هه‌ڤاڵانی به‌ڕێز و پایه‌به‌رز!
سڵاوێكی گه‌رم
له‌سێیه‌مین كۆنگره‌وه، به‌رپرسیارێتی مێژوویی ئیداره‌دان و گه‌شه‌پێدانی یه‌كێتی، له هه‌موو روویه‌كه‌وه، ده‌ستۆی به‌ڕێزتاندایه. به‌رپرسیارێتی بریتی نییه له: سه‌ردانی باره‌گای (م.س) و به‌شداریی كۆبوونه‌وه و چاوپێكه‌وتنی سه‌ركرده‌ی هێزه سیاسییه‌كان و ... تاد. ئێوه به‌رامبه‌ر هه‌موو رووداوه مه‌زن و ساده‌كانی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی ی. ن. ك به‌رپرسیارن. تا ئه‌و رۆژه‌ی ئێوه له‌پشت مێزه‌كانتان ده‌بن و به‌رپرسیارێتیتان پێسپێردرابێت، به‌ڕێزتان به‌رپرسیارن! ئێوه مافی گوڵبژێركردنی پاژ و شێوه‌ی به‌رپرسیارێتیتان بۆ ده‌سته‌به‌ر نه‌كراوه: به‌رامبه‌ر پاژێك خۆتان به به‌رپرسیار بزانن و به‌رامبه‌ر پاژه‌كانی تر خۆتان نه‌بان بكه‌ن!
من لێره‌دا ده‌مه‌وێت ته‌نیا له‌سه‌ر یه‌ك بابه‌ت بنووسم: چی و چۆن له‌سه‌ر مام جه‌لال ده‌نووسرێت؟ هه‌ركه‌س هه‌رچی ویست و نه‌ویست بیخاته سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه و له كتێباندا بڵاوبكرێته‌وه و به‌ڕێزتان هیچ قسه‌یه‌كتان نه‌بێت؟
مام جه‌لال له‌لایه‌كه‌وه سكرتێری گشتی (ی. ن. ك) و له‌لایه‌كی تره‌وه سه‌رۆك كۆماری عێراق بووه. ئه‌م پله و پۆسته له‌ڕووی قانونی و ره‌سمیاته‌وه؛ ئه‌و مرۆڤه له كه‌سێكی تایبه‌ته‌وه ده‌كاته كه‌سایه‌تییه‌كی گشتی. له زۆربه‌ی وڵاتاندا هه‌لومه‌رج و جێگای ئه‌م كه‌سایه‌تیانه له‌به‌رچاو ده‌گیرێت.
له زۆربه‌ی وڵاته پێشكه‌وتووه‌كاندا، مێژووی ژیان و دۆكیۆمێنت و نامه و ئه‌رشیفی ئه‌م كه‌سایه‌تییانه به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت سه‌یر ده‌كرێت و دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌تیی پسپۆڕ سه‌رپه‌رشتی نووسینه‌وه‌ی مێژووی ژیانی ئه‌و كه‌سایه‌تییانه ده‌كات و ئه‌رشیفه‌كه‌یان ده‌پارێزرێن. له ئۆروپا ماڵی شاعیر و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌كان كراونه‌ته مۆزه‌خانه و رۆژانه هه‌زاران كه‌س سه‌ردانی ئه‌و ماڵانه ده‌كه‌ن.
مام جه‌لال یه‌كێكه له‌و سه‌ركردانه‌ی ده‌بێ مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی یەکێتی شانازی پێوه بكات. ژیاننامه و بیره‌وه‌ری و ئه‌رشیفی مام جه‌لال دوو پاژه: به‌شێكی تایبه‌ته، په‌یوه‌ندی به‌خۆی و خێزان و كه‌سوكاریه‌وه هه‌یه، پاژه‌كه‌ی تری په‌یوه‌ندی به كه‌سایه‌تی سیاسی و گشتی و مه‌عنه‌ویی ئه‌وه‌وه هه‌یه!
