بازرگان - ئایا بۆ مامەڵەکردن پشت بە کام جۆرە شرۆڤە ببەستین؟
رۆژی شەممە 12.8.2023، 27ـەمین وەشانی بەرنامەی "بازرگان"ـی تۆڕی میدیایی رووداو پەخشکرا کە تایبەتە بە مامەڵە و قازانجکردن لە فۆرێکس و بازاڕە داراییەکان.
بەرنامەکە شەممان کاژێر 22:00 لەلایەن محەممەد شێخ فاتیح، پێشکێشکاری ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو بە میوانداریی رەسەن رەڤەندی، شارەزای بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای مێرکاتۆ پێشکێش دەکرێت.
هەواڵەکانی هەفتە
رۆژی سێشەممە 15.8.2023 کۆی بەرهەمی نێوخۆیی ژاپۆن لەسەر ئاستی چارەکانە بڵاودەبێتەوە. هەمان رۆژ فرۆشی مانگانەی تاکەکەسی لە چین رادەگەیێنرێت.
دواتر ئەمریکاش ئاماری فرۆشتنی تاکەکەسی سەرەکی بڵاودەکاتەوە. هەر لەو رۆژەدا، کەنەدا پێنوێنی نرخی بەکاربەر لەسەر ئاستی مانگانە رادەگەیێنێت.
دواتر و رۆژی چوارشەممە 16.8.2023 بانکی ناوەندیی نیوزلاند کۆدەبێتەوە و بڕیار لەبارەی رێژەی سوودی بانکییەوە دەدات. هەمان رۆژ، بەریتانیا پێنوێنی نرخی بەکاربەر لەسەر ئاستی ساڵانە بڵاودەکاتەوە.
دواتر یەکێتیی ئەوروپاش کۆی بەرهەمی نێوخۆیی بۆ مانگی رابردوو لەسەر ئاستی ساڵانە رادەگەیێنێت. لە ئەمریکاش هەمان رۆژ ئاماری مۆڵەتی بیناسازی بڵاودەبێتەوە. هەر لەو رۆژەدا، ئەمریکا ئاماری نەوتی کۆگاکراوی وڵاتەکەش بڵاودەکاتەوە.
هەمان رۆژ لیژنەی بازاڕی کراوەی بانکی ناوەندی ئەمریکا کۆدەبێتەوە و کۆنووسی کۆبوونەوەکەی رادەگەیێنێت.
رۆژی پێنجشەممەش، 17.8.2023 پێنوێنی بەرهەمهێنانی پیشەسازی فێلادێلفیا بڵاودەبێتەوە. هەمان رۆژ لە ئەمریکا ژمارەی ئەو کەسانە رادەگەیێنرێت کە داوای بیمەی بێکارییان کردووە.
رۆژی هەینی 18.8.2023 پێنوێنی نرخی بەکاربەر لە ئەوروپا لەسەر ئاستی ساڵانە بڵاودەکرێتەوە.
بۆچی ئاراستەی نرخی زێڕ پێچەوانە بووەوە؟
هەفتەی رابردوو نرخی زێڕ بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی؛ نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە 1942 دۆلار لە کاتی کرانەوەی بازاڕدا بۆ 1913 دۆلار لەکاتی داخستنی بازاڕدا دابەزی.
دابەزینی نرخی زێڕ لە کاتێکدایە، رەسەن رەڤەندی لە بەرنامەی پێشووی بازرگاندا رایگەیاندبوو، بە ئەگەری زۆرەوە لەو هەفتەیەدا ئاراستەی نرخی زێڕ بەرەو بەرزبوونەوەیە.
رەڤەندی دەڵێت، هەرچەندە پێشتر شیکاریی درێژخایەنی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕیان کردبوو، بەڵام لە گرووپەکانیشیان بازرگانانیان لە کاتی فرۆشتنی زێڕ ئاگادار کردووەتەوە.
ئەو شارەزایە دەشڵێت، لە هەر کاتێکدا ئەگەر هەیە داتایەک بڵاوببێتەوە کە بە تەواوی ئاراستەی بازاڕ بگۆڕێت و دەبێت بازرگانان وریا بن.
لە مامەڵەی بازاڕە داراییەکاندا نرخ و ئاراستەی کاڵا و پشکەکان لە دوو لایەنەوە شرۆڤەیان بۆ دەکرێت؛ تەکنیکی و فەندەمێنتاڵ (هەواڵ و رووداوەکان).
لە وەڵامی ئەوەی پشت بە کام جۆری شرۆڤە ببەسترێت، رەسەن رەڤەندی باس لەوە دەکات، دەبێت بازرگان لە مامەڵەکاندا خۆی یەکلا بکاتەوە کە بە چ شێوازێک کاردەکات و نابێت بەشێوەیەکی هەڕەمەکی مامەڵە بکات؛ نابێت بڵێت، شیکاری تەکنیکی بەرەو بەرزبوونەوەیە و دەکڕم، بەڵام لایەنی رووداوەکان بەرەو دابەزینە و دەفرۆشم.
بە رای ئەو شارەزایە، لایەنی تەکنیکی ناوچەی چوونە نێو مامەڵە دیاری دەکات و بازرگان دەتوانێت بەپێی ئەو ناوچەیە دەست بە مامەڵە بکات، بەڵام لایەنی هەواڵ و رووداوەکان ئاراستەی بەرزبوونەوە و فرۆشتن نیشان دەدەن.
