زیادبوونی کافتریا و مەیخانەکان لە هەرێمی کوردستان

زیادبوونی کافتریا و مەیخانەکان لە هەرێمی کوردستان

لەم چەند ساڵەی دواییدا زیادبوونی ژمارەی كافتریا و مەیخانەكان بووەتە جێی سەرنجی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان، زیادبوونەكە بەجۆرێكە گەنجانی خوار تەمەنی 18 ساڵیش دەچنە كافتریا و مەیخانەكان.

ئەگەرچی بەپێی رێنمایی فەرمانگەی قایمقامیەتی پارێزگەكان، چوونی گەنجانی خوار تەمەن 18 ساڵ قەدەخەیە، بەڵام لێرەو لەوێ دەبینرێ كە گەنجانێكی زۆر ئالوودەی كێشانی نێرگەلە و چوون بۆ كافتریاكان بوون.

لەم بەرنامەیەی تۆپ ستۆری، بەدواداچوون بۆ زیادبوونی رێژەی كافتریا و مەیخانەكان دەكرێت و شارێكی وەكو سلێمانی بە نموونە وەرگیراوە.

لە شارەكە ئەگەرچی بەشێوەیەكی بەرچاو رێوشوێنی توندوتۆڵ گیراوەتەبەر، بەڵام قایمقامی پارێزگاكە ئاماژە بەوە دەكات لیژنەكانیان تەنیا لەمانگێكدا 12 كافتریایان داخستووە بەهۆكاری پابەندنەبوون بە رێنماییەكانیان.

لەنێو بەرنامەكەدا دەردەكەوێت لیژنەی تایبەتمەند سەرقاڵی پشكنین و بەدواداچوونن لە رێستۆرانت و كافتریاكان، هاوكات چەند گەنجێك قسەدەكەن كە سەرقاڵی نێرگەلەکێشانن.

یەكێك لە ئەندامانی لیژنەكە ئاماژە بەوە دەكات، زانیارییان پێگەیشتووە لەبارەی ئەو تووتنەی بۆ كێشانی نێرگەلە ئامادەدەكرێت و گومانەكانیان ناشارێتەوە كە گەنجان بە ئاسانی ئالوودەی كێشانی نێرگەلە دەبن و گومان دەكرێت ماددەی دیكەی تێكەڵ بكرێت.

تۆپ ستۆری، بەرنامەیەكی بنكۆڵكاریی تۆڕی میدیایی رووداوە، مژاری گەرمی هەفتە بەدواداچوونی وردی رۆژنامەوانیی بۆ دەكرێت، هەموو پێنجشەممەیەك كاژێر 10:30 خولەكی شەو لەلایەن بەهرۆز فەرەیدوون، پێشكەش دەكرێت.