ئه‌ركی ژماره (یه‌كی) مه‌كته‌بی سیاسی یەکێتی ئه‌وه‌یه بایه‌خ به مێژووی ژیان و ژیاننامه و ئه‌رشیفی مام جه‌لال بدات. نامه‌وێ باسی سه‌رۆكێكی وڵاتانی رۆژاوا بكه‌م کە چی‌یان بۆ كراوه؟ باسی ئه‌وانه ناكه‌م! باسی سه‌ركردایه‌تی حزبێكی كوردستان ده‌كه‌م: هه‌ر بۆ نموونه پارتی دیموكراتی كوردستان (پ.د.ك) به چه‌ندین كتێب ژیاننامه و بیۆگرافی و خه‌باتی مه‌لا مسته‌فای بارزانی‌یان بڵاوكردووەته‌وه. ئه‌مه‌ی ئه‌وان كردوویانه كارێكی سروشتی و ئاساییه، به‌ڵام سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتی ژیاننامه و بیۆگرافی سه‌ركرده‌یه‌كی پارتی بنووسێت، هه‌زاران نیشانه‌ی پرسیار به‌سه‌ریدا داده‌بارێنرێت. من له ئۆروپاش ئه‌و دیارده‌یه‌م نه‌بینیوه، سه‌ركرده‌ی حزبێكی دژ و خۆ به ئه‌ڵته‌رناتیڤزانی حزبه‌كه‌ی تر، به ئه‌رێنی كتێبێك له‌سه‌ر ژیاننامه و بیۆگرافی سه‌ركرده‌ی حزبێكی تر بنووسێت! هه‌ر به‌وه‌دا بزانن ماسته‌كه موویه‌كی تێدایه و كاسه‌كه بێ ژێركاسه نییه!
سه‌ركرده هه‌یه، سه‌ركرده‌یه‌كی لۆكاڵی، گۆشه‌گیر و په‌راوێزخراوه، سه‌ركرده‌ش هه‌یه ناوبانگی بۆ سه‌رانسه‌ری جیهان رۆیشتووه. سه‌ركرده‌یه‌ك له‌نزیكه‌وه ئه‌م كه‌سایه‌تییه گه‌ورانه‌ی ناسیبێت وه‌كو: (كامل چادرچی، عه‌بدولناسر، عه‌بدولكه‌ریم قاسم، یاسر عه‌ره‌فات، موعه‌مه‌ر قه‌زافی، ڤیلی برانت، كرایسكی، جۆرج بوش، بیل كلینتن، ئۆباما، تۆنی بلێر، خومه‌ینی، خامنه‌یی، ره‌فسه‌نجانی، هووجن تاو، فرانسوا میتران، تورگوت ئۆزال، بریماكۆڤ، گێنشه‌ر و ... تاد) ده‌كرێ ئه‌م ئه‌زموونه پشتگوێ بخرێت و بۆچوون و بیروڕای مام جه‌لال له‌سه‌ریان نه‌نووسرێت؟
یه‌كێتی دامه‌زراوه‌یه‌كی تایبه‌تی نییه هزر و بیر به‌رهه‌مبهێنێت، كه له‌رۆژاوا پێیده‌گوترێت: (تینك تانك Thinktank-) ئه‌گه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كی له‌م جۆره‌ی هه‌بوایه ده‌یتوانی مێژووی خۆی بنووسێته‌وه، یان سوود له ئه‌زموون و شێوه‌ی بیروكار و هه‌ڵوێستی مام جه‌لال وه‌ربگرێت.
له‌سایەی سیاسه‌تی پشتگوێخستن و خۆپه‌راوێزخستن و بایه‌خ به (هیچ) نه‌داندا، كه‌سێك كتێبێكی بڵاوكردووەته‌وه به‌ناوی (دیداری ته‌مه‌ن) كه فڕی نه به (دیدار)ه‌وه هه‌یه و نه (ته‌مه‌ن)! گوایه ساڵی 1990 ریكۆرده‌رێكی داناوه و قسه‌ی مام جه‌لالی تۆمار كردووه و پاش چه‌ندین هه‌ڵه‌بڕی و شه‌نوكه‌وكردن، هێشتا پڕه له هه‌ڵه و په‌ڵه و داڕشتنی بێتام و ناقۆڵا، كه زۆر زه‌حمه‌ته مام جه‌لال قسه‌ی وا ساردوسڕی كردبێت.
