هاواریان گەیشتە جیهان، بەڵام تەنیا نێچیرڤان بارزانی بەباشی گوێی لێبوو
دەنگی قیژە و هاواری ئەو کچ، ژن، منداڵ و بەساڵاچووانە گەیشتە هەموو جیهان، بەڵام هەمووان لە بەرامبەریدا بێدەنگ مانەوە و وەک دیوار جووڵەیان نەکرد، مات و بێدەنگ وەک بەرد لە شوێنی خۆیان مانەوە. تەنیا نێچیرڤان بارزانی نەبێت کە بەباشی گوێی لە قیژە و هاواریان بوو و، وەک لێهاتوویێکی بێدەنگ لە رووناکییەکی شاراوەی تاریکیدا، کارێکی وای کرد کە دەیزانی کەرامەت تەنیا بە کردار دەگەڕێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەمیشە لە گۆشەیەکی دیکەوە تەماشا دەکات و دونیابینی ئەو جیاوازە. لەم دۆخە سەختەدا، نەک تەنیا وەک سەرکردەیەکی سیاسی مامەڵەی کرد، بەڵکو بووە باوکێکی رووحی و مرۆڤدۆست بۆ رزگارکردن و ئازادی. لەو کاتەدا بەهای ئازادی بینی کە منداڵانی ئێزدی دەگەڕانەوە و سەرکەوتنی وڵاتیشی بە هەلهەلە لێدانی رزگارکردنی کچان پێناسە کرد و بۆ جیهانی سەلماند کە دەنگی کچان لە وڵاتێکی بەهێز و بێدەنگیی جیهان، بەهێزترە.
لەکاتی بێدەنگیدا لەنێوان مرۆڤایەتی و سیاسەتدا، نێچیرڤان بارزانی رزگارکردنی هەڵبژارد و بە گیانێکی جیاوازەوە مامەڵەی لەگەڵ دۆسیەی ئێزدییەکاندا کرد، نەک وەک بابەتێکی سیاسی، بەڵکو وەک برینێکی نیشتمانی کە پێویستە چارەسەر بکرێت و رێگەیەکی قووڵ و دووری بۆ ئازادییەکی هەمیشەیی هەڵبژارد. نێچیرڤان بارزانی نەک تەنیا کاریزما و سەرکردەیەکە کە وەک قەڵغانێک بۆ رزگارکردن مایەوە، بەڵکو فرمێسکی کردە بڕیار و بانگەواز و ئازادکردن.
لە مێژوودا زۆر جار درووشمەکان بوونەتە هێما بۆ هەندێک سەرکردە و لە لاپەڕەکانی مێژوودا نووسراونەتەوە، بەڵام نێچیرڤان بارزانی دروشمەکانی کردە رزگارکردن و هێمای بەم رێگایە هەڵبژارد. لە بەرامبەر جینۆسایددا، چاوەڕوان نەمایەوە و تەماشاکەر نەبوو، بەڵکو خۆی خستە نێو مەیدانی لێگەڕان و بەشکۆوە وەک وڵاتێک چاوەڕوانی هاتنەوەیان بوو، بووە چەترێک بۆ هاتنەوەیان و کردییە سێبەر.
لەگەڵ رزگارکردنی یەکەم کەس لە دەستی تیرۆریستانی داعش، ئیدی رزگاربووان تەنیا وەک ژمارە نەمان، بەڵکو کرانە دۆزی گەلێک کە بەدوای ئاشتیدا دەگەڕێت و هەوڵی بەدەستهێنانی دەدات. ئیدی چاوەڕێی چەپڵەلێدان نەبوو بۆ رزگارکردن، بەڵکو چاوەڕێی گریانی خۆشی بوو لە کاتی باوەشگرتنەوەی رزگاربووان لەگەڵ خێزان و کەسوکار و خاکیاندا.