تاچین و پیناکۆلادا

تاچین و پیناکۆلادا
پێکهاتەکانی تاچین: برنج، مریشک، پیاز، خوێ، بیبەری رەش، ڤیجیتە، سیری وشک، لیمۆ، زەعفەران، ماست، زەردێنەی هێلکە، مێوژ (یان کشمیش(، فستق، رۆن یان زەیت.
پێکهاتەکانی پیناکۆلادا: ئەنەناس، شەربەتی ئەنەناس، شیری گوێزی هیندی، گوێزی هیندی، سەهۆڵ.
ئامادەکردن
تاچین برنجێکی ئێرانی تایبەتە کە بە زەعفەران و بەهارات ئامادە دەکرێت. سەرەتا پیاز و مریشکی وردکراو بەیەکەوە سوور دەکەینەوە، دواتر خوێ، بیبەری رەش، ڤیجیتە و سیری وشک و ئاوی لیمۆی تێدەکەین. برنجەکە وەکو پڵاو دەکوڵێنین و ئاوەکەی دەپاڵێوین. پاشان تێکەڵەیەک لە ماست، زەردێنەی هێلکە و زەعفەران ئامادە دەکەین. لە مەنجەڵێکدا، تۆزێک برنج دەخەینە بنی مەنجەڵەکە، بەشێک لە برنجەکە لەگەڵ تێکەڵەی ماست و زەعفەران تێکەڵ دەکەین، مریشکەکە لەسەر برنجەکە دادەنێین، مێوژ و فستق دەخەینە سەری و پاشماوەی برنجەکە دەخەینە سەر مریشکەکە. رۆن یان زەیتی پێوە دەکەین، سەری دادەپۆشین و بۆ ماوەی 25-30 خولەک دەیخەینە سەر ئاگر.
بۆ ئامادەکردنی پیناکۆلادا، هەموو پێکهاتەکان کە بریتین لە ئەنەناس، شەربەتی ئەنەناس، شیری گوێزی هیندی، تۆزێک گوێزی هیندی و سەهۆڵ، دەخەینە ناو میکسەرەوە و تێکەڵیان دەکەین تاوەکو دەبێتە شەربەتێکی بەتام. تاچینەکە لەگەڵ پیناکۆلادا و زەڵاتە پێشکەشدەکەین کە دەبێتە ژەمێکی خۆش و جیاواز.