دوابەدوای قەیرانە یەك لەدوای یەكەكانی كوردستان و دابەشبوون و ساغبوونەوەی سەرجەم كێشەكان بەسەر بەرەی پارتی لەلایەك و بەرەی گۆڕان لەلایەكەی دیكە، خەریكە كوردستان بەرەو قۆناغێكی یەكجار هەستیار و ئاڵۆز و پڕ لە كێشە دەڕوا و رۆژ لەدوای رۆژ قەیرانەكان قووڵتر و گەورەتر دەبنەوە، بە جۆرێك لەبری چارەسەری قەیرانێك پەردەپۆش دەكرێ بە قەیرانێكی دیكە و ئەوەی پێشوو لەبیر دەچێتەوە. هەر لە ویلایەتی بارزانییەوە بیگرە تا كێشەی مووچە و قەیرانی دارایی و ناردنە ماڵەوەی وەزیرەكانی گۆڕان و رێگرتن لە سەرۆكی پەرلەمان و ... هتد.
لەم نێوانەدا و لە ئان و ساتی ئەو هەموو كێشەو قەیرانانەدا، هەموو چاوەكان لەسەر یەكێتین و واقیعی حاڵ ئەوەیە كە یەكێتی دەتوانێ بەڵانسی هێز بگۆڕێ و لە بچووكترین هەنگاودا قەیرانەكان بەرەو چارەسەر یان تێكدانی خراپتر بەرێ، پرسیاری گرنگ و جەوهەری ئەوەیە كە یەكێتی چی دەكات؟
بەر لە هەر شتێك پێویستە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی هاوسۆزبوون و هاوخەباتیی رابردوو و لێكنزیكبوونەوەی ئێستا لەگەڵ گۆڕان و حوكمڕانیی هاوبەش و بەرژەوەندیی هاوبەش و رێككەوتننامەی ستراتیژی لەگەڵ پارتی وەلا بنێن، بەڵكو بیر لەوە بكەنەوە كە لەم نێوانەدا یەكێتی بۆ میللەت و ئایندەی كوردستان و پارسەنگی هێزی خۆی چی پێیە و چی پێ دەكرێ؟
ئایا دەكرێ (ی.ن.ك) 30ی حوزەیرانێكی دیكە دووبارە بكاتەوە؟ بێگومان نەخێر، ئێ لە بەرامبەر ئەوەشدا خۆ ناكرێ یەكێتی وەك گۆڕان بیر بكاتەوە و هەموو شتێك رەفز بكاتەوە و بە عینادی سیاسەت بكا، بەڵكو پێویستە بە سیاسەتێكی حەكیمانە لەم نێوانەدا كاربكا.
لەم وتارەمدا نە گەرەكمە باسی ئەوە بكەم یەكێتی چی دەكا یان پرۆژە نوێیەكەی چی تێدایە، نە گەرەكیشمە بڵێم پێویستە هەموو هەنگاوەكانی یەكێتی بكەونە سەر پەڕەی كاغەز و میدیاكان بڵاوی بكەنەوە، ئەوەی بەلامەوە گرنگە باسی بكەم و پێویستە یەكێتی زۆر باش بیری لێ بكاتەوە، دووبارەنەكردنەوەی ژینگەی كات و ساتی 30ی حوزەیرانی 2013یە، بە جۆرێك یار و نەیار قسەیان لەسەر یەكێتی دەكرد و هەر كەسەو لە روانگەی خۆیەوە خوێندنەوەی بۆ یاساكە و رێككەوتنەكە دەكرد، تەنها كادیران و ئەندامانی یەكێتی نەبێ كە نەیاندەزانی حیزبەكەیان بۆچی و بە چ ئامانجێك ئەم كارەی كردووە.
بە مانایەكی دیكە دەمەوێ بڵێم پێویستە بەر لە هەر شتێك و ئەنجامدانی كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەكان، یەكێتی راگەیاندنی خۆی و ئەندامان و كادیرانی لە هەر هەنگاوێك ئاگادار بكاتەوە كە دەیگرێتەبەر، خۆ ناكرێ هەمدیس یەكێتی تووشی ئیحراجی بكەن.
