کۆکردنەوەی بەرهەمی گەزۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان
کۆکردنەوەی بەرهەمی گەزۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان
زۆربەمان گەزۆمان خواردووە، بەڵام رەنگە نەزانین چۆن دروست دەکرێت و ئەو مادەیە چییە کە گەزۆکەی لێ دروستدەکرێت.
گەزۆ، شیرینێکی شاهانە و نایابی کوردەوارییە، هاونیشتمانییەک بەناوی سەیوان لە گوندی رەشەدی لە شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە،کە تێدا سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەرهەمی گەزۆن، لەسەر دارو درەختەکاندا کۆدەبێتەوە.
گەزۆ ماددەیەکی شیرینە کە لەسەر داروگەڵای بڕێک دار دروست دەبێت. گەزۆ بەرھەمی جۆرە مێروویەکە کە لەسەر دار و گەڵای درەختان دەژیت، ھەرچەند رێککەوتنێکی ھەمەلایەنەی مێژوویی لەسەر چییەتی و چۆنییەتیی دروستبوونی گەزۆ بوونی نییە. لە بڕێک ناوچەدا بە جۆرێک ئۆرگانیزم دەوترێ، کە لەسەر درەخت و بەرد دەڕوێن و شیرینن. گەزۆ لە زۆرێک لە ناوچەکانی مێزۆپۆتامیا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەیە. لە کوردستاندا، بەتایبەت، لەمێژەوە بووە و ناسراوە. لە ئایینە ئیبراھیمییەکاندا وتراوە کە خودا لە ئاسمانەوە بۆ قەومی ئیسرائیلی ناردووە.
لە سەرەتادا گەزۆ، لە دوای مانگی پێنجەوە تا كۆتایی مانگی هەشت و نۆ،لە ناوچە شاخاویەكاندا دەبارێت. پاش ئەوەی گەزۆكە لە شاخەوە دەهێنین و پاكی دەكەنەوە، دۆشاوێكی تایبەتی لێ دروست دەكرێت. دوای قۆناغی بەدۆشاوكردنەكە، دەچێتە قۆناغێكی دیکەوە كە پێی دەڵێن حەڵوای گەزۆ. بەیەکەوە لە کۆکردنەوەی گەزۆ دەڕوانین.
فرێدانی پاشماوەکان لە پارکەکانی گەڕەکی رۆشنبیری
گەڕەکی رۆشنبیری، یەکێک لە گەڕەکە نوێییەکانی شاری هەولێرە، چەندین پارک و باخچەی بچووک بۆ جوانکردنی شاری هەولێر دروستکراوە، بەڵام ژمارەیەک لە هاونیشتمانیان پاشماوەیەکی زۆریان تێدا جێهێشتووە و ژینگەکەیان پیسکردووە.
هاونیشتمانییەک بەناوی عەبدولرەحمان، ئەم دیمەنە دەبینێت، زۆر دڵتەنگ دەبێت و دەست دەداتە مۆبایلەکەی و وێنەی دەگرێت و بۆ رووداوی تۆی دەنێرێت، لە ڤیدیۆکە دیارە،کە ژمارەیەکی زۆر لە پاشماوە لەنێو درەختەکان فرێدراون، ئەمەش زیان بە ژینگە دەگەیەنێت. هیوادارین خەڵکی زیاتر گرنگی بە ژینگەی کوردستان بدەن، دواجار ئەمە نیشیمانی هەموومانە.
پیسبوونی ژینگە ئەمڕۆ بووەتە یەکێک لەو هۆکارانەی کەئاسایشی جیهانی خستۆتە بەر هەڕەشە و مەترسییەوە، چونکە پیسبوونی ژینگە سنوورە سیاسی و ئیدارییە دەستکردەکان ناناسێت و پیسبوونی پێکهێنەرەکانی لەهەر شوێنێکی دنیادا، کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر شوێنەکانی تریش لەجیهاندا.
دروێنەکردن لە دەڤەری باڵەکایەتی
لە دەڤەری باڵەکایەتی، بە دروستی لە گوندی بێشەی ناحیەی سمیلانی قەزای چۆمان، کاری دروێنەی گەنم
کە بە بەشێکی گرنگی ئیش و کاری خەڵکی گوندی بێشە دادەنرێت دەستپێکردووە.
ساڵانە لە کۆتاییەکانی وەرزی بەهارو سەرەتای وەرزی هاوین دەست بەدروێنەکردن دەکرێت، بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافیای ناوچەکەو لێژی زەویەکانی، بۆیە ناتواندرێت گەنمەکە بە ئامێری پێشکەوت و بدروێتەوە، لەبەر ئەوە خەڵکی گوند، بە هاوکاری یەکتری بە داس و مەرەغان لە بەیانیەکی زووەوە دەست ئەکەن بە دروێنە تا خۆر ئاوابوون و بەدەست گەنمەکە لە شوێنێکی زەوی کۆدەکەنەوە.
هەڵبەتە ئەو گەنمەی لەم ناوچەیە دەچێنرێت، گەنمە ئاوییە و چەند جۆرێکی دەچێنرێن، وەک گوڵ رەش و گوڵ زەرد، لەگەڵ ئەوەشدا بارانیش کاریگەری هەیە بەسەر زۆر بوونی بەرهەمەکەی دەڤەری باڵەکایەتی، لەبەر ئەوەی شوێنەکە شاخاویە بە بارانی مسۆگەر ناسراوە،.
دروستکردنی نانی قەیسی لە شێلادزێ
نانی قەیسی یان نانە قەیسی، دروستكراوێكی كۆنی کوردەوارییە، و هەر لەكۆنەوە خەڵکی گوند توانیویانە بەچەندین شێواز و رێگەی جیاواز و هەروەها بە چەندین جۆر و تامی جیاواز نانە قەیسی ئامادە بكەن.لە شێلادزێ سەر بە پارێزگای دهۆک دەست بە دروستکردنی نانە قەیسی کراوە.
هەڵبەتە نانە قەیسی لەخۆشاو پاش وشككردنەوەی قەیسی و ئاڵو باڵو دروست دەبێت، باشترین جۆرەكانیشی بەتامی جیاوازەوە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان دەست دەكەوێت، بەتایبەتی شەقڵاوە لە كۆنەوە زۆر بەوە بەناوبانگە، بێگومان شێلادزێش لەم کارەدا ناوبانگی دەرکردووە.
خەلکی بۆ کڕینی نانە قەیسی و بەرهەمە خۆماڵییەکان لە هاوین و زستان سەردانی ئەم ناوچانە دەکەن، بەتایبەتی كاتێك ئەو نانە قەیسی و تەمەرە ترشانە دەبینن ئیدی خۆیان پێناگیرێ و دەیكڕێ و هەندێكی هەر لە شوێنەکە لێدەخۆن. ئەحمەد شامکی لەمبارەیەوە ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کەتێدا چۆنیەتی دروستکردنی نانەقەیسی نیشاندەدات، با بەیەکەوە بیبینین.
خاوێنکردنەوەی کانییەکانی کوێستانی گوندی کەوەرتە
بە هەرەوەزی کانیاوەی کوێستانەکانی گوندی کەوەرتە لە قەزای چۆمانی ناوچەی باڵەکایەتی، لەلایەن دانیشتووانی ئەم گوندە خاوێن و نۆژەنکراونەوە.
لە گوندەکانی دەڤەری باڵەکایەتی هەموو ئیش و کارێكی گوندەکە بەهەرەوەزی دەکەن، چونکە پێیانوایە هەموویان ئەرک و مافیان لەسەر شانە و دەبێت ژینگەو کانیاو خاکەکەی بەیەکەوە بپارێزن و بەهاوبەشی کارەکانی ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی لەسەر خێزانەکان نەبێت بارو بە هەرەوەزی کارەکان خێراتر دەڕۆن بەڕێوە.
هونەر کەوەرتی، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە،کە تێدا ژمارەیەک لە دانیشتووانی ئەم گوندە سەرقاڵی خاوێنکردنەوەو نۆژەنکردنەوەی کانیاوی گوندەکەن، لەلایەکی دیکەشەوە کتیر و چایەدان لەسەر ئاگرێکی بەکوڵ دانراوە، بۆ ئەوەی ماندوویەتیان بە چایەکی سەر خەڵوز بەحەسێتەوە.
خەڵکی گوند زیاتر پشت بە ئاوی کانیاوەکان بۆ خواردن و ئاوادانی رەز و باخەکانیان دەبەستن، بۆیە لە هەموو گوندێك گرنگی زۆر بە کانیاو دەدرێت، لە نێو گۆرانی و ئەدەبیانی کوردیشدا زۆر لەسەر کانی گوند بڵاوکراوەتەوە، بەتایبەتی کاتێک کچانی گوند گۆزەیان لەسەر شان داناوەو گەڕاونەتەوە ماڵەوە لەرێگەدا سەرنجی گەنجەکانیان راکێشاوە، بەیەکەوە لەم دیمەنانە دەڕوانین.
چاندنی بەرهەمی تووتن لە ناحیەی بێتواتە
لە گوندی ھەرتەل سەر بە ناحیەی بێتواتە سەر بە قەزای رانیە پارێزگای سلێمانی، دەست بە چاندنی تووتن کراوە.
هاونیشتمانییەک هیوا رەجەب لە گوندی هەرتەل، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا چەند جووتیارێک دەردەکەون و سەرقاڵی ئامادەکردنی بەرهەمی تووتنن.
گوندی هەرتەل، پێشتر زیاتر لە ٣٠٠ ماڵ پێکهاتبوو، بەڵام دوای ئەوەی رژێمی بەعس هەموو گوندەکانی وێرانکرد، هەرتەل یەکێک بوو لە گوندانەی رووخێندرا، بەڵام ئێستا تەنیا ٥ ماڵی تێدا دەژیت. کە هەموویان سەرقاڵی کشتوکاڵی و ئاژەڵدارین، زیاتر بە بەرووبوومی هەنار و گوێز و ترێ بەناوبانگە.
ھەرتەل گوندێکە، کەوتووەتە ناحیەی بێتواتە، قەزای رانیە، پارێزگای سلێمانی، باشووری کوردستان. ھەرتەل لە باکوور ھاوسنوورە لەگەڵ گوندی ساوسێوک و لە باشوور لەگەڵ گوندی سەرگەشت و لە رۆژھەڵات لەگەڵ گوندی بێردبێ و لە رۆژئاوا لەگەڵ گوندی بەڕۆژە.
بهشی بكه لە