پاش ئەو بارودۆخە ناوخۆییەی دادگای فیدراڵی پیایدا تێپەڕی و سەرۆکی پێشووی دادگاکە خانەنشین بوو، لە شوێنەکەی دادوەر (مونزر برایم ) کرا بە سەرۆکی دادگا، قۆناخێکی تازە لە سرووشت و رێڕەوی دادبینی و رێبازی بریاردەرکردنی دادگا بینرا، راستەوخۆ پاش دەستبەکاربونی سەرۆکی تازەی دادگا، بەیانێکیان بڵاوکردەوە بەڕوون و ئاشکرا رایانگەیاند، کە ئەوان لە چوارچێوەی پسپۆری دەستوریدا داوا ئەبینن و سنوری دەسەڵات و پسپۆری خۆیان فراوان ناکەن. بە گوێرەی قانونی دادگای فیدراڵی ژمارە (25)ـی ساڵی 2021ـی هەمواری یەکەمی بریاری ژمارە(30)ـی ساڵی 2005.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ پێویستە داواکار لە دادگا داوا تۆمار ئەکات، ئەبێت دوو مەرجی سەرەکی تێدابێت ئەوانیش: داواکە لە پسپۆری دادگای فیدراڵی بێت و نەچێتە پسپۆری دادگاکانی دیکە و داواکار خاوەنی بەرژەوەندی بێت لە داواکەدا. ماوەیەکە هەر داوایەک کە لەلایەن پەرلەمانتارەوە لە دادگای فیدراڵی تۆمار کرابێت، وەکو لە کوردەواریدا دەڵێن، "بێ دوو دڵی و بێ سێ و دوو" داواکەی رەتدەکرێتەوە و دەنووسن، داواکار خاوەنی بەرژەوەندی نییە بە عەرەبی دەڵێن، "عەدەم ئیختیساس".
ئەم مەسەلەیە چیە و بۆچی وای لێهاتووە؟
لە ساڵی 2018 پەرلەمانی عێراق بۆ راپەراندنی ئیش و کارەکانیان، بەپێی دەسەڵاتی دەستورییان قانونی ئەنجوومەنی نوێنەران ژمارە(13)ـی ساڵی 2018 یان دەرکرد. هەر یەکە لە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک پارێزەر تانەیان لە ژمارەیەکی زۆری مادەکانی قانونی پەرلەمان لە دادگای فیدراڵی داوە، یەکێک لە خاڵەکان کە تانەیان لەسەری دابوو، مادەی (6)، برگەی دووەمی قانونی ئەنجوومەنی نوێنەران بوو، کە دەڵێ، "ئەندام پەرلەمان دادەنرێت بە خاوەنی بەرژەوەندی و مافی خەڵک، چونکە نوێنەرایەتی 100 هەزار خەڵک دەکات و مافی هەیە لە جیاتی ئەوان لە بەردەم دادگاکان نوێنەرایەتی بکات و داوای دادبینی بکات". داواکار گوتویەتی، ئەمە پێچەوانەی مادەی (19) برگەی دووەمی دەستورە، کە دەڵێ، "مافی دادبینی، مافێکی دابینکراوە بۆ هەموو خەڵک". هەروەها ئەمە دژی مادەی(61)ـی دەستورە کە دەسەڵات و پسپۆری پەرلەمانی دیاریکردوە ئەوانیش: دەرکردنی قانون و رەقابەکردنی جێبەجێکردنی قانونە.
بە کورتیەکەی سکاڵاکاران دەڵێن، ئەندامی پەرلەمان مافی سکاڵاکردنی لە دادگای فیدراڵی نییە. چونکە خاوەنی بەرژەوەندی نییە و کاری ئەو تەنیا قانون دەرکردن و رەقابەکردنی جێبەجێکردنی قانونەکانە، پەرلەمانتار بریکاری یاسایی خەڵک نییە و خاوەنی بەرژەوەندی نییە تاوەکو لە بری خەڵک، خۆی بکات بە بریکاری یاسایی. دادگای فیدراڵی ئەم داوایەی قبووڵکردووە و بە بڕیاری ژمارە (140) یەکخراوەکان 140/ فیدراڵی/ راگەیاندن 2018 بڕیاریداوە کە مادەی (6) برگەی دووەم لە قانونی ئەنجوومەنی نوێنەران کە باسمانکرد، دژی دەستورە و پەرلەمانتار خاوەنی بەرژەوەندی نییە و ناتوانێت لە دادگا شکات بکات. ئێستا دادگای فیدراڵی پاش چەندین ساڵ گەڕاونەتەوە سەر ئەم قەرارە و دەڵێن، پەرلەمانتار خاوەنی بەرژەوەندی نییە و داواکەی رەتدەکەنەوە، لە راستیدا پاش ئەم هەموو ساڵە بۆچی ئێستا دادگا ئەم بڕیارەی ساڵی 2018 جێبەجێ دەکات؟
لە راستیدا ژمارەیەک پەرلەمانتار، بۆ خۆدەرخستن و خۆ بەپاڵەوانکردن هەموو رۆژێک لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان دەکرد، ئەوەندەی لە دادگای فیدراڵی بوون، ئەوەندە لە هۆڵی پەرلەمان نەبوون، لەلایەکی دیکە، جێگیریی سیاسی و چەسپاندنی قانونی بۆ مەبەستی رووبەڕوبوونەوەی پاشاگەردانی کە هەر رۆژەی بڕیارێک دەردەچوو، پێویستی دەکرد دادگای دەستوریی سنوورێک بۆ ئەم دیاردەیە دابنێت. خاڵێکی دیکەی گرنگتر، ئەندام پەرلەمان پارێزەر نییە، کاری پارێزەرایەتیی پیشەیەکی سەربەخۆیە و پێی دەڵێن، دادوەریی ئەهلی، مەرج و رێسای خۆی هەیە، بۆیە ژمارەیەک پارێزەر لە پاڵ سەرۆکوەزیران سکاڵاکار بوون، لە راستیدا نازانرێت تاوەکو کەی دادگای فیدراڵی لەسەر ئەو بڕیارەی سوور دەبێت، بەڵام لە ئێستادا دادگای فیدراڵی کار بەو بڕیارەی سەرەوە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