جارێ ده‌مه‌وێت له‌ڕووی قانوونییه‌وه ئه‌وه بنووسم: مرۆڤ له‌سه‌ر ئه‌وه تووشی دادگایی نابێت کە له‌مێشكی خۆیدا بیری له كارێكی نه‌رێنی كردبێته‌وه: (نموونه: یه‌كێك به خه‌یاڵ ماڵێك ده‌سووتێنێ.. دادگا ناتوانێت بریاری گرتنی بۆ ده‌ربكات..) گفتوگۆیه‌ك خاوه‌نه‌كه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌سه‌ند نه‌كردبێت، خه‌یاڵێكه و تۆمار كراوه. ته‌نیا گفتوگۆ له‌گه‌ڵكراو، مافی بڕیاری بڵاوكردنه‌وه و بڵاونه‌كردنه‌وه‌ی بۆ پارێزراوه. كه‌سی دووه‌م كه مرخی له بڵاوكردنه‌وه‌ی گفتوگۆكه خۆش كردووه، هیچ مافێكی قانوونی نییه. ئاماده‌كه‌ری كتێبی (دیداری ته‌مه‌ن) له‌به‌رده‌م كه‌ناڵێكی ئاسمانی‌دا دانی به‌وه‌دا ناوه کە مام جه‌لال ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبه‌كه ده‌رنه‌بڕیوه! له‌به‌رده‌م ژماره‌یه‌ك پیاوی كامڵ و موعته‌به‌ردا هه‌مان قسه‌ی دووپات كردووەته‌وه. له وتاری (مامۆستا جه‌عفه‌ر به‌شوێن چییه‌وه‌یه؟) له‌بری به‌ڵگه‌هێنانه‌وه و رێزله‌خۆگرتن و ئه‌ده‌ب نواندن، ته‌كنیكی هه‌ڵچوون و قسه‌ی زبر و بێسه‌روبه‌ری پێڕه‌و كردووه..
من داوا ناكه‌م (م. س) له‌سه‌ر ئه‌و نووسینەی به‌ده‌نگ بێت. من زۆرجار به‌ناوی خوازراوه‌وه به ناهه‌ق هێرشم كراوه‌ته سه‌ر و ئاماده نه‌بووم وەڵامی هه‌ندێ كه‌س بده‌مه‌وه كه زانیومه قسه‌كان له درۆ هه‌ڵبه‌ستن به‌ولاوه هیچی تر نین. ئه‌گه‌ر ئاشنا و رۆشنا زۆر بۆژوویان كردبێتم به پرسیاری: (بۆ وەڵام ناده‌یته‌وه؟) به ئایه‌تێكی قورئان وەڵامم داونه‌ته‌وه: (وَإِذَا خَاطَبَهُمُ الْجَاهِلُونَ قَالُوا سَلَامًا). چاكه! ئه‌وه من داوام له (م.س) كرد داكۆكی له من نه‌كات، ئه‌ی نابێ داكۆكی له‌خۆی و حزبه‌كه‌ی و سكرتێره‌كه‌ی بكات؟ من خۆم خاچی خۆم له‌سه‌ر شانی خۆم داده‌نێم و داكۆكی له‌خۆم ده‌كه‌م! قانوون هه‌یه و ده‌بێ له‌به‌رده‌م دادگا ئه‌و تاوانانه‌ی كه له‌خۆڕا بۆ منی دروستكردوون، یه‌ك به یه‌ك بسه‌لمێنێ. فێری ئه‌وه‌ش ببێت (مرۆڤ مافی هه‌یه) و جوێندان و تاوان دروستكردن ده‌چێته خانه‌ی (رووشاندنی كه‌رامه‌تی خه‌ڵك و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ی پێ‌نادرێت.) ئه‌مه بڕگه‌یه‌كی جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤی جیهانییه و ماده‌ی یه‌كه‌می ده‌ستووری ئه‌ڵمانیایه. ئه‌مه ده‌نووسم چونكه ئاماده‌كه‌ری كتێبی (دیداری ته‌مه‌ن) نزیكه‌ی چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك له ئه‌ڵمانیا ژیاوه و زانكۆی له‌وێ ته‌واو كردووه و وه‌زیری (مافی مرۆڤ) بووه له سلێمانی. به‌گوێره‌ی (قانون العقوبات البغدادیە ــ ماده 433) سه‌رجه‌می نووسینه‌كه‌ی له‌نێو دوو كه‌وانه‌ی (تشهیر و سب و قژف) و رووشاندنی كه‌رامه‌تی خه‌ڵك داده‌نرێت.
