دیبەیتی سیكولاریزم‌و ئیسلامگەرایی ئەركێكی دیموكراسی، نەك دوژمنایەتی

04-04-2016
مەلا بەختیار
نیشانەکردن مەلا بەختیار
A+ A-

بڕیارە 2016/4/10، لەهۆڵی تەوار، كاتژمێر 4 ی دوای نیوەڕۆ، لەلایەن سەنتەری (خانەی زانستە مرۆییەكانی پاریس) دیبەیتێك لەنێوان بەندەو بەرێز عەلی باپیردا رێكبخرێت. هەفتەیەكە مشتومڕی خستۆتە ناو ناوەندی سیاسی‌و روناكبیری. تەلەفزیۆنەكان، بەسوپاسەوە، داوای گواستنەوەی راستەوخۆی دیبەیتەكە دەكەن. تەلەفزیۆنی روداو سپۆنسەرێكی شیاوی پێشكەش كردو، پەیمان بەستراوە كە بە ئاستێكی بەرز، دیبەیتەكە پەخش بكەن.

دیبەیت، یان بۆڵتین (مناظرة- روانگەگەری) دیاردەیەكی دیموكراسی بەرزە. لەپەنجاكانەوە یەكەمینجار كەناڵەكانی تەلەفزیۆن، بۆ كاندیدەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا، ئەم نەریتە ئازادەیان داهێنا. لەوساوە تائێستا لەرۆژئاوا، بۆ كاندیدەكانی سەرۆكایەتی، دیبەیت باوە. بێگومان، بوارەكانی تری سیاسی‌و فەلسەفی‌و روناكبیریشی گرتۆتەوە. تەنانەت لەنێوان زانا پایەبەرزەكانی زانست‌و ئاینیشدا.

لەكوردستاندا، یەكەمین دیبەیت، لەژێر ناونیشانی (دیموكراسی‌و پێكەوەژیانی سیاسییانە) ئێمە لەهۆڵی رۆشنبیری سلێمانیدا لەگەڵ بەرێز (تاهیر حەسەن- حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری)  سەبارەت بە(دیموكراسی‌و سۆسیالیزم‌و پەیوەندی سۆسیالیزم‌و دیموكراسی)رێكمانخست. لەسەر ئەم دیبەیتە، ئەوكاتە، پێش دەستپێكردنی، قسەو قسەڵۆك وروژا. جۆرەها پەیام‌و تانەو تەشەر، بڵاوكرایەوە. چوار سەعات پێش دەستپێكردنی دیبەیتەكە، هۆڵی رۆشنبیری جمەی دەهات. سەرەڕای ناكۆكییەكی قوڵی فەلسەفی نێوانمان، دیبەیتەكە زۆر بەئارامیی بەرێوەچوو. بەپێوەرەكانی ئەو هەلومەرجەش، سەركەوتوو بوو. یەكەمین كۆڕی سیاسیش، لە (20/8/1991) بەناونیشانی (راپەڕین‌و هۆیەكانی شكستی راپەڕین) هەر ئێمە لە شەقڵاوە، رێكمانخست. لەسەر ئەم كۆڕەش هاوڕێیانی (ئاڵای شۆڕش) زۆر دەترسان، كێشە بنرێتەوە. نوێنەری هەموو حزبەكان لەمپەڕی چەپ بۆ ئەوپەڕی راست هاتبوون، كەچی مشتومڕێكی دیموكراسی ئارام وروژا، و بوو بە مایەی چارەسەركردنی هەندێ‌ كێشەش. هاوینی (1997)یش دیبەیتێكی ترمان لەنێوان بەرێزان (بەهادین نوری)‌و (محەمەد بازیانی)‌و خۆمان رێكخست. ئەم دیبەیتەش، بیروبۆچونەكانی نزیكخستەوە، نەك ناكۆكیەكان قوڵتر بكات. لەتەلەفزیۆنی گەلی كوردستانیشدا یەكەمین روبەروبونەوەو ، یەكەمین بەرنامە كە راستەوخۆ بەتەلەفۆن پرسیار دەكرا، ساڵی (1996) رێكمانخست.

