بازرگان - پاراستنی سەرمایە مەرجی قازانجکردنە
رۆژی 13/05/2023، 11ـەهەمین وەشانی بەرنامەی "بازرگان"ـی تۆڕی میدیایی رووداو پەخشکرا کە تایبەتە بە مامەڵە و قازانجکردن لە فۆرێکس و بازاڕە داراییەکان.
بەرنامەکە شەممان کاژێر 22:00 لەلایەن بەختیار عەبدولعەزیز، پێشکێشکاری ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو بە میوانداریی رەسەن رەڤەندی، شارەزای بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای مێرکاتۆ پێشکێش دەکرێت.
پرۆژەیەکی نوێ بۆ پاراستنی بازرگانان
بەپێی راپرسییەک کە 13 هەزار و 77 کەس تێیدا بەشدار بوون، 98٪ـی بەشداربووان دەڵێن، سوودیان لە بەرنامەی بازرگان بینیوە، کە دەکاتە سەروو 12 هەزار کەس.
رەسەن رەڤەندی دەڵێت، ئەو پرۆژەیە جێی دڵخۆشییە، چونکە بەشداربووان تەنیا لەو کەسانە پێکنەهاتوون کە لە لای کۆمپانیاکەی ئەوان هەژماریان کردووەتەوە.
هاوکات لەبارەی پرۆژەیەکی نوێی کۆمپانیاکە، داستان محەممەد کەریم، بەڕێوەبەری بەشی مەترسی (ریسک) لە کۆمپانیای مێرکاتۆ بۆ مامەڵەی بازاڕە داراییەکان دەڵێت، هەموو کەسێک کە دێتە بازاڕە داراییەکان، دەیەوێت قازانج بکات، مەرجی سەرەکیی قازانجکردنیش پاراستنی سەرمایەی مامەڵەکارە.
داستان باس لەوە دەکات، باشترین رێگەش بۆ ئەوە هەڵسووڕاندنی مەترسی (ریسک مەنجمێنت)ـە و ئامانجیان بە تایبەتی پاراستنی ئەو کەسانەیە کە تازە هاتوونەتە نێو بازاڕە داراییەکان. دەشڵێت، بۆ ئەو مەبەستە، گرووپێکی نوێیان کردووەتەوە بە ناوی (Risk management&Psychology).
رەسەن رەڤەندییش دەڵێت، پرۆژەکە بە تەواوی خۆبەخشانەیە و قازانجی هیچ کەسێکی دیاریکراوی تێدا نییە.
ترس لە فرۆشتنی یۆرۆ نییە
لەبارەی نرخەکان لە هەفتەی داهاتووی بازاڕە داراییەکان، رەڤەندی پێشبینی دەکات، لەم هەفتەیەدا نرخی زێڕ زیاتر لە دابەزیندا بێت و هەڵبەز و دابەز بکات.
ئەو شارەزایە دەشڵێت، "ناوچەی 2021 تاوەکو 2037 ناوچەی دابەزینی زێڕە و ئامانجەکەشی لە دابەزین گەیشتنە بە 1998 تاوەکو 1980 دۆلار، بەڵام دابەزین بۆ 1980 ئەگەرێکی تا رادەیەک لاوازە لەم هەفتەیەدا".
رەڤەندی باس لەوەش دەکات، لە سەرووی ناوچەی 1998 تاوەکو 1980، زێڕ لە بەرزبوونەوەی کورتخایەندا دەبێت.
لەبارەی بەهای یۆرۆش بەرامبەر بە دۆلار، شارەزاکەی مێرکاتۆ دەڵێت، یۆرۆ لە ژێر ناوچەی 1.09398 تاوەکو 1.10000 دۆلار، لە ناوچەی دابەزینە، ئامانجیشی لە دابەزین، گەیشتنە بە 1.08200 تاوەکو 1.07800 دۆلار.
رەڤەندی باسی ئەوەشی کرد، "پێشتر دەمانگوت ترس لە کڕینی یۆرۆدا نییە"، بەڵام ئێستا دەڵێین، "ترس لە فرۆشتنی یۆرۆدا نییە".
رەسەن رەڤەندی پێشبینی بەردەوامیی دابەزینی نرخی نەوت دەکات و دەڵێت، لە سەرووی ناوچەی 75.77 تاوەکو 77.50، نرخی نەوت لە دابەزیندایە.
رەڤەندی باس لەوەش دەکات، ئامانجی نەوت لە دابەزین گەیشتنە بە 72 تاوەکو 71 دۆلار.