کۆکرنەوەی گوێزی دەڤەری باڵەکایەتی
بەرهەمهێنانی چەوەندەری 12 کیلۆیی لە گوندی چەپەراوێ
وەرزی کۆکردنەوەی چەوەندەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووە، تاهیر مەلام لە گوندی چەپەراوێ سەر بە شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە سەرقاڵی کۆکردنەوەی ئەو بەرهەمەن.
ژمارەیەک کەس سەرقاڵی کۆکردنەوەی ئەم بەرهەمەن، پێدەچێت لەو کارە زۆر ماندووبوونە، بەڵام ئەوەی دڵخۆشی کردوونە، دوو چەوەندەری گەورەی 12 کیلۆگرامیان لە ژێر زەویدا دەرهێناوە و وەک یادگارییەک بە ڤیدیۆ تۆماریان کردووە و بۆ رووداویان تۆیان کردووە.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ساڵانە زەوییەکی زۆر بۆ چەوەندەر تەرخاندەکرێت و ژمارەیەکی زۆر لە جووتیاران و کرێکاران لەرێگەی ئەم بەرهەمەوە بژێوی ژیانیان دابین دەکەن.
چەوەندەر شەکر و قەندی لێ بەرهەمدەهێندرێت و جگە لە بەکارهێنانی لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا، بەشێکیشی هاوردەی وڵاتانی دیکە دەکرێت.
کۆکردنەوەی گوێزی دەڤەری باڵەکایەتی
باخەوانان لە ماوەی ساڵێکدا لە چاوەڕوانی ئەم وەرزەدان بۆ ئەوەی بەرهەمی باخەکانیان کۆبکەنەوە و لە بازاڕدا بیفرۆشن و بەشێکی بۆ پێداویستی خۆیان بەکار بێنن، بەمەش قازانجێکی ماددی دەکەن و لە هەمانکاتتدا چێژ لە خواردنی بەرهەمەکانیشیان وەردەگرن.
هاونیشتمانییەک بەناوی خورشید چۆمانی لە دەڤەری باڵەکایەتی لە قەزای چۆمانی سەر بە پارێزگای هەولێر، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە بەرهەمی ئەمساڵی گوێز کۆدەکرێتەوە.
گوێز تەکاندن کارێکی سەختە، چونکە کەسێک دەبێتە بچێتە سەر درختی گوێزەکانەوە و بە دارێک لە لقی درختەکە بدات و گوێزەکان بکەنەوە سەر زەوی و چەند کەسێکیش لە خوارەوە کۆیان بکەنەوە، زۆر جاران ئەوانەی دەچنە سەر درختەکەوە، دەکەونە خوارەوە، جا لەم بەرزییەوە کەوتنە خوارەوە مەترسییەکی زۆر لەسەر مرۆڤ دروست دەکات و ئەگەری هەیە گیانی لەدەست بدات.
درەختی گوێز دارێکی جوانە و ھەندێ جار درێژایی دەگاتە ٢٠ مەتر، لە ناو گوێزدا مادەکانی وەک پرۆتین و ڤیتامین و شەکر و چەوری ھەیە. رێژەی بوونی مادەی فوسفۆر، کە مادەیەکی گرنگی خواردنە، لە ناو گوێز هەیە، وەک رێژەی فسفۆرە لە ماسی و برنج و ھێلکەدا.
دروستکردنی گوشمە لە شێروان مەزن
ئێستا کات کاتی رنینی بەرهەمی قەزوانە لە گوندەکانی کوردستان، دەچینە دەڤەری بارزان لە ناحیەی شێروان مەزن، کە لەو گوندە بە هەرەوەزی دەستیان بە لێكردنەوە و رنینەوەی بەرهەمی ئەم ساڵی قەزوان کردووە، بەشێک لە خەڵكی گوند قەزوان بە سەوزی بەکار دەهێنن و بەشێکی دیکەش دەیهاڕن و دەیکەن بە گوشمە و بەشێکیش بۆ قاوە بەکاری دەهێنن.
