ئێستا گۆڕان سەرکردایەتیەکی نوێی هەڵبژاردووە کە لەڕاستیدا هەمان سەرکردایەتییەکەی جارانە. ئەوەی لەم گۆڕانکارییانەدا بەدی ناکرێت، گۆڕانکارییە! ئەم ئەنجامە جۆرێکە لە تازەکردنەوەی بەڵێن بۆ یەکتر لەناو کەسایەتییە باڵادەست و نزیکەکانی نەوشیروان مستەفادا. ئەم قۆناغە جێگەی سەرنجە و پێدەچێت ئەم سەرکردایەتییەی ئێستا سەرکردایەتییەکی کاتی (قیادە موەقەتە) بێت و ئەرکی تەنها خۆئامادەکردنە بۆ رادەستکردنی ئەمانەتەکە بۆ خاوەنە راستەقینەکانی! شەڕی دوو ساڵی داهاتووی نەوەی نوێی گۆڕان کە زۆرینە ئیسلامیین، لەگەڵ "پاسەوانە پیرەکان"ی سەرکردایەتی ئێستای گۆڕاندا، هەوڵدان دەبێت بۆ شکستهێنان بەم پرۆژەی بە بنەماڵەییکردنە.
بەڵام ئەگەرەکان لەبەرژەوەندیی ئەم گەنجە ئیسلامییانە و هەندێک گەنجی رادیکاڵی تر نین، چونکە سەرەڕای سەرکردایەتی ئێستا، هەموو هێزەکانی دەرەوەی گۆڕان (بەتایبەتی پارتی و یەکێتی) پاڵپشتیی ئەم ئاراستەیە دەکەن. لەوەش مەترسیدارتر بەشێکی زۆر لە رۆشنبیرانی ناو گۆڕان (بەوانەشەوە کە گۆڕان نین بەڵام هەمیشە پاڵپشتی گۆڕان بوون)، ئێستا سەرقاڵی پۆزشهێنانەوەن بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرکردایەتی نوێ و هەوڵی کوشتنی رۆحی رەخنەیی دەدەن لەناو گەنجانی گۆڕاندا.
هەڵبژاردنەکانی گۆڕان شکستی پرۆژەیەکی رادیکاڵی گەنجانە بوو کە لەوانەیە ئاکامەکانی تا چەند ساڵێکی تر لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا هەستی پێبکرێت. بەڵام لەسەر ئاستی کوردستاندا، جۆرێک لە تەبایی دەگێڕێتەوە بۆ ناو هێزە سیاسییەکان. ئەو هێزانەی لەیەکدەچن توانای پێکەوەهەڵکردنیان زیاترە، ئێستا کە سەرکردایەتی هێزە کاریگەرەکان (پارتی و یەکێتی و گۆڕان) نەوەی هەمان رۆژگار و پەروەردەی هەمان کولتووری سیاسین و تاڕادەیەکی زۆریش جیهانیان لێک نزیکە، توانای گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنیان زیاترە. لەوانەیە لەنێوان ئەم سەرکردانەدا، جیاوازیی گەورە هەبێت لەسەر ئاستی تاکەکەسیدا، بەڵام هەرگیز ناگاتە ئاستی جیهانبینی و بیرکردنەوەی سیاسییان لەیەک فەزای بچووکدا کە ناوی هەرێمی کوردستانە. لێرەوە ئەگەری سەقامگیری و ئاشتییەکی درێژخایەن لەنێوان ئەم هێزانەدا زۆر زیاترە لە ئەگەری پێکدادان و ناکۆکیی قورس.
ئەمە بەو واتایە نییە کە جیاوازی و کێبەرکێی سیاسی لەنێوان ئەم حیزبانەدا نامێنێت، بەڵکو بەواتای ئەوەیە کە دامەزراوە و کەسایەتییە لێکچووەکان ئاسانتر دەتوانن پێکەوە قسە بکەن!
بنەما فەلسەفییەکەی تێزی "ئاشتی هەمیشەیی" فەیلەسوفی ئەڵمانی (ئیمانوێڵ کانت) ئەوەیە کە لێکچوون و هاوشێوەیی، توانای پێکەوەهەڵکردن و لێکتێگەیشتن زیاتر دەکات. کانت دەڵێت ئەگەر هەموو دەوڵەتەکان کۆماریی دەستووری بن، ئەوا بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی واقیعی دەبێت و چیتر خەیاڵ نابێت. لەسەر بنەمای ئەم تێزەی کانت، لە سەردەمی ئێستادا "تیۆری ئاشتی دیموکراسی" (Democratic Peace Theory) بانگەشەی ئەوە دەکات کە دەوڵەتە دیموکراسییەکان ئاسانتر لەیەک تێدەگەن و گفتوگۆ دەکەن و کێشەکانیان چارەسەر دەکەن. بۆ نموونە بەراوردی لێکتێگەیشتن و تەبایی نێوان ئەمریکا و کەنەدا بکە لەگەڵ لێکتێنەگەیشتن و ناتەبایی نێوان ئەمریکا و کوبا.
مەبەست لە باسکردنی ئەم تێزانە، روونکردنەوەی ئەوەیە کە سەرکردایەتی ئێستای گۆڕان لە زۆر رووەوە نزیکن لە سەرکردایەتی یەکێتی و تاڕادەیەک پارتیش، ئەگەرچی سەر بە حیزبی جیاوازیشن، بەڵام سەر بە نەوەی کۆنی سیاسەتی کوردستانن. ئەم نەوەیە بە کۆمەڵێک ئەزموونی جیاوازدا تێپەڕیون و ئەمڕۆ بەپێچەوانەی گەنجە رادیکاڵەکانی حیزبەکانی خۆیانەوە، نەرمتر و کۆنسێرڤەتیڤتر دەردەکەون.