رەسەن رەڤەندی پێیوایە، بازرگانێکی بێکەموکوڕی پشت بە هەردوو لایەن و شرۆڤە دەبەستێت. دەشڵێت، بە هیچ شێوەیەک ناکرێت یەک لایەنی شرۆڤە بەسەر ئەوەی دیکە لەپێشتر دابنێیت و ئەوەی دیکە پشتگوێ بخەیت، چونکە هەریەکەیان کاتی خۆیان هەیە و ئاراستەکە بەرەو بەرزبوونەوە و دابەزین دەبەن.
رەڤەندی زیاتر دەڵێت، دەبێت بازرگان ئاراستەی بازاڕ لە شتێک و، کاتی چوونە نێو مامەڵەش لە شتێکی دیکە، بۆ نموونە؛ ئەگەر دۆلار داببەزێت، دەست بە کڕینی زۆر بکات.
رەسەن رەڤەندی ئاماژە بەوەش دەکات، پەلەکردن یەکێکە لە هۆکارەکانی شکستهێنان لە بازاڕە داراییەکان. دەشڵێت، نابێت بازرگان پێیوابێت کە لە هەر جووڵەیەکی بەرچاوی دابەزین یان بەرزبوونەوەدا بەشدار بێت و لەگەڵ لێشاوەکەدا بڕوات.
بە تەنیا 1٪ـی سەرمایەکەت مامەڵە بکە
ریسک مەنجمێنت (بەڕێوەبردنی مەترسی) کە یەکێکە لە رێکارەکانی پاراستنی بازرگانان لە زیانی زۆر و مایەپووچبوون، مژارێکی دیکەی بەرنامەی بازرگان بوو.
رەڤەندی پێیوایە، بەڕێوەبردنی مەترسی و سایکۆلۆژی دوو بابەتی زۆر قووڵن و لە بازاڕە داراییەکاندا گیانی بازرگانن، چونکە ئەو تیۆرییانەی باس لە ئەگەری بەرزبوونەوە و دابەزینی بازاڕەکان دەکەن، دەگۆڕدرێن، بەڵام ئەو دوو بابەتە ناگۆڕدرێن.
رەسەن رەڤەندی پێیوایە، ئەگەر هەژمارەکەت هەزار دۆلاری تێدایە، لەو بڕە دەبێت 1٪ـی بخەیتە مەترسییەوە و مامەڵەی پێوە بکەیت و خاڵی راگرتنی زیان (ستۆپ لۆس) نابێت لە 10٪ زیاتر بێت، بۆ ئەوەی لە ئەگەری جووڵانەوەی بازاڕدا دژی ئاراستەی بازرگان تەنیا 10 دۆلار زەزەر بکات.
ئەو شارەزایە دەشڵێت، بۆ نموونە ئەگەر لە ناوچەی 1910 دۆلار زێڕ بکڕیت، دەبێت ستۆپ لۆسەکەی 1900 بێت و لۆتەکەت (ئەو بڕەی مامەڵەی پێوە دەکەیت، 0.01 بێت، واتە یەک دۆلار.
رەسەن رەڤەندی دەشڵێت، ئەگەر من بمەوێت سەرکێشی بکەم و لۆتەکەم بکەم بە 0.02، ئەو کات دەبێت ستۆپ لۆسم 1905 بێت، چونکە بە ستۆپ لۆسی 1900 و بە لۆتی 0.02، لە جیاتی 10 دۆلار، 20 دۆلار زیان دەکەم. دەشڵێت، لەو کاتە دەتوانی 50 جار داخڵ ببیت و مامەڵە بکەیت.
نرخی نەوت دوورە لە 90 دۆلار
لەبارەی ئاراستەی نرخەکان لەم هەفتەیەدا، رەسەن رەڤەندی پێشبینی دەکات، نرخی زێڕ لە ناوچەی 1906 تاوەکو 1894 دۆلار لە بەرزبوونەوەدا بێت. دەشڵێت، ئامانجی زێڕ لە بەرزبوونەوە گەیشتنە بە 1928 تاوەکو 1944 دۆلار.
ئەو شارەزایە پێشبینییش دەکات، دۆلاری ئەمریکی لە 1.35000 تاوەکو 1.35838 دۆلاری کەنەدی لە دابەزیندا بێت و ئامانجیشی گەیشتنە بە 1.33530 تاوەکو 1.32000 دۆلاری کەنەدی.
شارەزایەکەی مێرەکاتۆ دەشڵێت، تاوەکو یەک مانگی دیکەش، دەتوانێت "قازانجێک لە دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دۆلاری کەنەدی بکەیت لە هیچ شتێکدا نەبێت".
لەبارەی نرخی نەوتیشەوە رەسەن رەڤەندی دەڵێت، نرخی نەوت لە ناوچەی 87.65 تاوەکو 90.97 لە دابەزینە و ئامانجیشی لە دابەزین گەیشتنە بە 83 تاوەکو 78 دۆلار.
هەر لەبارەی نەوتەوە رەڤەندی دەڵێت، ئێستا هیچ شتێکی بەرچاو لەئارادا نییە کە بەم زووانە نرخی نەوت بگەیێنێتە 90 دۆلار و زیاتر.