مێژووی تەریقەتەکان لە کوردستان
لە ئەڵقەی حەوتەمی بەرنامەی (خاکی پیرۆز) دا کە بەرنامەیەکی مەیدانیی تۆڕی میدیایی رووداوە و حەسەن مەحموود حەمەکەریم، لێکۆڵەری مێژووی کورد پێشکەشی دەکات، باس لە مێژووی دروستبوونی تەریقەتەکان لە کوردستان و دامەزرێنەرانی ئەو تەریقەتانە دەکرێ تاوەکو دەگاتە دامەزراندنی تەریقەتی نەقشبەندی لەلایەن مەولانا خالیدی نەقشبەندی.
لە دەستپێکدا حەسەن مەحموود باسی قۆناخەکانی تەسەوف لە کوردستان دەکات و دەڵێت: تەسەوف لە کوردستاندا 10 قۆناخی بڕیوە، قۆناخی یەکەمیان ئەوکاتە بوو کە باباعەلی هەمەدانی تەریقەتی (نووربەخشی)ی بەڕێوەدەبرد، پێش باباعەلی هەندێک تەریقەت هەبوون لە هێڵە گشتییەکانی ئیسلام لایاندابوو، بەڵام ئەو هات و هەموو تەریقەتەکانی لە تەریقەتی (نووربەخشی)دا کۆکردەوە و توانی رێبازێکی نوێ لە ناوچەی هەمەدان تاوەکو شارەزوور بەڕێوەببات.
ئینجا باس لە دروستبوونی تەریقەتی بەرزنجی و دواتر یارسانی دەکات و دەڵێ: شێخ عیسا و شێخ مووسا کە دوو کوڕی باباعەلی هەمەدانی بوون، لە هەمەدانەوە چوون بۆ حەج و لە گەڕانەوەیاندا لە بەرزنجە لایاندا، رێبازێکی تازەیان دروستکرد جیا لە رێبازەکەی باوکیان، ئەویش رێبازی بەرزنجی بوو. ئەم رێبازە لەوەی باوکیان جیاواز بوو، چونکە تەریقەتەکەی باوکیان زۆر لە ئیسلامەوە نزیک نەبوو، ئەمان کۆمەڵێک زانا و مەلایان هێنا و لە بەرزنجە پەروەردەیان کردن و رێبازەکەیان لە شەریعەت نزیککردەوە، دوای ئەوانیش تەریقەتێکی دیکە پەیدا بوو بەناوی تەریقەتی یارسانی کە یەکێک لە کوڕەکانی شێخ عیسای بەرزنجی هێنای.
شێخ عیسا 12 کوڕی هەبوو، کوڕە بچووکەکەیان کە ناوی سوڵتان ئیسحاق بوو، داوای لە باوکی کرد تازەگەری لە تەریقەتی بەرزنجی و نووربەخشیی باپیریاندا بکەن، بەڵام باوکی بەو پێشنیازە دڵخۆش نەبوو، دوای چەندین گفتوگۆ براکانی گوتیان نابێت لەگەڵ باوکمان گفتوگۆ بکەی. سوڵتان ئیسحاق بە ناچاری بەرزنجەی جێهێشت و چووە شێخان لە سنووری هەورامان، لەوێ تەریقەتێکی تازەی دروستکرد بەناوی تەریقەی یارسانی کە لە تەریقەتەکەی باوکی لەپێشتر بوو.
سوڵتان ئیسحاق لە شام و قاهیرە و حیجاز خوێندبووی، شتی زۆر فێرببوو لەبارەی شەریعەتی ئیسلامەوە، هەوڵیدا نوێکاری لە تەریقەتی باوکیدا بکات کە تاوەکو 100 ساڵێک ئەو تەریقەتە بە پاکی مایەوە و هیچ کێشەیەکی بۆ دروست نەبوو تاوەکو دروستبوونی دەوڵەتی سەفەوی.
ئەو لێکۆڵەرە دەڵێ: کە دەوڵەتی سەفەوی دروستبوو، یارسانەکانی هاندا بەشداری لە دروستکردنی دەوڵەتەکەدا بکەن، ئەوانیش بەرەو شیعەگەری بردیان و کۆمەڵێک خورافاتیان تێکەڵکرد کە لەگەڵ هێڵی سوڵتان ئیسحاقدا نەدەگونجا، بە تایبەتی قەڵخانییەکان کە کۆمەڵێک گۆڕانکارییان تێدا کرد لە ئەسڵی تەریقەتەکەی سوڵتان ئیسحاقدا نەبوو، ئەمان بەرەو باتنی بردیان.
