پابەندییە داراییەکان و رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت

01-04-2023
مەحموود بابان
A+ A-
 
بەرایی
 
گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا جگە لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە پرسی دیکەی وەکو قەرز و پابەندیی دارایی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە کۆمپانیا نەوتییەکان، پرسی پێشفرۆشیی نەوت بە کڕیارەکان و بەشداری یاخود هەبوونی نوێنەری لایەنەکان لە دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پەیوەست بە نەوت و سامانە سرووشتییەکانی هێناوەتە ئاراوە.
 
هەروەها، پرسێکی دیکەی گرنگ پابەندییە داراییەکان یاخود شایستە و پشکی هەرێمی کوردستانە لە بودجەی گشتیی عێراقی فیدراڵ، کە لەدوای رووخانی رژێمی پێشووەوە بەشە بودجەی بۆ دیاریکراوە و لە ساڵی 2004وە تەمویلی هەرێمی کوردستان کراوە، بەڵام لە ساڵی 2014وە تاوەکو ئەم ساتە بڕاوە یاخود گۆڕانکاریی گەورە بەسەر بڕی ئەو پارەیە كراوە كە بۆ هەرێمی کوردستان هاتووە، بۆ نموونە ساڵانی 2016 و 2017 هیچ بڕە پارەیەک تەمویل نەکراوە و لە ساڵانی دواتریشدا بڕی ئەو پارەیە تەمویل نەکراوە کە لە بودجەدا بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە.
 
ئێستا، کۆبوونەوەکان بەرەو چارەسەرکردن یاخود دۆزینەوەی میکانیزمێك بۆ گەیشتنە رێککەوتن لەسەر ئەم پرسانە دەکرێت، بە شێوەیەک بەپێی زانیارییەکان، بەغدا داوای مامەڵە کردن لە قۆناخی دوای بڕیارەکەی دادگەی ICCی دەکات. گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە کە هەولێر و ئەنقەرە بڕیارەکەی دادگەی ICCیان پەسند کردووە، کە سۆمۆ تەنیا دامەزراوەی فەرمی بۆ هەناردەکردن بێت.
 
ئەوەی جێگەی سەرنجە، بەغدا داوای کردووە پرسی قەرزی کۆمپانیاکان و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، شێوازی بەڕێوەبردنی پیشەسازیی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بکەوێتە پاش رێککەوتنی دووبارە دەستکردنەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوت، هەربۆیەش چاوەڕوان دەکرێت شاندێکی عێراق بڕواتە ئەنقەرە بۆ رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت.
 
لێرەدا هەڵوەستە لەسەر شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی بودجەی فیدراڵی لە ساڵی 2004ەوە بۆ 2022، قەرز یاخود پابەندییە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە کۆمپانیا نەوتییەکان دەکەین.
 
شایستە داراییەکانی بەغدا بەرامبەر هەرێمی کوردستان
 
بەپێی داتا فەرمییەکان لە وەزارەتی دارایی عێراق و پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانەی عێراق لە ساڵی 2004ەوە، کۆی گشتیی بودجەی هەرێمی کوردستان 199 تریلیۆن و 818 ملیار دینار بووە، کە ئەم پشکەی هەرێمی کوردستان تاوەکو ساڵی 2014 وەکو خۆی هاتووە، بەڵام لە ساڵی 2014وە کێشەی بۆ دروستبووە. لە کاتێکدا لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لە ساڵی 2020 و 2022دا حکومەتی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی نەبووە، کاری بە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی پێش خۆی کردووە و یەک لەسەر دوانزەی بودجەی خەرج کردووە.
 
لە کۆی ئەو بڕە پارەیەی وەکو پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا دیاریکراوە، تەنیا 101 تریلیۆن و 154 ملیار دینار تەمویل کراوە، واتە 98 تریلیۆن و 664 ملیار دینار تەمویل نەکراوە و نەنێردراوە بۆ هەرێمی کوردستان، وەکو لە گرافیکی یەکەمدا بۆ ساڵانی 2004 بۆ 2022 هاتووە.
 
لەڕاستیدا پرسەکانی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی 2014 بەدواوە تەنیا بەهۆی پرۆسەی پیشەسازیی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان نەبووە، چونکە هەرێمی کوردستان بەپێی مێژووی گرێبەستە نەوتییەکان و گازیش لە ساڵی 2002وە کە یەکەم گرێبەستی نەوتی کراوە و لە ساڵانی 2006ـەوە بۆ 2011 گرێبەستی زۆربەی بلۆکە نەوتییەکانی واژۆ کردووە و گرێبەستی دانەگاز و کرێست پتڕۆڵیۆم لە ساڵی 2007دا واژۆ کرا. لێرەوە دەردەکەوێت پرسی ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە بودجەی عێراق پەیوەست نەکراوە بە وەبەرهێنان لە نەوت و گازدا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو پەیوەستە بە هەبوونی هێز و دەسەڵات لە بەغدا، چونکە دەبووایە ساڵانی واژۆکردنی گرێبەستەکان و دەستکردن بە گەڕان و بەرهەمهێنانی نەوتیش لە ماوەی نێوان 2007 بۆ 2013 کێشەی بۆ پشکی هەرێمی کوردستان دروستبکردایە، بەڵام نەکراوە؛ هەرچەندە کۆی گشتیی پشکی هەرێمی کوردستان وەکو ئەو رێژەیەی لە پرۆژە یاساکاندا هاتووە، نەهاتووە.
 
ئێستا، جیاوازییەکان قووڵتر بوونەتەوە و بەغدا بەهۆی بڕیارەکەی دادگەی ICCوە نەوتی هەرێمی کوردستانی راگرتووە، ئەم پرسەی بۆ دوای رێککەوتن لەسەر شێوازەکانی ئیدارەدانی پرۆسەی نەوت و گاز، کارکردنی کۆمپانیا نەوتی و گازییەکان لە هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنەوەی نەوت لە بەندەری جەیهانەوە دوادەخات، لە کاتێکدا ئەمە پرسێکی سەرەکییە و گەرەنتیی یەکلاکردنەوەی ئەم پرسانە چییە، ئەگەر ئێستا لە گفتوگۆکان لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستانەوە نەگەنە رێککەوتن؟
 
سەرچاوە: وەزارەتی دارایی عێراق، پرۆژەیاسای بودجەی عێراق (2004-2022)
 
پابەندییە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەرامبەر کۆمپانیا نەوتییەکان
 
پرسێکی گرنگ و جیاوازی هەولێر و بەغدا لە دانوستاندنەکان بۆ گەیشتنە رێککەوتن، بریتییە لە قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکان و پێشفرۆشیی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستان، کە بڕەکەی تاوەکو چارەکی دووەمی 2022 گەیشتبووە 3.52 ملیار دۆلار، وەکو لە گرافیکی دووەمدا هاتووە.
 
لە کاتێکدا، بەپێی راپۆرتەکانی دیلۆیت بۆ ساڵی 2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەنێو ئەو پارەیەی بە کۆمپانیا نەوتییەکانی داوە، لە چارەکی یەکەمدا 206.104 ملیۆن دۆلار، لە چارەکی دووەمدا 422.46 ملیۆن دۆلار، لە چارەکی سێیەمدا 194.22 ملیۆن دۆلار و 167.47 ملیۆن دۆلار بووە، واتە سەروو 990 ملیۆن دۆلاری وەک قەرزی ساڵانی رابردوو بە کۆمپانیا نەوتییەکان داوەتەوە. بەڵام، لە رۆژی 30-3-2023 ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، کۆی گشتیی قەرزەکان گەیشتووەتە شەش ملیار دۆلار، کە 1.55 ملیار دۆلاری هی هەردوو کۆمپانیای بازرگانیی نەوتی ڤیتۆڵ و پێتراکە.
 
ئێستا، بەپێی راپۆرتەکانی دیلۆیت و بڵاوکراوە فەرمییەکان بێت لە ساڵی 2023دا قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکان کە کار لە کێڵگە نەوتییەکان دەکەن، لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمی کردووە، بەڵام بڕی ئەو پارەیەی لە چارەکی سێیەمی 2022دا بۆ چارەکی یەکەمی 2023 وەرگیراوە بڵاونەکراوەتەوە، هەربۆیە لە راپۆرتەکەی رۆیتەرزدا ئاماژە بە ناوی دوو کۆمپانیا دەکات کە کۆمپانیا و بازرگانی کڕینی نەوتن.
 
قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان. سەرچاوە: راپۆرتەکانی دیلۆیت، مێس
 
کۆتایی
 
لە پرسی پەیوەست بە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و نەوتی کەرکووک لەڕێگەی بۆریی هەرێمی کوردستان و عێراق  بۆ بەندەرەکانی جەیهان و بارکردنی نەوت بۆ کڕیارەکان پێشکەوتن هەیە و چاوەڕوان دەکرێت رێککەوتن بکرێت.
 
لەڕاستیدا، قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن و بڕی ئەو نەوتەشی کە پێشفرۆش کراوە و پارەکەی وەرگیراوە، کەمترە و بگرە یەک لەسەر 15ی ئەو بڕە نابێت، کە دەبوو حکومەتی عێراق وەکو شایستەی دارایی لە ساڵی 2014وە بۆ هەرێمی کوردستانی بنێرێت، هەربۆیە چاوەڕوان دەکرێت رێککەوتن لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت هەبێت، بەڵام ئەم پرسانە دووبارە بچنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و باڵانسی هێز یەکلایان بکاتەوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانجی عێراق پرسی قەرەبووکردنەوە یاخود وەرگرتنەوەی پارە نەبووە لە تورکیا، ئەوەندەی پرسی کۆنترۆڵکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بووە. لە کۆتاییدا، نێوەڕۆکی دەستپێکردنەوەی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت هەرچۆنێک بێت، لێکەوتەی گەورەی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت، لە سەرووی هەموویانەوە شێوازی کارکردنی کۆمپانیاكانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵا شاڵی

زۆرتر لە چاویلکەیەکمان پێویستە

بەپێی راپۆرتی ساڵانەی (هاوپەیمانێتیی دێموکراسییەکان)، نادادپەروەریی ئابووری (واتە جیاوازیی نێوان هەژار و دەوڵەمەند) هۆکاری یەکەمی کەمبوونەوەی دێموکراسییە. لەدوای ئەویش گەندەڵی دێت. ئینجا کاریگەریی کۆمپانیا گەورەکانی وەکو کۆمپانیاکانی نەوت. ئەو هەرسێ خاڵەش بەداخەوە هەرسێکیان لە کوردستان هەن و کاریگەرییان لەسەر دێموکراسییەکەمان هەیە