قوتابخانەکەی مەلا عەبدوڵڵای خەرپانی لە دەشتی شارەزوور

08 May 2021
قوتابخانەکەی مەلا عەبدوڵڵای خەرپانی لە دەشتی شارەزوور

لەم ئەڵقەیەی بەرنامەی (خاکی پیرۆز) دا، حەسەن مەحموود حەمەکەریم، لێکۆڵەری مێژووی کورد دەچێتە گوندی (خەرپانی) سەر بە ناحیەی بیارە لە پارێزگای هەڵەبجە بۆ ئەوەی باسێکی ئەو ناوچەیە لەڕووی مێژوویی و ژیانی کەسایەتیە ناودارەکانی ئەو دەڤەرە بکات. 
گوندی خەرپانی، 5 کیلۆمەتر لە بیارەوە دوورە و 13 کیلۆمەتریش لە شاری هەڵەبجەوە دوورە. هەندێک دەڵێن ناوی خەرپانی لە "بەرد"ـەوە هاتووە، چونکە ناوچەکە بەردی خڕی زۆری تێدایە، بەڵام هەندێکی دیکە دەڵێن گوایە پیاوێک دەسەڵاتدار بووە لە ناوچەکە ناوی "کەی خار" بووە، کۆمەڵێک گوندی دروستکردووە، لەوانە خەرپانی، خاگێڵان، خورماڵ. بەڵام خاگێڵان و خورماڵ تەمەنیان لە دوو هەزار ساڵ زیاترە.

گوندی خەرپانی ناوچەیەکی مێژوویی زۆر کۆنە، 5 گۆڕستانی زۆر گەورەی لێیە و زۆربەی کێلی گۆڕەکان داڕزاون، ئەو گۆڕستانەی لەناو گوندەکە هەیە رووبەرەکەی 9 دۆنم دەبێت. هەر سەبارەت بە مێژووی گوندی خەرپانی، حەسەن مەحموود دەڵێ، دەگوترێت کاتێک سەرجۆنی ئاشووری چووە بۆ هەڵەبجە، لە نامەکانیدا باسی گوندێک دەکات بەناوی "خارخار"، هەندێک دەڵێن ئەو خارخارە هەمان خەرپانی بووە. بەڵام زۆربەی خەڵک رایان وایە خارخار هەڵەبجەیە، هەڵەبجە دێیەک بووە لەنێوانی باوەکۆچەک و بامۆک، واتە پەیوەندی بە گوندی خەرپانییەوە نییە.

گوندی خەرپانی دەکەوێتە نێوان گوندەکانی زەردەهاڵ و بەڵخە و دەرەشیش، لە پشتییەوە عەبابەیلێ و لە خوارەوەش عەنەب هەن. بە دەوری گوندی خەرپانیدا کۆمەڵێک قەڵا هەن، وەک قەڵا زێڕین، قەڵای گاوران لە سەرەوە، لە خوارەوە ئەسحابە درێژ هەیە، لە پشتییەوە پیرداود هەیە، بەپێی رووداوەکان ئەو گوندە مێژوویەکی کۆنتری هەیە لەوەی گوایە 400 ساڵ لەمەوبەر بووە. بوونی ئەو هەموو گۆڕستانە گەورەیە لە ناوچەکە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی مێژووەکەی بۆ پێش ئیسلام دەگەڕێتەوە. گوندەکە بنەچەیەکی هەورامی هەیە کە سەر بە هەورامانی لهۆنە.
سەبارەت بە ژیانی کەسایەتییە ئاینییەکانی ئەو دەڤەرە، ئەو لێکۆڵەرە دەڵێ: ئەوەی گوندی خەرپانی بەناوبانگ کردووە و ناوی بردووەتە نێو کتێبەکانەوە، کەسایەتییەکی ئایینی بووە بەناوی (شێخ عەبدوڵڵای خەرپانی). باپیرە گەورەیان بەناوی (محەممەد کۆسە) ساڵی 1680 لە قەرەداخەوە چووەتە گوندی خەرپانی و لەوێ نیشتەجێ بووە، کوڕێکی بەناوی (مەلا ئیسماعیل) دەبێت کە زانایەکی زۆر گەورە بووە لە دوای باوکی.

ساڵی 1746 شێخ ئیسماعیل کوڕێکی دەبێت بەناوی (مەلا عەبدوڵڵا)، لەلای باوکی دەخوێنێت و زۆر شت لەبارەی زانستەکانی ئیسلام فێر دەبێت، پاشان کۆچ دەکات بۆ خورماڵ و لەوێش هەندێک وانە دەخوێنێ و پاشان دەچێت بۆ بیارە و پاشانیش بۆ هەڵەبجە و هەولێر و سلێمانی و دواتر بۆ پشدەر بۆ لای بنەماڵەی ماوەرییەکان و حەیدەرییەکان، لەوێ مۆڵەتی مەلایەتی وەردەگرێت و دەگەڕێتەوە بۆ خەرپانی.

کاتێک مەلا ئیسماعیل کۆچی دوایی دەکات، مەلا عەبدوڵڵا دەبێتە پێشنوێژ و گوتاربێژی مزگەوتی خەرپانی، یەکەم کاری کە دەیکات حوجرەیەکی زۆر گەورە دروستدەکات و فەقێیەکی زۆر لە هەموو ناوچەکانی کوردستانەوە دەهێنێت و پەروەردەیان دەکات، ماوەی 75 ساڵ لەو حوجرەیە خەریکی گوتنەوەی وانە بووە، مەلایەکی زۆر پێدەگەیێنێت، یەکێک لەوانە شێخ ئەمجەدی زەهاوییە کە موفتی هەموو عێراق بوو، یەکێکی دیکە لەو کەسانەی کە لەو قوتابخانەیە پەروەردە بووە، مەولانا خالیدی نەقشبەندیە، هەروەها نالیی شاعیر کە بەرزترین شاعیری کوردە و هەر لەو قوتابخانەیە پەروەردە بووە.

قوتابخانەی خەرپانی لەو ماوەیەدا هێندە نێودار دەبێت کە میرانی بابان خۆیان دێن بۆ لای مەلا عەبدوڵڵا و کۆمەڵێک پارچە زەوی و موڵکی ئەو ناوچەیەی بەناو دەکەن بۆ ئەوەی ئەو سامان و داهاتە لە خزمەت حوجرە و فەقێیەکان خەرج بکات. بۆیە ئەو قوتابخانەیە دەبێتە گەورەترین قوتابخانە لە دەشتی شارەزوور کە خەڵک ناویان لێناوە سێکوچکەی زانست، واتە قوتابخانەکەی مەلا عەبدوڵڵای خەرپانی، قوتابخانەی مەلا جەلالی خورماڵی و قوتابخانەی بیارە.

بەرهەمی ساڵی 2021