گەشتێکی شاخەوانی بۆ گەلی کەڕەک

گەشتێکی شاخەوانی بۆ گەلی کەڕەک
کۆکردنەوەی قەیسی لە نەغەدە

لە گوندی دزەی ناوەچەی مەرگەوەڕی لە شاری نەغەدەی رۆژهەڵاتی کوردستان، وەرزی رەنینی بەرهەمی قەیسی ئەمساڵ دەستی پێکرد.

لە باخەکانی جەعفەر گلاوبن لە گوندی دزە، جووتیاران دەستیان بە کۆکردنەوەی بەرهەمی قەیسی کردووە، بەهۆی بەرزی دارەکانی قەیسی بە ئامێری حەفارە رەنینی قەیسی دەکەن.

سەید محەممەد موسوی لە شاری نەغەدە ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا ژمارەیەک جووتیار سەرقاڵی کۆکردنەوەی قەیسین و دەیانەوێت لە ماوەیەکی کەمدا زۆرترین قەیسی کۆبکەنەوە.

شاری نەغەدە، یەکێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بە پێی سەرژمێرییەکانی ساڵی ٢٠٠٦ ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە ١١٨ هەزار کەس بووە،نەغەدە لە باکوورەوە ھاوسنوورە لەگەڵ شاری ورمێ و دەریاچەی ورمێ و لە باشوورەوە لەگەڵ شاری مەھاباد و شاری پیرانشار و لە رۆژئاواوە لەگەڵ شاری شنۆ.

ژیان لە ئەڵمانیا ئاسایی دەبێتەوە
دوای کەمبوونەوەی رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە ئەڵمانیا ، ژیان ئاسایی دەبێتەوەو خەڵکی روو لە کەناری دەریایەکان دەکەنەوە.
لە باکووری ئەڵمانیا، تایبەت هەرێمی شلێس. ڤیگ هۆلشاین، شاری کیل خەڵک بەهۆی کەمبوونەوەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما،پەنایان بۆ کەنار دەریاکان بردووە،بەو هۆیەوە قەڕەباڵخێكی زۆری دروست بووە، تایبەت سەر دەریای فریدریخس ئۆرت .
حەسیب ئەدیب زاخۆیی کوردێكی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیایە، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا دەردەکەوێت خەڵک لەسەر کەنار دەریا پاڵ کەوتوون و خۆیان داوەتە بەر خۆر، لایەنی پەیوەندیدار رێگیریان نابن ، بەڵام هەر لە سەر پابەند بوون و جێبەجێکردنی رێ و شوێنی خۆ پاراستن ئامۆژگاری بە هاوڵاتیان دەدەن.
رێژەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەڵمانیا تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە زیاتر لە 192 هەزار کەس و نزیکەی 9 هەزار کەسیش بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، 175 هەزار کەسیش لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە.

بازاڕی دۆلارەکە سلێمانی
لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی قەرەباڵغیەکی زۆر هەیەو بەشێك لەو کەسانەی سەردانی ئەم شوێنە دەکەن رێکارە خۆپارێزییەکان جێبەجێ ناکەن.
هاونیشتمانییەک ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی کۆبوونەوەو کەوتوونەتە نێو یەکدی، بەبێ ئەوەی رێنماییەکان جێبەجێ بکەن. یەکێك لە دۆلارفرۆشەکان هاوار دەکات و دەڵێت وێنە مەگرە با پێمان دانەخەن، بەڵام وێنەگرەکە بەردەوام دەبێت لە قسەکانی و باسی مەترسی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دەکات.
ئەم هاونیشتمانییە دەشڵێت، بازاڕەکە لەژێر زەمیندایەو هەواگۆڕکێكی تێدا نییە، بۆیە هەموو هەناسەکان تێکەڵ بەیەکدی بوونە، رۆژ دوای رۆژیش رێژەی تووشبوون و مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی لە هەڵکشاندایە، داواش لە حکومەت دەکات رێکاری تووند لەم شوێنانە بگرێتەبەر.