ئه‌و نووسیویه‌تی: (مامۆستا جه‌عفه‌ر له‌شه‌ڕدا ته‌قه‌ی نه‌كردووه)، ئای له‌م زانیارییه مه‌زنه! رسته‌كه سه‌رتاپای هه‌ڵه‌یه: جارێ ئه‌وه دانپێدانانه بەوەی به‌شداریم له‌شه‌ڕدا كردووه. كه‌سێك به‌شداری له شه‌ڕدا بكات، ده‌شێ هه‌ردوولا گوڵبارانی یه‌كتریان كردبێت؟ یان ئه‌و كه‌سه له‌كاتی شه‌ڕدا ئیسپریسۆ و ئه‌مریكانۆ بخواته‌وه؟ غاندی و مارتن لۆته‌ر كینگ و مه‌ندێلاش ته‌قه‌یان له‌كه‌س نه‌كردووه! ئه‌گه‌ر ته‌قه‌كردن له‌دیل و بێ‌تاوان و خه‌ڵكی له‌پشته‌وه ده‌ستبه‌ستراو به (ئازایه‌تی) دابنرێت! نه‌خێر من ته‌قه‌م له‌دیل و خه‌ڵكی بێ‌تاوان نه‌كردووه! من لێپرسراوی مه‌كته‌بی راگه‌یاندن بووم و به قه‌ڵه‌م په‌یامی كوردانه و مرۆڤانه‌ی خۆمم گه‌یاندووه و خزمه‌تی گه‌لی كوردستان‌م كردووه و ئامر به‌تالیۆنی به‌رلین نه‌بووم!
(دیداری ته‌مه‌ن) زیانێكی زۆری به ناووناوبانگی مام جه‌لال و یه‌كێتی گه‌یاندووه، خه‌ڵك چاوه‌ڕێی چی بوو، چی‌یان به‌رچاوكه‌وت؟
كه‌سوكاری شه‌هیدان: عه‌لی عه‌سكه‌ری، دكتۆر خالید سه‌عید، شاسوار جه‌لال (شه‌هید ئارام)، عه‌لی هه‌ژار، كاردۆ گه‌ڵاڵی و... تاد، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بوون له‌ڕووی رۆحی و مه‌عنه‌وییه‌وه پاداشت بكرێن و تاجی ڕێزلێنان له‌سه‌ر چه‌پكه گوڵی سه‌ركه‌وتن و یاده‌وه‌ریی ئه‌وان دابنرێت، چونكه به‌شێكیان ئارامگایه‌كیان نییه، ناویان له‌سه‌ر كێله‌كان نه‌خشێنرابێت. كه‌چی له‌م كتێبه‌دا قسه‌ی زۆر تاڵ و ناشیرین و دزێو به‌رامبه‌ریان كراوه. من ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وپێش چه‌ند دێڕێكم له‌سه‌ر عه‌لی عه‌سكه‌ری نووسی (عه‌لی عه‌سكه‌ری له ئاوێنه‌ی مێژوودا) و له كتێبی (عه‌لی عه‌سكه‌ری و بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی كوردستان) هه‌ر به مه‌به‌ستی دڵدانه‌وه، هه‌وڵمداوه به‌شێك له برینه‌كان ساڕ‌ێژ بكه‌م.
