دانا عەبدولکەریم: 50٪ی رێککەوتنی پارتی و گۆڕان لەبارەی حکومەت جێبەجێ نەکراوە

29 April 2024
دانا عەبدولکەریم: 50٪ی رێککەوتنی پارتی و گۆڕان لەبارەی حکومەت جێبەجێ نەکراوە

وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئاڕاستەکان وان کە لە هەمواری بودجەی عێراقدا کێشەی مووچە لەنێوان هەولێر و بەغدا بە تەواوی چارەسەر بکرێت. دەشڵێت، رێککەوتنی لەگەڵ پارتی و کارنامەی کابینەی حکومەت 50٪ی جێبەجێکراوە. لەبارەی هێڵی شەمەندەفەریشەوە زانیاریی نوێ دەخاتەڕوو. 
 
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ باسی لە دۆخی حکومەت و ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان کرد و گوتی: "بەهۆی کێشەی مووچەوە نەمانتوانیوە پرۆژەی خزمەتگوزاریی وەکو پێویست ئەنجام بدەین."
 
لە بەشێکی بەرنامەکەدا وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن کە لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە لە حکومەت باسی رێککەوتنی نێوان بزووتنەوەکەیان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەت و کارنامەی حکومەتەکە دەکات و دەڵێت تەنیا 50٪ی رێککەوتنەکەمان لەلایەن پارتییەوە جێبەجێکراوە و 50٪ی جێبەجێ نەکرا.
 
وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێڵی شەمەندەفەرەوە دەڵێت، ئێستا خۆیان بۆ قۆناخی دیزاینکردنی پرۆژەی هێڵی شەمەندەفەر ئامادە دەکەن: "ئەم پرۆژەیە پرۆژەیەک نییە بە دوو ساڵ و سێ ساڵ تەواوبکرێت، پرۆژەیەکی ستراتیژیی گەورەیە."
 
دەشڵێت: "ئێمە موسڵمانین و لە ئایینەکەماندا دەڵێت، ئەگەر نیەتی کارێکی خێرت هەبێت، ئەگەر کارەکەشت پێنەکرێت خودا چاکەکەیت بۆ دەنووسێت."