لە ناحیەی رزگاری ئاژەڵەکان لەنێو پارکەکان دەلەوەڕێن
لە یەکێک لە پارکەکانی ناحیەی رزگاری لە قەزای کەلاری سەر بە پارێزگای سلێمانی، ژمارەیەکی زۆر لە ئاژەڵەکان تێدا رۆژانە دەلەوەڕێن و درەخت و گوڵەکانی پارکەکەیان خواردووە.
هاونیشتمانیەک بەناوی ئیبراهیم ساڵەیی لە ناحیەی رزگاری قەزای کەلار ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا ژمارەیەک لە مەڕ و بزن دەردەکەون لە نێو پارکێكدان و دەرختەکان دەخۆن، ئیبراهیم لەمبارەیەوە دەڵێت، کە لە نێو پارکی ئەنفالەکان لە گەڕەکی شاکەلی لە ناحیەی رزگار لە ئیدارەی گەرمیان،  ئاژەڵ بەخێو دەکرێن.
ئیبراهیم دەشڵێت، پارکەکان شوێنی حەسانەوەی هاوڵاتیانە، بەڵام لەو پارکە لەبەر ئاژەڵەکان ناتوانیت بحەسێیتەوەو لێی دانیشیت و کاتێكی خۆش بەسەر بەریت، چونکە لەبەر بۆنی پاشماوەی ئاژەڵەکان و نەمانی دارو درەخت کەس ناتوانێت لەم ناوە دابنیشێت.


لە بانە دووبارە دار سێوەکان گوڵیان گرتووە
لە گوندی سیاومەی سەر بە ناوچەی بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان، دووبارە دار سێوەکان گوڵیان داوەتەوە، کە ئەمەش لە بواری کشتوکاڵی کارێكی دەگمەنە.
نەسروڵڵا شەریفی، دانیشتووی گوندی سیاومە، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا چەند دار سێوێک لەم وەرزەدا گوڵی داوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا سێوی پێوە ماوە، ئەمەش بەکارێكی دەگمەن دەبیندرێت.
گوندی سیاومە، سەربە ناوچەی بانەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەم گوندە لە ١٢٠ ماڵ پێکهاتووە، ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە ٥٠٠ کەس دەبێت، کە زۆربەیان بە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییەوە خەریکن. بەیەکەوە لەم ڤیدیۆیەدا دەڕوانین.


لە چەمچەماڵ ژمارەیەک گەنج ماسک و دەستکێش دابەشدەکەن
دوای ئەوەی لە کوردستان، ڤایرۆسی کۆرۆنا خێراتر بڵاوبوویەوە، ژمارەیەک لە گەنجانی چەمچەماڵ هەڵمەتێکی هۆشیاریان لەبارەی کۆرۆنا دەستپێکردووە.
حوسێن مام ئەنوەر، گەنجێكی چالاکی شارۆچکەی چەمچەماڵە، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە.تێدا لەگەڵ 12 لە هاوڕێیانی کچ و کوڕی، لە نێو بازاڕی چەمچەماڵ، نزیکەی 2500 دەمامک و دەستکێشیان بەسەر دوکاندار و خەڵکی ناو بازاڕی چەمچەماڵ  بە ئامادەبوونی لیژنەی هاوبەشی قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ دابەشكرد، بۆ ئەوەی خۆیان لە پەتای کۆرۆنا بپارێزن.
حوسێن دەشڵێت ئەم هەڵمەتەیان بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی خەڵک لەمەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاگادار بکەینەوە، چونکە هێشتا بەشێکی زۆر لە خەڵکی گاڵتەیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دێت، کەچی رۆژانە دەیان کەس بەم پەتایە لە کوردستان گیان لەدەست دەدەن.
قەزای چەمچەماڵ یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای سلێمانی لە باشووری کوردستان،  لە ساڵی ٢٠١٠دا، ژمارەی دانیشتووانی ئەم قەزایە زیاتر لە ١٤٦ هەزار کەس بووە. قەزاکە لە حەوت ناحیە پێکھاتووە، شارۆچکەی چەمچەماڵ بە یەکێک لە شارۆچکە دێرینەکانی کوردستان و عێراق دەژمێردرێت و نزیکی ١٠ کم لە گوندی (چەرموو) وە دوورە، کە بە یەکەم مەڵبەند دادەنرێت کە مرۆڤ کشتوکاڵی تێدا کردووە، ئەمەش بە ھێزترین بەڵگەیە بۆ دێرینی ئەم شارۆچکەیە کە لەو کاتەوە مرۆڤی تێدا نیشتەجێ بووە.


قرژاڵێک ماسی دەخوات
لە گوندی سیکانی سەر بە ناحیەی باشیک لە پارێزگای مووسڵ، لە کەنار رووبارێکدا قرژاڵێك بە هێواشی ماسییەک دەخوات.
قرژاڵەکە ماسییەکەی لەبەردەم خۆی داناوەو هێدی هێدی دەیخوات، هاونیشتمانییەکیش بەناوی عومەر سیکانی ڤیدیۆی قرژاڵی ماسییە خۆرەکەی گرتووەو بۆ رووداوی تۆی ناردووە.
قرژاڵ، گیانەوەرێكی ئاوی و وشکانییە، نزیکەی 7 هەزار جۆری قرژاڵ لە جیهاندا هەیە، بەڵام بەشێكی زۆریان لە دەریا و رووبارەکان دەژین، لە باشووری کوردستانیش چەند جۆرێک لە قرژاڵ لە رووبارەکان هەیە، گۆشتی قرژاڵ لە زۆر وڵاتدا دەخورێت و خواردنێکی سەرەکیە.


دروێنەکردن لە گوندی دەربەندۆک بە گۆرانییەوە
هەمیشە گوتیانە میوزیک و گۆرانی هێزو توانا بەمرۆڤ دەبەخشێت، بۆیە لە گوندی دەربەندۆکی سەر بە ناحیەی خەلیفانی قەزای سۆرانی پارێزگای هەولێر بە گۆرانییەوە دەست بەدروێنەی گەنم کراوە.
گوندی دەربەندۆک ماوەی چەند رۆژێكە دەست بە دروێنەی گەنم کراوە،بەڵام ئەمجارە جیاواز لە گوندەکانی دیکە بە گۆرانی و داس دروێنە دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دروێنەکردنە بە هەرەوەزی دەکرێت و خەڵکی گوند هەر رۆژێ بۆ جووتیارێك گەنم دروێنە دەکەن، بۆ ئەوەی خاوەن گەنمەکان هەست بەماندوبوون نەکەن.
لە گوندی دەربەندۆک لە ٧٠ ماڵ پێکهاتووە، ژمارەی دانیشتووانی ئەم گوندەش نزیکەی ٥٠٠ کەس دەبێت، خەڵکی گوند بە ئاژەڵداری و کشتوکاڵییەوە سەرقاڵن، لە رووی کشتوکاڵییەوە ساڵانە بەرهەمێكی زۆر لە میوەو خەیار و تەماتە دەخاتەبازاڕەوە.



گەشتێکی شاخەوانی بۆ گەلی کەڕەک
گرووپی شاخەوانی دەنگ و رەنگی سرووشتی کوردستان، گەشتێکی شاخەوانیان بۆ گەلی کەڕەک و ناوچە شاخاوییەکانی قەزای رواندز ئەنجامداوە.
گرووپی شاخەوانی دەنگ و رەنگی سرووشتی کوردستان، لە 30 ئەندامای شاخەوانی کوڕ و کچ پێکهاتووە، کە هەفتانە گەشت بۆ ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان ئەنجامدەدات.
محەممەد حوسێن، یەکێکە لە ئەندامانی گرووپی شاخەوانی دەنگ و رەنگی سرووشتی کوردستان، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا ژمارەیەک لە شاخەوان سەردانی گەلی كەڕەکیان لە ناوچەی رواندز کردووە.
گەلی کەڕەک دەکەوێت بناری چیای ئارموش لە سنووری قەزای رواندز، کە نزیکەی 15 خولەک بە ئۆتۆمبێڵ لە رواندز دوورە، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران و شاخەوانان سەردانی ئەم ناوچەیە دەکەن، چونکە سرووشتێكی جوان و رازوەی هەیە سەرنجی هەموو خەڵکی رادەکێشێت.


یاریزانێکی بیلیارد لە سۆران جوڵەی سەیر ئەنجامدەدات
میللەت هەرکی، یاریزانێکی لێهاتووی یاری بیلیاردەو لەقەزای سۆرانی سەر بە پارێزگای  هەولێری باشووری کوردستان دادەنیشێت، میللەت جوڵەی سەیر  بە بیلیارد ئەنجامدەدات، بۆیە بووەتە جێگەی سەرنجی خەڵکی.
میللەت لە ساڵی 1999 لەدایکبووە، لە تەمەنی 9 ساڵییەوە دەستی بە یاریکردنی بیلیارد کردووە، ئێستا کەم کەس هەیە بتوانێت بەرامبەر میللەت یاری بکات، چونکە بە بەیەک دار سەدا 60ی تۆپەکان دەباتەوە، واتە بە دوو دار هەموو تۆپەکان دەباتەوە، بۆیە کەم کەس هەیە شان  لە شانی بدات.
بیلیارد یارییەکی دەستیە، کە بە هۆی دارێکەوە لە تۆپەکان دەدرێت، دوو جۆر یاری پێدەکرێت یاری سادە و یاری ئەلوان، یاری سادە واتە کۆکردنەوەی خاڵەکانی سەر تۆپەکان، یاری ئەلوان واتە بردنی یەک جۆر تۆپ. لایەنگرانی یاری بیلیارد لی کوردستان  رۆژ دوای رۆژ زۆر دەبێت، بەجۆرێک یاریزانی سەرکەوتوو و لێهاتووی زۆری تێدا هەڵکەوتووە.