ئایا عه‌لی هه‌ژار و كاردۆ گه‌ڵاڵی دڵسۆز و نیشتمانپه‌روه‌ر بوون یان خۆفرۆش و به‌كرێگیراو و خیانه‌تكار؟ ئه‌گه‌ر جاسووسی رژێم بوون بۆ رژێم ئیعدامی كردن؟ رژێم بۆ به‌كرێگیراوی خۆی ئیعدام ده‌كات؟ ئه‌مه كام لۆجیكه؛ رژێمێكی فاشی دژ به كورد، مرۆڤێكی ناپاك و سه‌ربه‌خۆی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دڵسۆزی رژێم بووه، هه‌روا به سووك و سانایی له‌سێداره‌یان ده‌دات؟ كامه‌یه (به‌ڵگه‌ی تاوان) له‌سه‌ر ئه‌م دوو شه‌هیده كه ده‌یسه‌لمێنێ به قازانجی رژێم كاریان كردووه؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مانه سه‌ر به رژێم بوون بۆ سه‌ركردایه‌تی له په‌ناوه، به خشكه‌یی، كاغه‌ز و نووسراو و به‌ڵگه‌نامه‌ی نه‌خسته به‌رده‌ستی خوێنه‌ران؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مانه خیانه‌تكار بوون بۆ پاش 2003 ئه‌وه‌ی له‌بن به‌ڕه‌بوو، نه‌خرایه سه‌ر به‌ڕه؟
ئه‌مانه بوونه قوربانی (بیروڕای جیاواز) له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی كوردستان و ی. ن. ك! خیانه‌تی چی و به‌كرێگیراوی چی؟ من كاردۆ گه‌ڵاڵیم ده‌ناسی و نامه‌ی عه‌لی هه‌ژاریشم بینیوه كه ته‌نیا له‌دڵی پیاوێكی زۆر دڵسۆز و خه‌مخۆره‌وه ئه‌و وشه و ڕستانه دێنه ده‌ره‌وه. به‌ڵگه‌ی زانستیشم لایه كه هه‌ردووكیان قوربانی و بێ‌تاوان بوون. ئه‌م دوو شه‌هیده و ده‌یان شه‌هیدی تریش ده‌بوو (رد إعتبار)یان بۆ بكرێت. نه‌ك كه‌سێك له‌ولاوه بێت و قسه‌یه‌كی (سیاسی) نه‌سه‌لمێنراو، به‌بێ به‌ڵگه بخاته كتێبێكه‌وه و هیچ روونكردنه‌وه و په‌راوێزی بۆ نه‌نووسێت؛ ئه‌مه‌یه غه‌دری دووپاتكراوه!
خه‌ڵكێكی زۆر له سۆنگه‌ی (دیداری ته‌مه‌ن)ه‌وه نا‌ئومێد و دڵشكاو بوون! له‌وه‌ش ناخۆشتر ده‌نگۆ‌یه‌ك هه‌یه، گوایه: باڵێك له باڵه‌كان، به‌بێ خوێندنه‌وه‌ی تێكسته‌كه پشتیوانی له بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبه‌كه كردووه! مه‌كته‌بی سیاسی به‌ڕێزیش بێده‌نگی بۆ خۆی هه‌ڵبژاردووه، هه‌روه‌كو بۆ ده‌یان بابه‌تی نیشتمانی هه‌ستیار و گرنگ بێده‌نگییان به باشترین چاره‌سه‌ر داناوه.
به‌ڕێزان!
هه‌ر كه‌سێك پشتیوانی له بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبێك بكات، یان سپۆنسه‌ری بێت، ده‌بێ ناوی له‌سه‌ر به‌رگی كتێبه‌كه بنووسرێت و شایانی سوپاس و پێزانینی نووسه‌ر و ئاماده‌كه‌ر بێت. (م. س) له‌به‌ر دڵی فڵان ته‌كه‌تول و فیساره باڵ ده‌یان سه‌رنج و تێبینی هه‌بێت و هه‌ڵوێست وه‌رنه‌گرێت ئه‌وه كارێكی باش ناكات.
به‌كورتی پێتان بڵێم: ئه‌م كتێبه تۆڵه‌یه له مام جه‌لال و یه‌كێتی! من نامه‌وێت دێڕ به‌دێڕ قسه‌كان شی بكه‌مه‌وه و به‌ڵگه‌كان بنووسم، چونكه ئه‌وه زیان به ناووناوبانگی سكرتێری گشتی (ی. ن. ك) ده‌گه‌ێنێت. هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت له تێگه‌یشتن و بۆچوونی من تێبگات به‌رامبه‌ر به (دیداری ته‌مه‌ن) ئاماده‌م ته‌نیا به زاره‌كی، له دانیشتنێكی دووقۆڵیدا، شیكاری خۆم بكه‌م و به‌ڵگه‌كان بخه‌مه‌ڕوو، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م كتێبه به نووسین و بیروبۆچوونی خۆم بنووسم، به قازانجی گه‌لی كوردستان نابێت و ئه‌وه‌ش له‌من ناوه‌شێته‌وه.. به‌م رسته‌یه‌ش كۆتایی به قسه‌كانم ده‌هێنم.
هه‌ر سه‌ركه‌وتووبن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕی ڕێزمدا
مامۆستا جه‌عفه‌ر
18/3/2019
وێنه‌یه‌ك بۆ/ ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