ئامادەکردنی قەلی سێل لە گوندی هروور
یەکەم بەرنامەی تام و چێژ بە پێشکێشکاریی بانوو دڵشاد، سەردانی یەکێک لە گوندە بەنێوبانگ و دڵگیرەکانی کوردستانی کرد، کە ئەویش گوندی هروورە لە سنووری پارێزگای دهۆک. لەم بەرنامەیەدا شێوازی ئامادەکردنی یەکێک لە خواردنە فۆلکلۆرییەکانی گوندەکە بە ناوی "قەلییەی سێل" دەخرێتەڕوو.
میوانی بەرنامەکە، خاتوو زەکیا شەفیق عەزیز بوو؛ ژنێکی تەمەن 38 ساڵ و دانیشتووی گوندی هروور. ئەو بەشێوازێکی رەسەن و تایبەت بە گوندەکە، خواردنی "قەلییەی سێل"ی ئامادە کرد.
گوندی هروور لە وەرزی هاویندا لە 85 ماڵ پێکدێت، بەڵام لە وەرزی زستاندا بەهۆی زستانی سەختی گوندەکە، ژمارەی ماڵەکانی گوندەکە بۆ 22 ماڵ کەم دەبێتەوە.
پێداویستییەکانی قەلییەی سێل:
گۆشتی سوور، تەماتە، پیاز، بیبەری شیرین، بیبەری سووری تیژ، بیبەری رەش، خوێ و ئاو.
شێوازی ئامادەکردن:
سەرەتا گۆشتە سوورەکە بە قەبارەیەکی مامناوەند (نە زۆر ورد و نە زۆر گەورە) ورد دەکرێت، پاشان دەخرێتە ناو مەنجەڵێکی کراوە یان تاوەیەکی گەورە لەسەر ئاگر. دوای ئەوەی گۆشتەکە کەمێک ئاوی خۆی دایەوە، بڕێک ئاوی گەرم و خوێی بۆ زیاد دەکرێت و وازی لێدەهێندرێت تاوەکو دەکوڵێت و ئاوەکەی کەم دەبێتەوە.
لە قۆناخی دووەمدا و کاتێک ئاوی گۆشتەکە بەرەو وشکبوونەوە چوو، پیازە وردکراوەکەی تێدەکرێت و پاشان بیبەری شیرین و تەماتە وردکراوەکانی بۆ زیاد دەکرێت. لە کۆتا هەنگاویشدا، بڕی پێویست لە بیبەری سووری تیژ و بیبەری رەش دەکرێت بەسەر پێکهاتەکاندا. ئەم خواردنە پاش 40 خولەک ئامادە دەبێت و پێشکەش دەکرێت.
تام و چێژ بەرنامەیەکی مەیدانی و رۆژانەی مانگی رەمەزانە کە گەشت بە گوندەکانی کوردستان دا دەکات. لە هەر بەرنامەیەک دا خواردنێکی گوند دەکاتە دەروازەیەک بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ناسنامە و ژیانی رۆژانەی گوندنشینان. تام و چێژ لەسەر بنەمای پێشکێشکارێکی بەهێز و گێڕانەوەی راستەقینە دروست دەکرێت. بەشێوەیەک بەرهەم دەهێنرێت کە لەگەڵ بینەردا بمێنێتەوە.