لەڕاستیدا لەپاش دروستبوونی گۆڕانەوە، هەوڵی بەردەوامی یەکێتی و پارتی بە ئاراستەی سەرخستنی پاسەوانە پیرەکانی ناو بزووتنەوەی گۆڕان بووە، بە ئامانجی ئەوەی خاوەن بەرژەوەندی و جیهانبینییە هاوبەشەکان بتوانن بگەنە رێککەوتن و رێکخستنێکی سیاسیی نوێ لەنێوان ئەم هێزانەدا. پەراوێزخستنی گەنجان، جگە لە گەنجە دەستەمۆکراوەکان، جێگەی تێڕامانە، چونکە بە ئاراستەیەکدا ئەم پەراوێزخستنە جەختکردنەوەیە لە شەرعیەتی شاخ و بە ئاراستەیەکی تردا ئاماژەیە بۆ شکستخواردنی روانگەی گەنجەکانی ناو گۆڕان، هاوشێوەی شکستخواردنی گەنجەکانی ناو یەکێتی و پێش ئەویش پارتی!
پاسەوانە پیرەکان (the old guards) لە ئەدەبیاتی سیاسیدا، ئاماژەیە بۆ ئەو دەستەبژێرە سیاسییەی لەهەناوی هەموو رێکخراوێکی سیاسیدا، پارێزەری نەریت و بەها چەسپیوەکانن. بەگشتی، ئەمانە لەڕووی تەمەن و جیهانبینییەوە پیرن، کۆنسێرڤەتیڤن و دژی گۆڕانی رادیکاڵ و خێران، زیاتر دۆستی گۆڕانی هێواشن. پاسەوانە پیرەکان، لە زۆربەی وڵاتان رووبەڕووی کێشەی گەورە بوونەتەوە، چونکە لەسەردەمی تەکنەلۆجیا و خێرایی سەرسوڕهێنەردا، ئەوان هێشتا دەستبازی لەگەڵ جووڵەی کیسەڵیدا دەکەن! بەپێچەوانەی رەوتی حیزبایەتی لە بەشە پێشکەوتووەکەی جیهان کە گەنجان تەنگیان بە پاسەوانە پیرەکان هەڵچنیوە، لە کوردستان و وڵاتە دواکەوتووەکانی تر، پاسەوانە پیرەکان هێشتا هەموو دەروازەکانی سیاسەت و هزری سیاسییان بە قفڵێکی ژەنگاوی بەستووە و تەنها رێگەی چوونە ژوورەوە بەو گەنجانە دەدەن کە قبوڵی هەژموونی ئەوان دەکەن.
هەڵبژاردنی سەرکردایەتی ئێستای گۆڕان جەختکردنەوە بوو لەوەی ئەم پاسەوانە پیرانە، هاوشان لەگەڵ هاوتەمەنەکانیان لەناو یەکێتی و پارتی، کە زۆربەیان زیاتر لە چارەکە سەدەیەک لە شاخ و چارەکە سەدەیەک لە شار، حوکمڕانی رەهای کوردستان بوون، لێرەن بۆ مانەوە تا مردن. ئەم هەڵبژاردنە خوێن بەبەرداکردنەوەیەکی رەمزیی بوو بە جەستەی شەکەتی ئەم پاسەوانە پیرانەدا، جۆرێک بوو لە تازەکردنەوەی پەیمان لەنێوان ئەم پاسەوانە پیرانە لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ هاوڕێ کۆنەکانیان لەناو یەکێتی (بگرە پارتیش).
بەکورتی پێداگری ئەم پاسەوانە پیرانە لەسەر مانەوە لە حوکمڕانی و پشتکردنە بانگەشەی بێناوەڕۆک بۆ گەنجکردنەوەی سەرکردایەتی حیزبەکانیان، هاوشان لەگەڵ سەرکەوتنیان بەسەر ئەو گەنجانەی ناو بزووتنەوەی گۆڕان، کە هەندێکیان تائێستاش شۆک بەرینەداون، جەختکردنەوە بوو لەوەی ئەم پاسەوانە پیرانە خۆیان بە خاوەنی شەرعیی کوردستان دەزانن. لەوەش زیاتر، بەپێچەوانەی رای زۆرینەوە، هێشتا پاسەوانە پیرەکان لەو بڕوایەدان کە ئەوان دەتوانن سەرکەوتوو بن لە بونیاتنانی دەوڵەتی کوردستان و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە بەبێ شەڕ. واتا پاسەوانە پیرەکان بەزۆر دەمانخەنە بەردەم تاقیکردنەوەیەک کە ئەوان خۆیان تاقیکردنەوەکە ئەنجام دەدەن، نمرە دادەنێن و بڕوانامەش دەبەخشن. گەنجەکانی حیزبەکانیان، رۆڵی "چاودێر"ێکی چاوبەستراو و "رەخنەگر"ێکی دەمبەستراویان پێدراوە، تەنها دەستیان ئاوەڵایە تا لەکۆتایی تاقیکردنەوەکەدا بۆ ماوەیەک چەپڵە بۆ خۆیان لێبدەن و دەمێکیش چەپڵە لە نەیارەکانیان بتەقێنن!
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