شێتی یەكێكە لە گرینگترین نیشانەكانی عیشقی ڕاستەقینە، بۆیە، زۆربەی جاران دەبینین هەڵسوكەوتی عاشقان سادەیی و ساویلكەیییان پێوە دیارە... لە كاتی شەڕیشدا، گوللە و سۆپەری گڵین و تەنانەت سنووری زەوییە قەدەخەكراوەكانیش ناتوانن ڕێ لە ژوانی عاشقان بگرن... ئەمەی بەر دەستتان گفتوگۆیەكی وێژەیی مەجازی و وێناندنی دۆخی دوو عاشقە لە سایەی شەڕی داعشدا...
سەرەتا، لە گەشتی ئەوەوە بۆ لای ئەوی تر، كە بە هۆی شەڕەوە سەروسۆراخی نەبوو، دەست پێ دەكەین... دوایی ماندووبوون و چەرمەسەرییەكی زۆر، كچە دەگاتە لای كوڕەكە و ژوانیان پێك دێ... دیمەنەكە لەوێوەیە كە ئەو شێرئاسا لە بێشەكەی خۆیدا جێگیرە و لە چاوەنواڕیی گەڕێكی تری هێرشكردنە و، بیر لە پلانی داهاتووی دەكاتەوە، لەو ئان و ساتەدا بۆنێ گوڵاوەكەی ئەو بۆن دەكا و هەست دەكا كە بۆنەكە لێوەی نزیك دەبێتەوە و لە دوورەوە چاوی بە تارماییی كچە دەكەوێ و لە شێوەی ڕێكردن و جووڵەی لەشیەوە دەیناسێتەوە...
هەروەها بە هۆی سێبەری قەدی باریك و پرچیەوە و... لەنجەی ڕێكردنیەوە، دەیناسێتەوە...
كوڕە عاشقەكە، لە جێی خۆیەوە قیت دەبێتەوە و بەرەو ڕووی ئەو دەچێ: ئەوە خەونە دەیبینم، یان ئەتۆی لێرەدا؟
مەعشوق: بگرە ئەوە منم لێرەدا... بەڵێ ئەوە منم لێرە
عاشق: ئەرێ تۆ شێتی؟ چی تۆی گەیاندە ئێرە؟
مەعشوق: ئەگەر ئارەزووی دیداری تۆ شێتی بێ، با وا بێ...
منیش زۆر لە تۆ جیاواز نیم
تۆ لە من كەمتر عەوداڵی بینینم نیی
عاشق: خۆشەویستم... بەرخەكەم...
دووچاری ئازار و ژان دەبی... بگەڕێوە
مەعشوق: من تێ ناگەم... تەنیا دەنگی دڵت ئەژنەوم
ئێستاوشەكانت گرینگییان نییە...
لە ئامێزم بگرە
عاشق باوەشی پێدا دەكا و دەڵێ:
دوای هەموو ئەوەی كە كردم و دوای ئەو گشت پشتگوێخستنە... ژوانی منت گەرەكە؟
مەعشوق: ئەرێ... چونكە تۆ منت خۆش دەوێ... بگرە پێم وایە كەمنت خۆش دەوێ
عاشق: من لە خۆمت دەپارێزم
لە تۆ دوور دەكەومەوە بۆ ئەوەی پڕووشكی شەڕی منت بەر نەكەوەێ
مەعشوق: تۆ سزای بەنكردنی هەتاهەتایی بەسەر خۆشەویستییەكەتدا دەسەپێنی
سزای منیش دەدەی... ئەی كوانێ دادوەری فەرماندەی شەڕوان؟
عاشق: تۆ تێ ناگەی... دوژمنەكانم ڕاوت دەنێن... ئەگەریش بتوانن دەتكوژن
نەعشوق: جا ژیانی من بە بێ خۆشەویستیی تۆ چ بەهایەكی هەیە؟
لێم گەڕی با لێرەدا، لە لای تۆ بمرم...
ئەوپەڕی دادوەرییە كە لەو شوێنە بمرم دڵمی لێیە...
عاشق: لە لای من بمری؟ مەگەر تۆ نابینی چۆن سەرم سپی بووە؟ شەڕ و بەرپرسیارییەكانم منیان شەكەت كردووە
بگەڕێوە ئەم ژیانەی من شایانی تۆ نییە
مەعشوق: دیارە میكیاڤیلی فێری ماددییەت و واقعییەتی كردووی
ئەوەت لە بیر چووەتەوە كە شادی شتێكە پەیوەست بە ڕۆح و وزەیەكی مرۆڤانەیە
عاشق: تۆ چیت دەوێ؟
مەعشووق: دەمەوێ هاوشانی تۆ بم... بەم شێوەیە پرسیارم لێ مەكە... شادیی من لەوەدایە لەگەڵ تۆ بم
بە بەر بارانەوە یان لە سێبەری داراندا
تەنانەت ئەگەر لە ئەشكەوتێكی بەردینیشدا بێ جیاوازیی نییە
عاشق: كاتی ڕۆیشتنەوە هاتووە خۆشەویستەكەم... دڵخۆش بە و بیری لێ مەكەوە...
مەعشوق: دوای ئەوەی دڵت لێم سەند
جگە لە تۆ كێ دڵخۆشم دەكا؟
عاشق تووڕە دەبێ: باشە من ئێستا چ بكەم؟
مەعشوق، بە دەستە ناسكە نەرمونۆڵەكانی لە سنگی ئەو دەدا و پاڵی پێوە دەنێ و دەڵێ: باشە، دە بڕۆ بەلای شەڕەكەتدا... بڕۆ بە خۆت و سەرە سپییەكەتەوە...
من تۆم ناوێ
تۆی واقیعبینی دڵپاك ئەوە بزانە كە
ڕۆژێك دێ كە بیری ماچەكانم دەكەی و دەگەڕێیتەوە بۆ لای من
بەڵام ئەو جارەیان هەزار جار بیری لێ دەكەمەوە و
دڵی خۆمت بەستەوە نادەم...
عاشق، دەستەكانی مەعشوق ماچ دەكا و بە پەلە دەڕوا و بەجێی دەهێڵێ و... دەڵێ:
بگەڕوە خۆشەویستەكەم... پاسەوانەكانم دەتپارێزن و ئەگەر لە ژیاندا مامەوە چاوم پێت دەكەوێ
مەعشوق: ڕاوەستە... ڕاوەستە
ئەوە دڵی خۆت لە لای من بەجێ هێشت... نایبەیتەوە؟
عاشق: نا... ئەو بەردەوام لە لای تۆیە، دڵی من بەردەوام هی تۆیە
مەعشوق، چاوەكانی لەسەر ئەو بوون و ئەویش وردەوردە لەبەر چاو ون دەبوو
دڵی عاشقە شەڕوانەكەی خۆی لە ئامێز دەگرێ و بە فرمێسكە گەرمەكانی خۆی دەیشواتەوە و بۆ ماڵە دوورەكەی خۆی دەگەڕێتەوە
بۆ ئەوەی لەوێ جێگیر بێ و چاوەڕێی ئەوە بێ سەرلەنوێ ئەو بۆ لای بگەڕێتەوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