ڤیدیۆیەک بۆ رووداوی تۆ هاتووە کە هاونیشتمانییەک بە باگردێن خەریکی هاڕینی قەزوانە، با ئێمەش پێکەوە بینەری بین.
کۆکردنەوەی قەزوان لە چیای برادۆست
هەر لەسەر بەرهەمی قەزوان دەمێنینەوە، لە چیای برادۆست دەستکراوە بە کۆکردنەوەی بەرهەمی قەزوان، لەو ناوچەيە کە بەرهەمێكی باشی قەزوان لە ناوچەکە پێگەیشتووە، هاونیشتیمانییەک بەناوی ساڵح هەرکی ڤیدیۆیەکی تایبەت بە رووداوی تۆ ناردووە، کە بەدەست قەزوانەکە دەڕنێت و پارچە پەڕۆیەکی لە کەمەری بەستووە و باس لە قەزوانی ئەمساڵ دەکات.
لە دوای 15 ساڵ جارێکی دیکە لە گوندی چەم سن برنج بەرهەمهات
چەم سن گوندێکی سەر بە ناحیەی دینارتەی قەزای ئاکرێیە، ئەمساڵ برنجی کوردی تێدا چێندراوە و بە داس و بە شێوازی کۆن دروێنەی بۆ کراوە و بەهۆی ئەوەی کارێکی سەختە، بە هەرەوەزی کارەکە ئەنجامدرا.
شڤان زێباری ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە، تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ماوەی 15 ساڵە برنج لەو گوندە نەچێندراوە، بەڵام ئەمساڵ بڕیاریاندا دووبارە ئەم بەرهەم بچێنن.
لە ناحیەی دینارتە بەهۆی ئەوەی بەشێک لە گوندەکانی شاخاوینە، دروێنەی ئەم بەرهەمە لەو شوێنانە سەختە و ئامێری وەک دەراسە ناگاتە ئەو شوێنە سەخاتنە، بۆیە هاونیشتمانیان شێوازی کۆن بۆ دروێنەی برنجەکە بەکاردێنن.
دروێنەی رووبەڕێکی زۆری داپۆشراو بە بەرهەمی برنج بە داس کارێکی ئاسان نییە، بۆیە خەڵکی ئەو گوندانە بە هەرەوەزی ئەنجامی دەدەن و هاوکاری یەکتر دەکەن.
دروێنە برنج لە گوندی ماڵە موس
هەر لە بارەی برنجی کوردی دوور ناکەوین و لە ناحیەی دینارتە دەمێنینەوە، بەڵام ئەمجارە لە گوندی ماڵە موس باسی بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمە کشتوکاڵییە دەکەین، کە بووەتە سەرچاوەی بژێوی ژیانی بەشێک لە خەڵکی ئەو دەڤەرە.
لە گوندی ماڵە موسیش هاوشێوەی گوندی جەم سنێ برنج بە داس و شێوەی کۆن کۆدەکرێتەوە، چونکە ئامێری دەڕاسە ناگاتە شوێنی چاندنی بەرهەمەکە، بۆیە ناچارن بە هەرەوەزی ئەو کارە بکەن و هاوکاری یەکتر بکەن، بەڵام بەرهەمەکە بۆ خاوەن زەوییەکە دەبێت و لە کۆتاییدا سوپاسیان دەکات.
هەڵپەڕکێی شاخەوانان لە دوای ئەنجامدانی گەشتێکی شاخەوانی
مریم یونس ئەندام و بەرپرسی بەشی راگەیاندنی سەنتەری بارزان بۆ ژینگە پارێزی و شاخەوانی، لەگەڵ ژمارەیەک شاخەوانانی دەڤەری بارزان و ناوچەکانی دیکەی کوردستان، ئەمجارە سەردانی چیای قەڵای ئاکرێیان کردووە، کە بە خەڵکی دەڤەرەکە پێی دەڵێن کەلها ئاکرێ یان کەلێ.
مریم یونس ڤیدیۆیەکی تایبەت بە رووداوی تۆ بۆ رووداوی تۆ ناردووە و دەڵێت پێکەوە لە کۆتایی گەشتەکەیان بەدەم گۆرانییە هەڵپەڕکێیان ئەنجامدا و دڵخۆشبوون، ئەمەش بە شێوازی کۆن بووە، کە کەسێک گۆرانی دەگوت و کەسێک بە دوایاندا گۆرانیان دەگوتووە.
گەنجێک خەرەندی رواندز دەناسێنێت
خەرەندی رواندز دیاردەیەکی سروشتییە لە کەم ناوچەی دنیادا هەیە، خەرەند جوانییەکی تایبەتی بەخشیوە بە شارەکە، دەڤەری رواندز یەکێکە لەو ناوچانەی بەهۆی خەرەندەوە بەشێک لەو جوانییەی بەرکەوتووە.
زۆربەی دانیشتوانی رواندز بە خەرەند راهاتوون، تەنانەت بەشێک لە سرووشت و تایبەتمەندی خەرەندیان وەرگرتووە، خەرەند بووە بە بەشێک لە خۆیان.
خەڵکی لە شوێنانی دوور دێن بۆ بینینی خەرەند و وێنەی یادگاری لەگەڵ دەگرن.
کەریم موفتی ڤیدیۆیەکی تایبەت بە رووداوی تۆ ناردووە سەبارەت بە خەرەندی رواندز ئێمەش پێکەوە بینەری دەبین.
لە قەسارا هاونیشتمانییەک داوای خزمەتگوزاری دەکات
لە گوندی قەسارا لە سنووری پارێزگای دهۆک، هاونیشتمانییەک بەناوی یاسر سلێمان ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، تێیدا داوای خزمەتگوزاری لە گوندەکەیان دەکات و گلەیی لەوە دەکات، کە ئاوی چەند ماڵێک لە کۆڵانەکی ئەواندا کۆدەبێتەوە.
یاسر سلێمان ڤیدیۆکەی ناردووە بۆ ئەوەی لایەنی بەرپرس بیبینن و چارەسەری ئەو کێشەییان بۆ بکەن.
دیمەنی گوندی هەسنان لە وەرزی پاییزدا
دیمەنی وەرزی پاییز ناوچەکانی کوردستان جوانتر و رازاوەتر دەکات، ئومێد هەسنانی چەند دیمەنێکی پاییزی گوندی هەسنانی سەر بە قەزای سۆرانی بۆ ناردووین، کە جوانتر و جوانتر خۆی پیشان دەدات.
گوندی هەسنان، کەوتووەتە بناری چیای حەسەن بەگ، هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافیایی گوندەکە وایکردووە لە هەر چوار وەرزی ساڵ دیمەنێکی جوانی هەبێت. پیشەی سەرەکی خەڵکی گوند ئاژەڵداری و کشتوکاڵ کردنە.
سەردانی خەڵکی بۆ گوندی بەرچی
دەچێنە گوندی بەرچی لە سنووری بە قەزای ئامێدی، کە لە ساڵی 1988 بە هۆی پرۆسەی ئەنفال لەم گوندە ئەنجامدرا و گوندەکە وێران و چۆڵکرا.
ئیستا رێگە دراوە بە خەڵكی گوندەکە، کە تەنیا بۆ ماوەی ٣ رۆژ بۆیان هەیە سەردانی گوندەکە بکەن، شەعبان مشەختی، خەڵكی گوندی بەرچی و ڤیدیۆیەکی تایبەت بە رووداوی تۆ ناردووە و دەڵێت، ماوەی زیاتر لە دە ساڵە لەبەر ئەوەی کە گوندەکانمان کەوتوونەتە ناوچەکانی سنووری هەرێمی کوردستان و تورکیا ، ناوچەکە رێگە پێنەدراوە، زیاتر لە10 ساڵە خەڵکی گوندەکە سەردانی نەکردووە، ئێستا سێ رۆژ رێگایان پێداوین، کە سەردانی گوندەکانمان بکەین.
رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانەدەکات.
رۆژانە کاژێر 22:30 خولەک پێشکەشدەکرێت.
بهشی بكه لە