پاڵپشت بۆ ئەم قسانە و غیابی ئاگادار نەبوونی راگەیاندن و كادیرانی (ی.ن.ك) لە بەرنامە و ئامانجی كۆبوونەوەكە، ئەو فەوزا ئیعلامیە بوو كە لە كاتی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی هەردوو مەكتەبی سیاسی (ی.ن.ك) و (پ.د.ك) روویدا، بە جۆرێك راگەیاندنەكانی نزیك لە گۆڕان بە هێرشكردن و ئەوانەشی نزیك لە پارتی بە ئامانجی لێدان لە یەكێتی كاریان لەسەر بابەتەكە كرد و راگەیاندنی یەكێتیش تەماشاكەرێكی گوناهی بێ زانیاری بوو (كە ئەمەیان مەكتەبی سیاسی و ئەندامانی وەفدەكە لێی بەرپرس بوون).
دەمەوێ چی بڵێم و بۆ ئەو بابەتە دەبێ یەكێتی چی بكا؟ جارێ پێش هەموو شتێك و لە كات و ساتی شەڕی راگەیاندن و دەروونیی نێوان پارتی و گۆڕاندا نابێ هەرگیز یەكێتی بكەوێتە حاڵەتێكی ئاوا كە بنكە جەماوەرییەكەی دابەش بن بەسەر ئەو دوو بەرەیەدا و لە دواجاردا بە زیانێكی گەورەی وەك ئەوەی هەڵبژاردنی 21/9ی پەرلەمانی كوردستان بشكێتەوە، بۆیە هەرچی زووە، پێویستە یەكێتی بە بەرنامەیەكی تۆكمەوە كار لەسەر ورد و درشتی هەنگاوەكانی مەكتەبی سیاسی بكاو هەرگیز دەرفەتی ئەوە نەداتە گۆڕان جارێكی دیكە بڵێن یەكێتی تەسلیمی پارتی بووەوە و بۆ بەرژەوەندی بازرگانیی خۆیان ئەوەیان كرد و میللەتیان فرۆشت، ئاواش هەرگیز دەرفەت نەداتە پارتی و میدیا سێبەرەكانی كە بڵێن یەكێتی بووەتە بەشێك لە گۆڕان یان ئەجێندای فڵان وڵات دژی پارتی جێبەجێ دەكا، بەڵكو وەك چۆن هەموومان چاومان لەسەرە و دەمانەوێ یەكێتی فریادڕەسی چارەسەركردنی كێشەكان بێ، ئاواش مەبەستمانە راگەیاندن و كادیرانی بە وردی كار لەسەر هەنگاوەكانی یەكێتی بكەن و لە ئەسڵی بابەتەكە تێبگەن و بیگەیەنن بە بنكەی جەماوەری یەكێتی.
ماوەتەوە بڵێم ئەگەر لە هەر هەنگاوێكدا یەكێتی هاوشێوەی 30ی حوزەیران و بەشێك لە رووداوەكانی رابردوو وەك حیزبێكی خاوەن میدیای بێ هێز و بێ بەرنامە لە بەرامبەر ژمارەیەكی زۆر و كاریگەر لە میدیای بەرامبەر دەركەوت، ئەوا بێگومان سەرجەم هەنگاوەكان ئەگەر زۆر پۆزەتیڤ و چارەسەركەریش بن بۆ ئەم میللەتە، بەڵام بەدڵی هەریەك لەو دوو بەرەیە نەبێ، خراپ دەكەوێتەوە و دواجار تەنها بە زەرەری یەكێتی و بچووكبوونەوەی تەواو دەبێ.
ناشبێ ئەوەمان لەبیر بچێ لە ئان و ساتێكی ئاوادا دەبێ یەكێتی بەرنامەو پلانی وردی هەبێ و بۆ هەر ئەگەرێك كە میدیای بەرامبەری دەیگرێتە بەر لە وەڵامیدا بێتە جواب، نەك لە كاتی گەرمە گەرمەی كێشەكاندا و لەكاتێكدا لە دوو لاوە هێرش لەسەر یەكێتییە، كەچی ئۆرگانەكانی یەكێتی خەریكی نیشاندانی سروشتی كوردستان و رابردوویەكی بێ سوود و كاریگەر بن بۆ ئەمڕۆ، ئەمە ئەو مەترسییەیە كە یەكێتی دەبێ بە وردی ئاگاداری بێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