چیرۆکە سەیر و سەمەرەکانی پشت "تیرۆرە سپییەکە" لە کوردستان

چیرۆکە سەیر و سەمەرەکانی پشت "تیرۆرە سپییەکە" لە کوردستان

لەم بەرنامەیەدا بەدواداچوون بۆ بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر دەكرێت لە هەرێمی كوردستان.

بەدواداچوونی بەرنامەكە لە مانگی شوباتی ساڵی 2019 و بەپشتبەستن بە چەند داتاو زانیارییەك پێشكەشكاری بەرنامەكە دەست بە بەدواداچوون دەكات.

سەرنجی وردی بەرنامە و بەدواداچوونەكە لەنێو سەنتەری شاری هەولێرە، تێیدا ئاشكرا دەكرێت بەتەنیا لەو شارە و لە ساڵی 2018 زیاتر لە 400 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە و زیاتر لە 900 كەسیش دەستگیركراوە.

لەنێوەرۆكی بەرنامەكەدا سەرنج خراوەتەسەر دەستگیركراوەكان، تێیدا چیرۆكی وردی بەكارهێنان و ژیانیان لەگەڵ ماددەی هۆشبەر باس دەكەن.

یەكێك لە تووشبووەكان ئاماژە بەوە دەكات كە چنگخستنی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی كوردستان ئەوەندە كارێكی ئاسانە هەر وەك كڕینی پاكەتێك جگەرە وایە.

یەكێكی دیكەیان، كە گەنجێكە و بە گوتەی خۆی وەرگێڕی زمانەكانی توركی و ئینگلیزییە بۆ كوردی و دەڵێت باوكم لە خەفەتی من جەڵتەی دڵ لێیداو مرد، ئەمە جگە لەوەی ژنەكەم لێم جیابووەوەو مووچەكەشم لەدەستدا كە دووهەزارو سێسەد دۆلاری مانگانە بوو.

قوربانییەكانی ماددەی هۆشبەر هەر رەگەزی نێرنیین، رەگەزی مێیینە نزیكەی نیوەی ئامارەكان پێكدێنێت، لەنێو بەرنامەكەدا ژنێك بە چوار منداڵەوە لەنێو كونجی زیندان قسە دەكات و بە گریانەوە ئاماژە بەوە دەكات كە هاوژینەكەی دوازدە چەقۆی لێداوە و بەزۆر فێری بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەری كردووە.

یەكێكی دیكە لە قوربانییەكان، دوای ئەوەی چەند گەنجێك بە زۆر ماددەی هۆشبەری دەدەنێ، دەستدرێژی سێكسیی دەكەنەسەر و ئێستا ژنێكی سكپڕەو ناشزانێت باوكی منداڵەكەی نێو رەحمی كێیە.

تۆپ ستۆری، بەرنامەیەكی بنكۆڵكاریی تۆڕی میدیایی رووداوە، مژاری گەرمی هەفتە بەدواداچوونی وردی رۆژنامەوانیی بۆ دەكرێت، هەموو پێنجشەممەیەك كاژێر 10:30 خولەكی شەو لەلایەن بەهرۆز فەرەیدوون، پێشكەش دەكرێت.