پاشان دێتە سەر پەیدابوونی تەریقەتی قادری و دەڵێ: دوای ئەوە لە کوردستان تەریقەتێکی دیکە دروستبوو کە ئەویش تەریقەتی قادرییە، شێخ عەبدولقادری گەیلانی بنچینەی ئەم تەریقەتەی لە نێرگسەجاڕ دانا، دواتر کە لەگەڵ شێخ ئەبولوەفای نێرگسەجاڕی چوونە بەغدا، ئەو تەریقەتەیان بە تەواوەتی جێبەجێ کرد.
شێخ عەبدولقادری گەیلانی خۆی زانایەکی گەورە و شارەزاییەکی زۆری هەبوو، بۆیە توانی تەریقەتێکی زۆر بەهێز بەناوی تەریقەتی قادری دابمەزرێنێ کە هەموو تەریقەتەکانی پێش خۆی لاواز کرد، شوێنکەوتووانی تەریقەتەکانی دیکە لە هەموو وڵاتانی دیکەوە هاتنە ژێر سایەی تەریقەتی قادری.
دوای 300 ساڵ لە بەردەوامبوونی تەریقەتی قادری، کەسێک بەناوی مەولانا خالید پەیدا دەبێت کە خەڵکی قەرەداخ بووە، مەولانا خالیدیش هات و نوێگەری لە تەریقەتی تەسەوف لە کوردستاندا کرد و تەریقەتێکی بەناوی نەقشبەندی دامەزراند، ئەو تەریقەتەش لە هەموو تەریقەتەکان زیاتر نزیک بوو لە شەریعەت و فیقهـ و قورئان و فەرموودە، یەکەم کەس کە لەسەر ئەو تەریقەتە پێگەیشت شێخ عوسمانی سیراجەدین بوو کە مەزاری کوڕەکەی ئێستا لە بیارەیە بەناوی شێخ عومەری بیارە.
شێخ عومەر گەورەترین نوێگەرە لە رێبازی نەقشبەندیدا، ئەو رێبازەی لە باوکی وەرگرت و تازەگەرییەکی زۆری تێدا کرد، باوکی تەنیا خانەقایەکی هەبوو کە شوێنی زیکر و عیبادەت و نوێژ و هەندێک خوێندنیشی تێدابوو، بەڵام ئەو هات و لە هەموو کوردستاندا 30 خانەقای دروستکرد و 30 خەلیفەی گەورەی پێگەیاند، ئەو خەلیفانەی نارد بۆ هەموو ناوچە کوردییەکان و هەریەکەیان خانەقایەکی دروستکرد. لە پاڵ هەموو خانەقایەکیش مزگەوتێکیان دروستکرد، ئەمەش شتێکی تازە بوو لە کوردستاندا رابەرێکی ئایینی بڕیار بدات لە پاڵ هەموو خانەقایەک مزگەوتێک هەبێت، تێیدا شەریعەت و زانست فێری خەڵک بکرێت.
دوای کۆچی دوایی شێخ عوسمانی سیراجەدین، شێخ عومەر لە کفرییەوە دەگەڕێتەوە بیارە و لەوێ یەکەم کاری ئەوە بووە پایتەختی خەلافەتی رۆحی لە تەوێڵەوە بگوازێتەوە بۆ بیارە، ئەوەش بۆئەوەی کە ئەوەی لە بیارە دەیکات هیچی لە تەوێڵە نەچێت، لە بیارە خانەقایەکی زۆر گەورە دروستدەکات، لەپاڵ خانەقایەکەش قوتابخانەیەکی زانستی شەرعی دروستکرد. لە کوردستاندا گەورەترین زانا کە شێخ عەبدولقادری مودەڕیس بوو رازیکرد بێتە بیارە و ئەو قوتابخانە گەورە زانستییەی رادەست بکات کە نزیکەی 100 فەقێی هەبوو، بۆئەوەی شێخ عەبدولقادر لە بیارە جێگیر ببێت، شێخ عومەر جوانترین کچی خۆی کە ناوی فاتمە بوو، دایە ئەو بۆئەوەی هەر لە بیارە منداڵیان ببێت و دڵی بەهیچ لایەکی دیکەدا نەڕوات. ئێستاش گۆڕی هەردووکیان لە مەزارەکەی شێخ عومەری بیارەیە.
قوتابخانەیەکی دامەزراند و نامەیەکی بۆ ئەزهەر نارد بۆ ئەوەی ئەو کتێبانەی لە ئەزهەر دەردەچێت لەوێ بۆی بنووسنەوە و بۆی وەربگێڕن و بۆی بهێننە بیارە، هەموو خەرجییەکانیشی خستە ئەستۆی خۆی.
بەرهەمی ساڵی 2021