لەم ساڵانەی دواییدا لەپاڵ باخچەی ساوایان، خاندنگەی بەرایی و ئامادەیی و زانكۆكانی میری، دەتوانم بڵێم بەسەدان باخچەی ساوایان و فێرگە و زانكۆی تایبەت لە باشووری كوردستاندا دامەزراون. هەڵبەت ئەمە دیاردەیەكی دڵخۆشكەرە كە میری كوردی و هەروا تاكی دەستڕۆیشتووی كورد بیر لە پێشكەوتن و گەشەكردنی زانست و زانیاری دەكەنەوە و نەوەیەكی چەكدار بە زانست پێدەگەیەنن.
لە زۆربەی ئەم داوودەزگە پەروەردەیی و زانستییانەی تایبەت، خوێندن تێیاندا بە پارەیە. ساڵ لەدوای ساڵ كرێی خوێندن هەر بەرەو هەڵكشانە، كەواتە كەسانێك روو لەو دامەزراوانەی خوێندن دەكەن كە هەبوون و پارەدارن.
زمانی خوێندن لە زۆربەی هەرەزۆری ئەم داوودەزگە و دامەزراوانەدا و هەروا لە هێندێك خاندنگە و زانكۆی میریشدا بە زمانی ئینگلیزییە. زمانی كوردی وەك زمانێكی لاوەكی دەخوێندرێت. ئەگەر ئەم بارە نەگۆڕدرێت، لە چەند ساڵێكی داهاتوودا كۆمەڵە كەسانێكی پارەدار پێدەگەن كە شارەزاییەكی ئەوتۆیان لە زمانی كوردیدا نییە. ئەمە گەورەترین هۆی دابڕان و نامۆییان دەبێت لەنێو جڤاكدا.
منداڵێكی تەمەن چوار یان شەش ساڵ كە دەخرێتە بەر خوێندن، یەكسەر فێری زمانێكی بێگانە و بەتایبەتی زمانی ئینگلیزی دەكرێت. ئەم منداڵە لە گەڕانەوەیدا بۆ ماڵەوە دووچاری كێشەیەكی گەورە دەبێت، چونكە رۆژانە لە خاندنگەدا ماوەی هەشت سەئات بە زمانی ئینگلیزی قسەی لەگەڵ دەكرێت. لە ماڵەوەش هەر لەسەر بەكارهێنانی ئەم زمانە بەردەوام دەبێت. لەو بارەدا كە دایك و باوكی منداڵەكە بە كوردی وەڵامی بدەنەوە، یان بە زمانێكی ئینگلیزی شكاو لەگەڵیدا بدوێن، ئەوا منداڵەكە لە هەردوو باردا دووچاری بارێكی دەروونی سەخت دەبێت.
هەر لەم روانگەوە، زۆربەی ئەو قوتابخانانە دیسانەوە بە پارەیەكی باش خولی تایبەت بۆ دایك و باوكانی قوتابیان دەكەنەوە، هەتا فێری زمانی ئینگلیزییان بكەن. كەواتە ئەم كوردە هەبوونانە بە پارە و پوولی خۆیان زمانی ئاخاوتنی نێو ماڵیان لەنێو كوردستاندا لە زمانی كوردییەوە دەگۆڕن بۆ زمانی ئینگلیزی!! با بڵێین بەم رێگەیە كێشەی ئاخاوتن تا رادەیەك لەنێو خێزانی منداڵەكەدا چارەسەر كرا. ئەی زمانی گفتوگۆیان لەگەڵ داپیرە و باپیرە و ئامۆزا و خاڵۆزا و پوورزا و.. بە چی دەبێت و چۆن دەبێت؟ بڵێیت ئەم منداڵانە لەكاتی ئاخاوتنیاندا لەگەڵ خزم و كەس و دراوسێكانیاندا هەناسەیەكی ئاسوودە بدەن؟
كەواتە زۆربەی هەرە زۆری ئەو داوودەزگایانەی خوێندنی تایبەتی هەروا چەند قوتابخانە و زانكۆیەكی میری لە راژەكردنی پەرەسەندن و گەشەكردنی زمانی كوردیدا نین، بەڵكو بەپێچەوانە لەنێو كۆمەڵی كوردەواریدا دەبنە هۆی پەیدابوونی دوو توێژی لێكدابڕاو: یەكێكیان پارەدار. زمانی ئاخاوتن و خوێندنی بە زمانی ئینگلیزی بووە. ئەم كۆمەڵە كەمینەیە. توێژی دووەم هەژار و نەدار. زمانی ئاخاوتن و خوێندنی بە زمانی دایكی ـ زمانی كوردی بووە. ئەمەیان زۆرینەیە.
لەپێناو پێگەیاندنی كۆمەڵێكی یەكسان كە دروشمی سەرەكی هەموو رێكخراوە سیاسییەكانە، پێویستە داوودەزگەی پێوەندیدار بە زمانی خوێندنی هەموو قۆناغەكانی خوێندندا بچێتەوە. هەوڵ بدرێت لە خوێندندا زمانی كوردی نەكرێتە زمانی لاوەكی، چونكە پشتگوێخستنی زمانی كوردی و بایەخپێنەدانی وەك زمانێكی سەرەكی كوشندەترین مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی.
ئەمڕۆ زمانی كوردی لە باشووری كوردستاندا پێویستی بە دامەزراوەیەكی تایبەتی هەیە بۆ پاراستن و گەشەسەندنی. هەتا لەژێر سایەی ئەودا بەها و پیرۆزیی زمانی كوردی لای تاكی كورد بگەڕێندرێتەوە و بپارێزێت.
بۆئەوەی هەموو منداڵانی كورد بەشێوەیەكی یەكسان لە قوتابخانەدا لەپاڵ زمانی كوردیدا فێری زمانێكی ئەوروپایی بن كە بەشێوەیەكی سەرەكی لە باشووری كوردستاندا زمانی ئینگلیزییە، پێویست دەكات وەزارەتی پەروەردە بە سیستەمی گوتنەوەی زمانی ئینگلیزیدا بچێتەوە، هەتا منداڵێكی كورد بە پارەداری و بە نەداری بەرادەیەك فێری ببێت بتوانێت بە باشی قسەی پێ بكات و بیخوێنێتەوە و پێی بنووسێت.
لێكۆڵینەوەكانی زانستی زمان ئەوەیان بۆ روونبووەتەوە كەوا منداڵ لەو كاتەدا باشتر فێری زمانی بیانی دەبێت، ئەگەر بنج بنەوانێكی راست و باشی لە زمانی دایكیدا هەبێت.
زانای كەنەدی ـ Jim Cummin لە ساڵی 1978 تۆژینەوەیەكی لەسەر ئەو منداڵانە ئەنجام دا كە لە قوتابخانەدا بە زمانێكی بیانی دەخوێنن نەك بە زمانی دایك. لە ئەنجامدا بۆی دەركەوت كە رادەی توانا و لێزانی و شارەزایی هەركەسێك لە زمانی دایكی مەرجێكی زۆر گرنگە بۆ فێربوونی زمانێكی بیانی بە باشی.
لە ساڵانی هەشتای سەدەی رابردوودا لە هۆڵەندە لەسەر ئەم بۆچوونەی زانای كەنەدی، تۆژەران: Rene Apple و Frans Teunissen لێكۆڵینەوەیەكیان لەسەر قوتابیانی بەرەگەز تورك و مەغریبی كە لە هۆڵەندە دەژین ئەنجام دا. لێكۆڵینەوەكەیان لەسەر دوو كۆمەڵە قوتابی تورك و مەغریبی بوو. قوتابیانی كۆمەڵەی یەكەم لە قوتابخانەدا هەر تەنیا بە زمانی هۆڵەندی دەیانخوێند. قوتابیانی كۆمەڵەی دووەم هەر بە زمانی دایك (زمانی توركی و زمانی عەرەبی) دەیانخوێند، لە كۆمەڵەی دووەمدا زمانی هۆڵەندیش وەك بابەتێكی زمان دەخوێندرا. لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەدا بۆیان دەركەوت: ـ
قوتابیانی كۆمەڵەی دووەم كە بە زمانی دایكیان دەیانخوێند باشتر زمانی هۆڵەندی فێربوون، لەچاو كۆمەڵەی یەكەم كە هەر تەنیا بە زمانی هۆڵەندی دەیانخوێند. هۆی ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە كە ئەو قوتابیەی بە زمانی دایكی دەخوێنێت شارەزاییەكی باش لە زمانی خۆیدا وەردەگرێت و لەكاتی فێربوونی زمانێكی بیانیدا وشەكان بە واتاوە تێدەگات، بۆیە كاری ئەو هەر تەنیا وەرگێڕانی وشەكەیە، نەك تێگەیشتنیش.*
با ئێمەی كورد سوود لەو لێكۆڵینەوانەی لەژووروو باسكراودا وەربگرین، كە بەندیوارییەكی راستەوخۆی بە كێشەی زمانەوە هەیە.
* Boogaard، Marianne، and Janssen، Mathilde. Alles wat je altijd al had willen weten over taal: De taalcanon. Amsterdam: J.M. Meulenhoff، 2012.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