ئەم دیبەیتەش، درێژەپێدەری ئەو رەوتە دیموكراسیەیە، كەلەدوای راپەڕینەوە، بە قۆناغ لەپەرەسەندندایە. ئێستا، خۆشبەختانە، هەموو كەناڵەكانی تەلەفزیۆن، رۆژانە خەریكی دیبەیتن. سودێكی باشیش دەگەیەنن. گەرچی، هەندێك بەرنامەی تەلەفزیۆنی هەیە، میوانەكانیان، ویژدان دەخەنە فرێزەرو ئینجا دەچنە بەردەم كامێرا، ئیتر ئەوەی بەدەمیاندا دێت نایگێڕنەوە. ئەمەش بە رەخنەی سیاسی‌و قارەمانێتی دەزانن. رەخنەیەك كە بە یاسا كەسی لەسەر ناگیرێت. بەبێ‌ ئەوەی گوێ بدەنە ئەوەی وتن‌و نوسین، بەرپرسیارێتیە.

هەتا ئێستا، لەكەناڵەكان، یان لەناو هۆڵەكان، لەنێوان دوو كەسایەتی دیار و كاریگەری دوو حزبدا، نە لە هەڵبژاردنەكان‌و نە لەدوای هەڵبژاردنیش، دیبەیت نەكراوە. بەنوسین هەیە، بەڵام دیبەیت، یان بۆڵتین، لەنێوان دوو كەسایەتی دیار، نییە. ئێمە چەند جارێك، دوای جیابونەوەی گۆڕان، لە رێكخەری گشتی گۆڕانمان داواكرد، دیبەیت بكەین، ئامادە نەبوو. تەنانەت بەرێز. (هۆمەر شێخ موس) ئامادە بوو دیبەتی ئێمەو رێكخەری بزوتنەوەی گۆڕان، بەرێوە ببات، هەر سوودی نەبوو. هەروەها پەیاممان بۆ سەركردەی هەندێك لە حزبەكانی تریش نارد، دوای روداوەكانی 17ی شوبات لەسەر دۆخی كوردستان‌و ناوچەكە، روبەرو ببینەوە، نەسازا.

دیبەیتی (10/4/2016) بەدەستپێشخەری (خانەی زانستە مرۆییەكانی پاریس)‌و پەسەندی بەرێزان (میشێل ڤیڤیۆركا)و (عادل باخەوان) مانگێك لەمەوبەر، پێشنیار كرا. كە لەنێوان ئێمەو بەڕێز (عەلی باپیر)دا ئەنجام بدرێت. هەردوكمان، قبوڵمان كرد. ئەمەش خۆی لەخۆیدا، دەیسەلمێنێ كە پەیوەندی نێوان هێزێكی سیكولاری دیموكراتی وەكو یەكێتی‌و هێزێكی ئیسلامگەرای وەكو كۆمەڵی ئیسلامی، لەئاستێكدایە، ئاساییە ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی‌و لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، دیبەیتێكی وا بكەن.هەڵبەتە، ئەم جۆرە دیبەیتەش لەم هەلومەرجەدا، زادەی تێگەیشتنی چۆنێتی ساغكردنەوەی ناكۆكیە فەلسەفی‌و سیاسیەكانیشە، لەسایەی ئەزمونی دیموكراسی كوردستاندا.

لەم رۆژانەدا، بیرورای جیاواز لەسەر دیبەیتەكە دەنوسرێت‌و دەبیسترێت. هەریەكە لەئاستی تێگەیشتنی خۆیەوە دەڕوانێتە ئەم جۆرە ململانێ فەلسەفییانە. هەیە لە دەربڕینی بۆچوندا، ئاستی زۆر نزمە. هەشە پەرۆشەو بەتێگەیشتنێكی مەدەنیانەوە بیرورا دەردەبرێت. تێگەیشتن لەچۆنێتی راپەڕاندنی ئەم جۆرە ئەركە دیموكراسییانە، بۆ كولتوری سیاسی گەلانی وەكو ئێمە، ئاسان نییە. نەخوازەڵڵا بۆ فەریكە سیاسی‌و سیاسیە قارەمانەكانی فەیسبوك!

هەن پێیانوایە، مادام قەیران هەیەو، مادام تەنگوچەڵەمەی موچە هەیەو، مادام شەهید دەبەخشرێت، كەی وەختی دیبەیتە؟! هەشە پێیوایە هەلومەرجەكە یارمەتیدەر نییە. ئەم قسانە لایەنی جۆراوجۆری باسەكەن. بەڵام ئەوەی پێویستە بزانرێ‌، ئەوەیە كە دەربڕینی بیروڕای جیاواز، بەنوسین، یان لە پەخشی تەلەفزیۆنیدا، یان لەناو هۆڵەكاندا، لەهەموو ئان‌و كاتێكدا، گرنگە. تەنانەت لە قوڵترین قەیران‌و كێشەی سیاسیشدا. بۆئەوەی بیروڕا جیاوازەكان، سەرەنجامی مشتوماڵكردنیان لەناو رای گشتی، ساغبكرێنەوە، بۆ چۆنێتی چارەسەرەكان.

پرۆژەی دەستوری كوردستانیش، هەروەها، دەسەڵاتە یاساییەكانی سەرۆكایەتی هەرێم، لە كێشە بنەڕەتیەكانی ئێستای كوردستانە. تەنانەت بە كێشەی پەرلەمانی هەڵپەسێردراویشمانەوە. لەباری بنچینەی دەستورو سیكولاریزم‌و شەریعەتەوە، دەمێكە قسەی زۆر لەئارا هەن. یەكەمین كۆڕی سیكولار بەناونیشانی (عەلمانیەت‌و سەلەفیەت‌و ئایندەی دیموكراسی) لە (19/1/1994) بەشی روناكبیری‌و هۆشیاری مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی رێكیانخست، ئێمە بەستمان‌و لەو هەلومەرجەدا، فتوای تیرۆركردنیان دەركردین. سێ‌ جار هەوڵی تیرۆركردنیان داین. جارێكیان لە (25/10/2005) دوو خۆكوژ دوو سەیارەیان لەگردی سەرچنار پیا تەقاندین. 

جۆرەها شەڕو كێشەی زیانبەخش رویاندا. بەڵام سەرەنجام، تەواوی لایەنەكان گەیشتینە ئەو ئەنجامەی، دەبێ رێكبكەوین. دەبێ‌ پێكەوە ئەركەكان راپەڕێنین. دەشبێ‌ دەسەڵاتەكانی كوردستان‌و ئەزمونەكە، بەهەموومان بپارێزین.

زیاتر لە (18) ساڵە، بەرە بەرە ئارامیی سیاسی‌و عەسكەری باڵی بەسەر دۆخی كوردستاندا، كێشاوە. ئەم ئارامییەش، ئازادییەكی زیاتری بەدیهێناوە. كەوابێ‌: دیبەیتی بەندەو بەرێز (عەلی باپیر) پێویستە لەم روانگەیەوە سەیر بكرێت، نەك گومانی بخرێتە سەر.

خۆم بەئەرك‌و خزمەتی دیموكراسی دەزانم، لەم جۆرە بەرنامەدا، ئەم راستیانەی خوارەوە لەبەرچاو بگرم:
- پایەی ئەزمونە دیموكراسیەكەمان، لەبەرچاوی دەوڵەتان‌و دۆستان‌و رای گشتی گەلەكەمان، جوانتر دەربخەین.

- تاقیكردنەوەیەكی مەدەنی مۆدێرن، باشتر بخەینە خزمەتی پەرەپێدانی ئازادیەكانەوە.

- جەماوەری هەردوو بەرەی عەلمانی‌و ئیسلامگەرا، ئاسودە بكەین بەوەی ئەم دوو ئاراستە فەلسەفیە، دەتوانین ناكۆكی‌و بۆچون‌و ململانێكانمان، بخەینە خزمەتی پێكەوە خەباتی سیاسی‌و تێكۆشانی شارستانی.

- ئەم جۆرە دیبەیتە، هێندەی پەیوەندی بە فەلسەفەو ئایدیۆلۆژیەتی جیاوازەوە، هەیە، كەمتر پەیوەندی بە دیدی شەخسییەوە هەیە.

بۆیە، هەموو جۆرە نیگەرانییەك، بۆ چۆنێتی ئەنجامدانی دیبەیتەكە، لەروی پرەنسیپ‌و ئاكاری سیاسی‌و بیروباوەڕەوە، بەڵكو بۆ رێزی شەخسیش، رەتدەكەمەوە. بەدڵنیاییەوە، دیبەیتەكە مەڵۆیەك دەبێت بۆ بەرزكردنەوەی خەرمانی دیموكراسی. بەهیوام، دوای دیبەیتەكە، سەرەڕای بوونی جیاوازییەكان، باشتر رون بونی راستیەكان، ئامادەبوانی ناو هۆڵەكەو بینەرانی كەناڵەكان، بڵێین: خەرمانی دیموكراسی بەرەكەت. دەمێنێتەوە بڵێم، من چەندین كتێبی خۆم، دێنمە هۆڵەكەو لەكۆتایی دیبەیتەكە پێشكەشی مامۆستا عەلی باپیری دەكەم. چاوەڕوانم بەرێزیشیان چەند كتێبَكی خۆیانم بۆ بێنن.

سەروتاری ئەمڕۆی رۆژنامەی چاودێر


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە