بەرایی
هەموو چاوەکان لەسەر کۆبوونەوە سێقۆڵییەکەی بەغدا بوون کە دوێنێ لەنێوان کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و بەرپرسانی هەولێر و بەغدا کرا و بێ ئەنجام کۆتایی هات، ئەمەش لەکاتێکدایە پێشتر بەغدا رایگەیاندبوو هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی بۆرییەوە لە کاژێرەکانی داهاتوودا دەبێت؛ ئەوە نەکرا چونکە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانیان کردووە و نزیکەی دوو لەسەر سێی کۆی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنن، ئامادە نین بەمشێوەیەی ئێستا کە بەغدا و هەولێر لەسەری رێککەوتوون، نەوت بکەنە بۆرییەکەوە.
لەڕاستیدا، هەموارکردنەوەی بڕی تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت بە 16 دۆلار لە پەرلەمانی عێراق و کەوتنەواری جێبەجێکردنی یاساکە، هەنگاوێکی گرنگ بوو، بەڵام ناڕوونی لە میکانیزمی پارەدان بە کۆمپانیاکان لە رابردوو و داهاتوودا، هەروەها پرسی پابەندیی یاساکە کە تەنیا بۆ دوو مانگە لەکاتی دەرچوونییەوە، وایان کرد کۆی کێشەکان چارەسەر نەبن و نەوت هەناردە نەکرێتەوە.
ئێستا، لەدوای هەموارەکەی بودجە و دیاریکردنی تێچووی 16 دۆلار بۆ بەرمیلێک نەوت، سێ کێشەی سەرەکی هاتووەتە بەردەم پرۆسەی هەناردەکردنەوە، یەکەمیان داواکاریی هەرێمی کوردستان بۆ رێککەوتن لەسەر بڕی بەرهەمهێنراو و بڕی نەوتی تەرخانکراو بۆ پێداویستی نێوخۆ، دووەمیان داواکاریی کۆمپانیاکان بۆ رێککەوتنێکی نووسراو لەبارەی قەرزەکانیان، پاراستنی گرێبەستەکانیان و شێوازی وەرگرتنی پارەی نەوتی بەرهەمهێنراو و هەناردەکردنەوەی بەبەردەوامی، سێیەمیان پابەندیی حکومەتی عێراق بەبڕی بەرهەمهێنراو و هەناردەکردنەوە لە 2025دا.
سەرەڕای ئەو سێ کێشەیە، پرسی تەواوبوونی گرێبەستی بۆریی هەناردەکردنی نێوان تورکیا و عێراق هەیە کە ئەم ساڵ کۆتایی دێت و دەبێت نوێ بکرێتەوە. ئەنقەرەش داواکاریی نوێی هەیە. بەپێی داتا کۆکراوەکان لە رۆژێکدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 2024ـدا بەتێکڕا 314 هەزار بەرمیل نەوت بووە، کە ئەمەش نزیکەی 100 هەزاری کەمترە لەو بڕەی لە بودجەدا وەک پشکی هەرێمی کوردستان دانراوە لەبەرامبەر رادەستکردنی نەوت بە سۆمۆ.
لەم راپۆرتەدا هەڵوەستە لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی کێڵگە بە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەگەرەکانی شێوازی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەکەین و فۆکەسی سەرەکیش لەسەر باڵانسی هێز و ئەوە دەبێت؛ بۆچی هەرجارێک لایەنێک بێتە پێشەوە، لایەنەکەی دیکە داواکاریی زیاد دەکات یان بەپێچەوانەوە.
هەرێمی کوردستان لە 2024ـدا رۆژانە سەروو 314 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە
ساڵی رابردوو لێدوانی جیاواز لەبارەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە دران و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، بەهۆی فرۆشتنی نەوت بە نیوخۆ و بەردەوامیی داخستنی قوفڵی بۆری هەناردەکردنی نەوت، نەگەیشتووەنەتەوە ئاستی پێش ئاداری 2023، کە توانای بەرهەمهێنانی نیو ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەبوو، بەڵام ئێستا کەمبووەتەوە بۆ 314 هەزار و 713 بەرمیل نەوتی رۆژانە، کە ئەمەش نەک ناگاتە ئەو بڕەی لە بودجەکەدا بۆی دیاریکراوە تاوەکو رادەستی سۆمۆی بکات، بەڵکو داوادەکرێت پێداویستیی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی لێ دەربکرێت و دابینبکرێت.
