شاندی کۆمەڵی دادگەری بوو، دەڵێت؛ لە کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی هەرێمی کوردستان کرا و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پەیوەندی نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کرا.

شوان رابەر دەڵێت: نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لە گوتارەکەی خۆی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە.

سەبارەت بە بۆچوونی کۆمەڵی دادگەری لە کۆبوونەوەکەدا، شوان رابەر گوتی: سەبارەت بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵی دادگەری گلەیی لە رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان هەبوو و دەکرا رۆڵی باشتر و کاریگەرتر بگێڕن. گوتیشی؛ وەڵامی نەتەوە یەکگرتووەکان بەجۆرێک بوو کە ئەوان بێهیوان لە رێککەوتنی نێوان لایەنەکانی هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکرد؛ هەموو لایەنەکان جەختیان لە کێشە و گرفتەکان کرد و هەمووان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە رێگەچارەیەک بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان بخرێتەڕوو.

سەبارەت بە بۆچوونی یەکێتی و پارتی لە کۆبوونەوەکەدا، شوان رابەر دەڵێت؛ جیاوازی تێڕوانین هەبووە و دیاربووە کە رێککەوتنێکی پێشوەختەیان نەبووە.

بە بڕوای ئەندامەکەی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری، هەوڵەکانی UNAMI جۆرێک لە گوشاربوو بۆسەر حیزبە سیاسییەکان بۆ رێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا.

سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا، شوان رابەر دەڵێت؛ هەموو حیزبەکان لە کۆبوونەوەکەدا هاوڕابوون بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا، هەروەک باس لە پێداچوونەوە بە نوێنەرایەتیی پێکهاتەکاندا کراوە، بەجۆرێک کە بەگوێرەی دەستووری عێراق بێت و دابەشبکرێت بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا.