لەم دواییانەدا گفتوگۆیەکی زۆر دەکرێت لە پرۆگرامەکانی دەزگاکانی راگەیاندندا، هەروەها لەنێو رۆشنبیران و خەڵکی دیکە لەسەر هەڵویستی ئیسلام بەرامبەر شەڕکردن دژی داعش. ئایا دەکرێت شەڕ دژی داعش بکرێت یان نا؟ حەلالە یان حەرامە؟ شەڕکردن دژیان جیهادە؟ ئەگەر یەکێک ژیانی خۆی لەدەستدا لەکاتی شەڕکردن لەدژی داعش، ئایا شەهیدە؟!
ئێمە بەو باسانە و زۆر پرسیاری دیکەی لەوشێوەیە سەرقاڵکراین. ئەو گفتوگۆیانە (نقاشاتی بیزەنتی)یمان بەبیر دەهێننەوە. دەگوترێت کاتێک شوراکانی بیزەنتا گەمارۆدرابوون، قەشەکانیان سەرقاڵی ئەوەبوون چەند فریشتە لەسەر سەری یەک دەرزی دەوەستن؟ بیزەنتا کەوت و نەمانزانی چەند فریشتە لەسەر سەری یەک دەرزی دەوەستن و، نەمانزانی ئەگەر بمانزانیبووایە چ سوودی دەبوو؟
منیش هەندێک وڵامم پێیە، بەڵام دەمەوێت هەر بەپرسیار بەڕێکەم: ئایا دیفاعکردن لە خاک و وڵات و ناموس و خود ئەوەندە نادیارە تاوەکو پێویستی بەفتوا هەبیت؟ گرووپێکی چەکدار پیاو سەردەبڕن ئافرەت دەڕفێنن، منداڵ دەکوژن، بە تۆپز دەیانەوێت دین و قەناعەتی خەڵک بگۆڕن، کولتوور و ناسنامەی گەلێک بنبڕ بکەن پێویستی بە را هەیە تاوەکو بجەنگم دژیان؟! ئایە ئەگەر فتواکە بیگوتبووایە شەڕ دژی داعش حەرامە ، شەڕی داعشمان نەدەکرد؟ ئایا ئەگەر بگوترێت ژیان لەدەستدان لەم جەنگەدا شەهیدبوون نییە، ئایا ئەمر دەکرا شەڕ نەکەین؟ ئایا (حرێی) ئێمە لەسەر وشەی شەهیدبوون بۆ شەرعاندنی جەنگەکەیە؟ یان تاوەکو بزانین کێ حەقترە؟ یان بۆ پەیداکردنی ئیمتیازی شەهیدە؟ چونکە داعشیش بەهی خۆیان دەڵێت شەهید و پێیوایە بەهەشت هەر بۆ ئەو دروستکراوە.
باسکردنی ئەم بابەتە بەوشێوازە دووپاتی ئەوە دەکاتەوە کەوا:
1-دەزگاکانی راگەیاندن ویستیان (شۆ) یەک بکەن و، بۆشایی پرۆگرامەکانی خۆیان بە هەندێک پڕۆگرام پڕبکەن ، تەنیا بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵک راکێشن. بەدەر لە بیرکردنەوە لە دەرهاوێشتەکانی ئەم جۆرە باسانە.
2-دووپاتکردنەوەیەکی ناوخۆی لەسەر ئەوە هەیە کە تەنیا هەندێک لایەن هەن (ئیحتیکاری) پابەندبوون بە ئیسلام دەکەن و، تەنیا ئەوان نوێنەری ئەم دینەن و ئەوانیتر تەنیا بەناو موسڵمانن. ئەو هەموو باس و خواسەی پێشتر دەکرا کە هەموومان موسڵمانین و تەنیا (ئیسلامییەکان) بۆیان نییە (ئیحتیکاری) ئیسلام بکەن، راست نییە بە زمانی حاڵ.
3-ئیحراجکردنی حیزبە ئیسلامییەکان، بەشێوازێک لە شێوازەکان . حیزبە ئیسلامییەکان زۆر بەسادەیی کەوتنە ناو ئەم بەزمە و کەوتنە فتوادان و باسکردن و بەڵگە هێنانەوە.
4-هێشتا فیکری ئیسلامی لەنێو خەڵک، مامۆستایانی وتارخوێن و وەعز و دەرسی ئایینی و تەنانەت حیزبەکانی ئیسلامیش (بەگشتی ، دەزانم دروست نییە، هەموویان بخرێنە ناو یەک خانەوە)، هێشتا بەتەواوی بینینی تەواوی نییە بەرامبەر بە (تەوێیف)کردنی بۆ کۆمەڵگەی کوردستانی و پەیوەندی لەگەڵ (ئەویتری دینی یان فیکری– الاخر الدینی والفکری) و تەنانەت بۆچوونەکانیان بەرامبەر حیزبەکانی دیکەی کە بە (ئیسلامی) خۆیان ناناسێنن! و ئایا ئەو قەبووڵکردنە (مەبدەئییە یان سیاسەت؟!) لێرەدا مەبەستم "ئیسلامی" بەرامبەر "موسڵمان"ە.
5-ئەو بەڕێزانەی کەعیلمانین یان بۆچوونێکی دژە دینیان هەیە بە فرسەتیان زانی تانە لە ئیسلام بدەن ، بەناوی ئەوەی کە ئیسلامی داعش، ئیسلامی راستەقینەیە ، ئەوە لەبیر خۆیان دەبەنەوە کە چەندین سەدەیە موسڵمانان و غەیرە موسڵمانان و هەموو جۆرە فیکرەکان لەسەر ئەم خاکە دەژین ، بەبێ کێشە.
یەکێک لەو شتە زۆر سەیرانەش ئەوەبوو کە هەوڵێکی زۆر دەدرا لەلای هەندێک بەڕێز، گومانم نییە لە دڵسۆزیان کە بڵێن داعش موسڵمان نییە و ئەبوبەکری بەغدادی پەیوەندی لەگەڵ کچان هەبوو و، خۆی دەستکردی پیلانێکی ماسۆنییە و هتد.. منیش دەڵێم سەربڕین وتەعەداکردن لە خەڵک قەباحەتترە لە شتی دیکەی ئەو، ئینجا ئەبوبەکری بەغدادی تەنانەت ئەگەر (قائم اللیل و ێائم النهار)یش بووایە و ئەمەی بکردایە کە دەیکات، پێویستمان بەفتوا نەدەبوو بۆ شەڕکردن لە دژی!
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