گەورەترین کێڵگەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کێڵگەی نەوتی خورمەڵەیە کە ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی بۆ تێکڕای رۆژانەی 100 هەزار بەرمیل نەوت دابەزیوە، لەکاتێکدا پێشتر دووهێندە بووە و پێش داخستنی بۆری هەناردەکردنی نەوت لەم کێڵگەیەوە نزیکەی 180 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهات.
لەدوای خورمەڵە، کیڵگەی نەوتی پیشخاپوور و تاوکێ بە دووەم گەورەترین کێڵگەی نەوت دادەنرێن، کە کۆمپانیای دی ئین ئۆ بەڕێوەیدەبات، ئاستی بەرهەمهێنانی ئەویش لە 2024دا گەیشتەوە سەروو 78 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، لەکاتێکدا لەپێش ئاداری 2023، نزیکەی 105 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەبووە.
وەکو لە گرافیکی یەکەمدا هاتووە، ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە؛ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتە لە کێڵگەی نەوتی تەق تەق، کە لەساڵی رابردوو بەتێکڕا سفر بووە، لە ئایاری 2023ـوە کۆمپانیای گەنەل ئینرجی کارکردنی تێدا راگرتووە و فایلی کۆتاییپێهێنانی خۆی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە. ئەم کێڵگەیە رۆژانی سەرەتای هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە لە 2014، سەرووی 103 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا، بەڵام بەهۆی تێکچوونی پێکهاتەی جیۆلۆجیی کێڵگەکەوە لە 2017ـدا، ئاستی بەرهەمهێنانی بۆ خوار 5 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزی، کە بەپێی راپۆرتی گەنەل ئینرجی، کێڵگە نەوتییەکە لە 2023دا هێشتا یەدەگی 23.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە.
هەروەها، ئێستا کێڵگە نەوتییەکانی شێخان، سەرسەنگ و ئەترووش بەکۆی توانای بەرهەمهێنان کار دەکەن و بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنان بووە لە 2024دا، لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ 33 هەزار، ئەترووش 30 هەزار و شێخان سەرووی 40 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە.
بەرهەمی کێڵگەی نەوتی سەرقەڵا و حەسیرە لە گەرمیان بەپێی داتا کۆکراوەکان لە تەنکەرەکانەوە رۆژانە دەگاتە سەروو 9 هەزار بەرمیل، هەرچەندە لە کۆتاییەکانی مانگی هەشتی رابردووەوە بەرهەمهێنان لە کێڵگەی چیاسورخ راگیراوە، کە ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی 2 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە.
ئەو بڕەی ئێستا هەرێمی کوردستان بەرهەمی دەهێنێت ناتوانێت پێکەوە پێداویستی ناوخۆ و بڕی دیاریکراو وەکو لە بودجەدا هاتووە، دابینبکات، چونکە لەماوەی رابردوودا کەرتی پاڵاوگەکانی فراوانکردووە و سەرەڕای دەیان پاڵاوگەی نایاسایی کە وەبەرهێنیان تێداکراوە و کار دەکەن، توانای ئێستای پاڵاوگەکانی کار، لاناز، قەیوان، دووکان و فۆکس گەیشتووەتە سەرووی توانای پاڵاوتنی رۆژانەی 200 هەزار بەرمیل نەوت.

سەرچاوە: بڵاوکراوە فەرمییەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان بەمشیوەیەی خوارەوە:
خاڵی 1 و 2: بەگوێرەی ئەم راپۆرتەی گەڵف کیستۆن
خاڵی 3 و 4 بە گوێرەی زانیارییە کۆکراوەکان و راپۆرتی کۆمپانیای شامارانەوە، کۆمپانیای ئیچ کەی ئین لەدوای کڕینەوەی پشکەکانی تاقە لەکێڵگەی ئەترووش، هەموو بڵاوکراوە داراییەکان و راپۆرتی بەرهەمهێنانی لە ماڵپەڕەکەدا سڕییەوە و تاوەکو ئێستا هیچ بڵاوکراوەیەکی نوێی نییە کە هەردوو کێڵگەی سەرسەنگ و ئەتروش بەڕێوەدەبات.
خاڵی 5 بەگوێرەی راپۆرتی کۆمپانیای گەڵف کیستۆن
خاڵی 6 و 7 بەگوێرەی راپۆرتی کۆمپانیای گەنەل ئینرجی
خاڵی 8، زانیارییەکانی ئەم کێڵگەیە لەو تانکەرانەوە وەرگیراوە کە رۆژانە کێڵگە بەجێدەهێڵن، کە 43 تانکەر نەوتن، 10 تانکەری 30 هەزار لیتری، 33 تانکەری 36 هەزار لیتری، ماوەی 7 مانگە ئاستی بەرهەمهێنانی 2 هەزار بەرمیل نەوت لە چیاسورخ بەیەکجاری راگیراوە.
خاڵی 10، بەپێی زانیارییە کۆکراوەکان لە کێڵگەکانی هەولێرەوە، بڕی بەرهەمهێنانی رۆژانەیان لەنێوان 40 بۆ 45 تانکەری رۆژانەیە، کە ئەمەش بەتێکڕا لەنێوان 8 بۆ 9 هەزار بەرمیل نەوتە و لەم راپۆرتەدا 8 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دانراوە، چونکە کۆمپانیای فۆرزە لە 2023ـوە راپۆرتی نوێی نەبووە.
خاڵی 12، بەگوێرەی راپۆرتی ساڵانەی دانەگازە؛ لە 2024ـدا ئاستی بەرهەمهێنانی گازی کۆندینسەیت بەنێوخۆ فرۆشراوە، پشکی کۆمپانیاکە رێژەی 35٪ ـی دایناوە کە 5273 بەرمیل بووە، واتە کۆی بەرهەمی کێڵگەکە 15 هەزار و 65 بەرمیل بووە.
کۆتایی
راستە ئێستا بەربەستی یاسایی لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوت بە تەرخانکردنی 16 دۆلار بۆ تێچووی بەرهەمهێنان نەماوە و بەغدا و هەولێر کۆکن لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتەکە بە بۆری، بەڵام چ لە داواکاری کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت دەکرێت کە بەهۆی باڵادەستییانەوە داواکاریی نوێ و گەرەنتی نووسراو و واژۆکراویان دەوێت؟
هەروەها، ئەوەش راستە لەسەرەتاوە لەوانەیە بەغدا هەمووی نەوێت بەهۆی پابەندیی بە ئاستی دیاریکراوی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی ئۆپێک، بەڵام تەنانەت ئەگەر بۆ نێوخۆش بێت، بەدڵنیاییەوە وەک دەڵێن حساب و کتابەکەی دەوێت، نەوەکو بەرمیلێک نەوت تێچووەکەی دووهێندەی لەسەر بکەوێت. ئایا رادەستکردن بە سۆمۆ بەمانای هەناردەکردنەوە دێت یان فرۆشتنی بە نیوخۆ؟
ئەی چ لە پێداویستی نێوخۆی هەرێمی کوردستان دەکرێت کە لەم ساڵانەدا بەهۆی هەبوونی نەوتەوە لەنێوخۆ، کەرتی پاڵاوتنی نەوت فراوان بووە و پاڵاوگەی نوێ دامەزراون، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئایا فرۆشتنی بەنێوخۆ، هەمان نرخە جیهانییەکە دەبێت یان ئەو نرخەی ئێستا؟ هەروەها، چۆن مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت. ئایا نرخی بەنزینی پاڵپشتیلێکراوی ئێرەش وەک بەغدا و ناوچەکانی دیکەی لێدێت؟
لە ئاداری 2023ـوە تاوەکو ئاداری 2025، لێدوان و داواکاریی جیاواز، مژدەی خۆش و ناخۆش لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان هەبوون، بەڵام ئەوەی دەبینرێت؛ راستە پرسەکە لەنێوان هەولێر و بەغدا و کۆمپانیاکاندایە، بەڵام هەر قۆناخەی باڵادەستی لایەنێک و سازشکردنی لایەنێک بە گۆڕانکارییەکاندا بەڕوونی دەبینرێت، تاوەکو رۆژانی پێش پەسندکردنی هەمواری یاسای بودجە، پرسەکە تێچووی بەرمیلێک نەوت بووە، بەڵام ئێستا پرسەکە بۆ کۆمپانیاکان قەرزی 6 مانگی پێش راگرتنی هەناردەکردنی نەوتە، بۆ هەرێمی کوردستان بڕی پێداویستیی ناوخۆ و بۆ بەغداش هەرچی زووە هەناردەکردنەوەیە، چونکە ئیدارەی ترەمپ داوای لێدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