چوار سوارەی گوندی ئیتاڵی

05-05-2017
بەختیار كەریم
نیشانەکردن پەرلەمان
A+ A-

پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن پارتییەوە، گورزێكی كوشندە بوو بۆ ئەزموونی پێنەگەیشتووی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان. ئێستاش بەدەر لەوەی ئامانجی پارتی چییە لە سەرسەختییەكەی، كارانەكردنەوەی پەرلەمان ئاكامی ترسناكی دەبێت لەسەر ئایندەی هەرێم. لەبەرامبەردا، كەللەڕەقیی گۆڕان ئەنجامەكەی تەنیا بچوكبوونەوەی ئەو حیزبەیە و كورتبوونەوەیەتی لە یانەی كۆمەڵێك شارچیدا كە دوا ئامانجیان نەبوونی ئامانجە و تەنیا پاڵنەریان دژایەتیكردنی پارتییە. گۆڕان و پارتی، بەخۆیان بزانن یان نا، لە ململانێی كەللەڕەقییەكی ناسیاسیدا، سەرقاڵی لەگۆڕنانی دیموكراسیەكن كە بە ساوایی و بەهاوكاریی یەكێتی و ئیسلامییەكان كوشتیان. 

سەرەڕای بایەخی پەرلەمان بۆ هەموو پرسەكانی ئایندە، پەرلەمان پێش پەكخستنی ئیفلیج بوو. زۆربەی ئەوانەی ئەمڕۆ بوونەتە پاڵپشتی پەرلەمان، دوێنێ رەخنەگری سەرسەختی ئەم دامەزراوەیە بوون و وەك ئیفلیج و ناكارا و لێبووكی دەستی حیزبەكان پێناسەیان دەكرد. 

كەواتە بایەخی پەرلەمان بۆ پەرلەمانخوازەكان تەنیا لەوەدایە كە دامەزراوەیەك بوو، پێش لەكارخستنی، لێبووكێكی باش بوو بەدەست كۆمەڵێك حیزبەوە كە پشكی دەسەڵاتیان كەمتر بوو لە پارتی. پەرلەمان سەكۆیەكی گونجاو بوو بۆ دەربڕینی ناڕەزایی حیزبی، نەك سەكۆیەك بۆ بەرجەستەكردنی ئیرادەی خەڵك. كەواتە هەموو ئەوانەی دەگرین، بۆ ساوایەكی كوژراو ناگرین كە ناوی دیموكراسی بوو، بەڵكو بۆ كەناڵێك و سەكۆیەك دەگرین كە بۆ حیزبەكەیان سوودی هەبوو. ئەگەر پێشبینی سیناریۆیەكی پێچەوانە بكەین و گۆڕان و پارتی رۆڵەكانیان ئاڵوگۆڕ بكەن، ئێستا پارتی بۆ پەرلەمان دەگریا و گۆڕان پۆزشی بۆ پەكخستنی پەرلەمان دەهێنایەوە.  

تەنانەت ئەگەر ئێستا پەرلەمان كارابووایە، هیچ یەكێك لە كێشەكانی ناوخۆ چارەسەر نەدەكران، چونكە هەمیشە ئەو كێشانە لەسەر ئاستی مەكتەب سیاسیدا، كۆمەڵێك پیاوی دووبارە، چارەسەریان كردوون. پەرلەمان هەندێك جار كێشەی دروستكردووە، بەڵام هەرگیز كێشەی چارەسەر نەكردووە. تەنها بایەخی پەرلەمان لەوەدا بوو كە شەرعیەتی دەدا بە بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی (هەندێك جار گۆڕان و ئیسلامییەكان). 

ئێستا كە كەسانێكی وەك نووسەری ئەم بابەتە باس لە گرنگیی كاراكردنەوەی پەرلەمان دەكەن، لەبەر ئەوە نییە كە پەرلەمان بەرجەستەی دیموكراسی و ئیرادەی خەڵكی دەكرد لەم هەرێمە، بەڵكو لەبەرئەوەیە كە پەرلەمان پێویستە بۆ ئەوەی شەرعیەت بدات بە بڕیاری حیزبەكان، بەتایبەتی بۆ بابەتی گرنگی وەك ئایندەی كەركووك و ناوچە ئازادكراوەكان و ریفراندۆم و سەربەخۆیی. ئەم شەرعیەتە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا زۆر گرنگترە لەوەی هەندێك حیزب وێنای دەكەن.  

چوار سوارەی گوندی ئیتاڵی

دوانزە سوارەی مەریوان، داستانێكی ناسراوی كوردییە باس لە دلێریی دوانزە كەسایەتی دەكات كە گوایە سوپایەكی زۆر گەورەیان تێكشكاندووە! جێگەی سەرنجە، وەك تەنزێك دەگوترێت كە "فڵان"، بڕیار بووە لەگەڵ دوانزە سوارەی مەریوان بچێت، بەڵام لەكاتی سواربوونی ئەسپەكەیدا كەوتووە و قاچی شكاوە، ئیدی نەیتوانیوە ببێتە سوارەی سیانزەیەم. 

سەردەمی فەیسبووكیش داستانی خۆی هەیە! داستانێكی ئەم رۆژگارەی ئێستامان لە خۆبەزلزانی و لووتبەرزیدا، داستانی چوار سوارەی گوندی ئیتاڵییە، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كورستان. سەدە سەدەی بیست و یەكە و ئامرازی سواربوون وەنەوشەی ژمارە پەرلەمانە، شوێن ژێرزەمینی ڤیللایەكی گوندی ئیتاڵییە. پاش ئەوەی پارتی پەرلەمانتارانی ناچار كرد خەباتی ژێرزەمینی پەیڕەو بكەن، لە كەشوهەوایەكی نهێنیدا، بە ترس و فیغانێكی زۆرەوە، چوار پەرلەمانتار، داستانێك تۆمار دەكەن و نامەیەك دەگەیەنن بە پەرلەمانی "بێئاگای" یەكێتی ئەوروپا. 

چوار سوارەی گوندی ئیتاڵی، نامەكەیان بە زمانێك دەنووسن (گوایا ئینگلیزییە)، بەڵام هێشتا پسپۆڕانی زمان یەكلاییان نەكردووەتەوە ئایا نامەكە بە ئینگلیزیی شكسپیری نووسراوە یان لەوانەیە زمانێكی نوێ بێت كە ئێمە هێشتا پێی ئاشنا نین. مەكسیكییەكانی ئەمریكا زمانێكیان داهێناوە كە تێكەڵەیەكە لە ئیسپانی و ئینگلیزی و پێی دەڵێن (سپانگڵیش)، لەوانەیە ئەم چوار وەنەوشەسوارە (كوردگڵیشیان) داهێنا بێت! 

وەك لە كولتووری حیزبەكانی ئێمەدا باوە، هەوادارانی ئەوانەی هەڵە دەكەن، لەجیاتی ئەوەی هەڵەكاران ناچار بكەن داوای لێبوردن بكەن، بەدوای پۆزشی سەیردا دەگەڕێن. پۆزشخوازانی چوار سوارەی گوندی ئیتاڵی دەڵێن، گرنگ نییە نامەكە بە زمانێكی سەقەت نووسراوە، گرنگ رەوایەتی ناوەڕۆكەكەیەتی. ئەمە وەك ئەوە وایە بە گوێزی پووچ بڵێیت، گرنگ پووچیەكەی نییە، گرنگ توێكڵەكەیەتی!

نووسەرانی ئەو نامەیە ئەوەندە لووتبەرزن، ئامادە نەبوون بۆچوونی كەسێكی تر وەربگرن لەسەر زمان و ناوەڕۆكی نامەكەیان. زۆر خۆبەزلزانانە خۆیان وەك نوێنەری چوار فراكسیۆن پێناسە دەكەن. ئەگەر چوار فراكسیۆن نامەی فەرمی بۆ پەرلەمانی ئەوروپا بنووسن، بۆ دەبێت تەنها ناوی چوار پەرلەمانتاری لەسەر بێت؟ كێشەكە لێرەدا لە وێناكردنی چوار سوارەی گوندی ئیتاڵیدایە بۆ خۆیان، وەك چوار جەنگاوەری لەخۆبوردوو كە بەناوی هەموومانەوە لە جەنگێكی پیرۆزدان و چاكیان لێكردووە بەلادا و دژایەتیی گەندەڵی دەكەن. بەڵام وەك هەموو "

شۆڕشگێڕ"ەكانی پێش خۆیان، بیریان دەچێت كە پانتاییەكی چەند فراوان هەیە لەنێوان ئەوان و ئەو خەڵكەی گوایا لەپێناویاندا دەجەنگن. بیریان دەچێت لە نامەكەدا باس لە حاڵی خراپی خۆیان بكەن كە هێشتا لە گوند دەژین، گوندێك كە هەرگیز كارەبای نابڕێت! بیریان دەچێت بە خوێنەرانی نامە عەنتیكەكەیان بڵێن كە ئەوان چەند دوورن لە خەمی خەڵك و لە شوێنێك دەژین كە زۆربەی هەژارانی هەولێر، لە هەژارانی دهۆك و سلێمانی بگەڕێ، هەرگیز رێیان تێی نەكەوتووە.

لەڕاستیدا ئەگەر دژایەتیكردنی گەندەڵی لەخۆمانەوە دەستپێنەكات، ئەوا جگە لە درۆیەك و هەوڵێك بۆ فریودان زیاتر نییە. پاش دوو ساڵ لە پەكخستنی پەرلەمان لەلایەن ئەو "سوپایانەوە" كە نووسەرانی نامەكە باسی دەكەن، ئەم پەرلەمانتارانە هێشتا بە مووچەیەكی زۆرەوە لە گوندێك نیشتەجێن كە چەكدارانی هەمان ئەو "سوپایانە" دەیپارێزن. هێشتا بەرزترین مووچە و دەرماڵە وەردەگرن و بە ئۆتۆمبیلی پەرلەمانەوە بەناو شارێكدا پیاسە دەكەن كە "سوپاكان"ی پارتی داگیریان كردووە. دیارە ئەم چوار سوارە و ئەوانەی تر كە لەبەر شكانی "قەڵەم"ی ئەژنۆیان نەیانتوانی نامەكە واژۆ بكەن و ببنە سوارەی پێنجەم و شەشەم و هتد... كون لە جەرگیاندا نییە و لە شارێكی داگیركراودا سەرقاڵی خەباتی ژێرزەمینین!

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە