بزووتنەوەی گۆڕان و یاری مار و پەیژە

05-09-2017
فرسەت سۆفی
نیشانەکردن گۆڕان پارتی گشتپرسی
A+ A-

دوو ساڵە بزووتنەوەی گۆڕان داوای كاراكردنەوەی پەرلەمان دەكات بەبێ مەرج، دوای ئەوەی ئەم داخوازییەی گۆڕان بێ كەم و زیاد جێبەجێكرا، ئینجا وەك یاری مار و پەیژە هاتەوە خواری خوارەوە و هەر رۆژەی بەیانێك و هەڵوێستێكی دژ بە یەك رادەگەیێنن. 

گوتاری گۆڕان 360 پلە هەڵگەڕاوەتەوە و ئێستا دەڵێن دەبێ لەسەر هەموو جیاوازییەكان رێكبكەوین ئینجا پەرلەمان كارادەكەینەوە، لەكاتێكدا پێشووتر گوتاری فەرمی گۆڕان بریتیبوو لە كارابوونەوەی پەرلەمان ئینجا گفتتوگۆ و دانوستاندن. 

ئەو گۆڕانەی تاوەكو دوێنێ دەیگوت دەبێ هەموو پرسەكان بچنەوە نێو هۆڵی پەرلەمان و لەوێ بڕیاریان لەسەر بدرێت، ئێستا دەڵێن دەبێ لەسەر هەموو شتێك رێكبكەوین ئینجا دەچینەوە پەرلەمان، لەكاتێكدا دەزانن پەرلەمان تەنیا دوو مانگ تەمەنی ماوە.

لە دوایین راگەیێندراوی كۆبوونەوەی نێوان گۆڕان و كۆمەڵ لە رۆژی 4-9-2017، كە زیاتر لە بەیاننامەكەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان دەچێت تەنیا داڕشتنەكەی گۆڕاوە، دەمانەوێ ئەم سەرنج و تێبینییانەی خوارەوە بخەینەڕوو:

1- باسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی یاسایی خۆی دەكەن:

ئەم دەستەواژەیە پێشووتریش لە راگەیێندراوی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕاندا هاتبوو، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە بۆچی ئەم بابەتە ئاراستەی پارتی دەكرێت، لەكاتێكدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە لەهەمانكاتدا سەرۆكی پارتیشە لەكاتی خۆی بە مەرسومێك رۆژی 1-11 ی وەك وادەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان دیاریكردووە و كۆمیسیۆنیش وەڵامی داوەتەوە و دەستیان بە ئامادەكارییەكان كردووە. ئەم بابەتە لەكاتێكدا بەهای دەبوو كە وادەكەی دەستنیشان نەكرابووایە، بەڵام پێشئەوەی ئەوان بە یەك وشەش باسی ئەم پرسە بكەن، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بابەتەكەی یەكلایی كردووەتەوە.

2 - لە بەشێكی دیكەی راگەیێندراوەكەیاندا هاتووە: "ریفراندۆم دوابخرێت بۆ كاتێكی گونجاو لە رێگەی پەرلەمانەوە بڕیار و یاسایی بۆ دەربكرێت":

أ‌- بڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسی لە رۆژی 7-6-2017 دا لە كۆبوونەوەی سەرجەم حیزبە سیاسییەكان درا، جگە لە گۆڕان و كۆمەڵ، ئەو حیزبانەی لەم كۆبوونەوەیەدا بەشداربوون نوێنەرایەتی 81 كورسی پەرلەمان دەكەن، لەلایەكی دیكە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەرسومێك رۆژی 25-9 ی وەك رۆژی گشتپرسی دیاریكرد و كۆمسیۆنیش كە نوێنەری هەر پێنج حیزبەكەی تێدایە بە زۆرینە پەسەندی كرد ، لەكاتێكدا پارتی لە كۆی ٩ كۆمسیار تەنیا سێ ئەندامی هەیە.

ب‌- هەر پەیوەست بە گشتپرسی، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان نامەیەكی بۆ كۆمیسیۆن نووسیوە و داوادەكات گشتپرسی و هەڵبژاردنەكان لە پێش مانگی یازدە ئەنجامبدرێن، دیسان كۆمیسیۆن وەڵامی نامەكەی سەرۆكی پەرلەمانیشی داوەتەوە. مەگەر سەرۆكی پەرلەمان گۆڕان نییە؟ ئەگەر كات گونجاو نەبوو بۆ داوای ئەنجامدانی گشتپرسی كرد.

ت‌- رۆژی 3-7-2014 جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هاتە پەرلەمان و داوایكرد پەلە بكەین لە دەركردنی یاسای كۆمیسیۆنی هەڵبژارن و راپرسی بۆ ئەوەی لە زووترین كاتدا گشتپرسی ئەنجامبدەین، بۆیە پەرلەمان لە 20-7-2014 یاساكەی پەسەندكرد و سەرجەم لایەنەكان بەشداربوون لە دەركردنی ئەم یاسایە، گۆڕانیش ئەوكات پێیوابوو كات گونجاوە، بۆچی دەبێ 2014 كات گونجاوبووبێ كە تازە بودجە بڕابوو، كەس نەوتی كوردستانی نەدەكڕی و كەشتییەكەمان لە ئاوەكانی نیویۆرك دەسووڕایەوە و نەیاندەهێشت لەنگەر بگرێت، تازە دەستپێكی شەڕی داعش بوو... هتد. بەڵام ئێستا بەسەر داعش سەركەوتووین و خەریكە لە كۆتایی قەیرانی دارایی نزیكدەبینەوە و پێگەی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە زۆر لەوكات بەهێزترە و نەوتی كوردستان كڕیاری زۆرە و سەت بەقەد ئەوكات، ئێستا زیاتر لە عێراق بێئومێدبوون هەیە و....هتد. 

سەرەڕای هەموو ئەمانەش دەبێ لە گۆڕان بپرسین پێیوایە كەی كات گونجاوە؟ ئایا ئەو میللەتانەی گشتپرسی سەربەخۆییان كردووە، هیچ كامیان بەدوای كاتی گونجاوی نموونەییدا گەڕاون؟ لە ساڵی 1860 دا یەكەم گشتپرسی سەربەخۆیی كراوە و، تائێستا كە 60 گشتپرسی تێپەڕاندووە، كامەیان گوتیان دەبێ دەوڵەتانی دەوروبەر چەپكە گوڵی پیرۆزبایی پێشوەختەمان بۆ بنێرن؟ كامەیان رێگەیان بۆ تەختكرابوو؟ هەندێك لە ئێوە لەلایەك دەڵێن ئەم گشتپرسییە بە پشتیوانی توركیایە، لەلایەكی دیكەشەوە دەڵێن سنوورەكان دادەخرێن، خۆتان پێمانبڵێن باوەڕ بە كامەیان بكەین یان خۆتان باوەڕتان بە كامیانە؟

پ‌- سەبارەت بەو بڕگەیەی كە دەڵێن دەبێ لەلایەن پەرلەمان یاسای بۆ دەرچێت: بفەرموون وەرنە پەرلەمان یاسای بۆ دەربكەن كێ رێگری لێكردوون، ئەوە ئێوەن خۆتان لە خەمی كاراكردنەوەی پەرلەمان نین و دوو ساڵە تەنیا بۆ ململانێی حیزبی و چەواشەكردنی خەڵكی كوردستان شین بۆ ئەم پەرلەمانە دەگێڕن.

3- لە بڕگەیەكی دیكەدا هاتووە "ئاساییكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان بە جۆرێك كە كارەكانی یاسادانان و چاودێری خۆی بكات". بەڕاستی ئەم دەربڕینە زۆر نالۆژیكییە و، نەدەبوو بە دوو حیزب دەستەواژەیەكی وابنووسن، چونكە نە پارتی و نە هیچ لایەنێكی دیكە باسی گۆڕینی وەزیفەی یاسایی پەرلەمانیان نەكردووە تا بیخەنە دانوستاندنەوە.

4- لە دەربڕینێكی دیكەی راگەیێندراوەكەیاندا هاتووە: "هەردوولا جەختیان كردەوە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پاشەكەوتی مووچە و چاككردنی گوزەرانی خەڵك". كامە لایەنی سیاسی جەختی لەوە نەكردووەتەوە، ئایا ئەمە بە جەختكردنەوە چارەسەردەبێ یان وەزیرەكانتان بێنەوە و لەگەڵ حكومەت بەیەكەوە كاری لەسەربكەن و لە پەرلەمانیش هەموومان بەیەكەوە بیكەینە خەمی هاوبەش. بۆچی دەبێ ئێوە لە خەمی مووچەی خەڵك بن و ئێمە خەممان نەبێت، ئەی ئێوە نەتاندەگوت پارتی و یەكێتی ئەو خەڵكەیان دامەزراندووە و ئەندام و لایەنگری خۆیانن، بۆیە باسكردن لە باشكردنی بژێوی خەڵك بە قسە و موزایەدە نابێت، بفەرموون ئەگەر لە خەمی خەڵكدان مل بدەنە بەر باری بەرپرسیارێتی و لەگەڵ ئەم تیمانەی حكومەت هاوكاربن كە سەرقاڵی پێداچوونەوەی مووچەی خەڵكی كوردستانن.

5- لە كۆتایی راگەیێندراوەكەدا هاتووە: " كۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان ئامادەیی خۆیان نوێكردەوە بۆ گفتوگۆی جددی لەپێناو چارەسەركردنی قەیرانەكان". كاتێك پارتی لە هەولێرەوە بە شاندێكی باڵا كە لە سكرتێر و حەوت ئەندامی مەكتەبی سیاسی پێكهاتووە، دەچێتە سلێمانی و شەش خاڵ بۆ گفتوگۆ پێشكەشدەكات و چواریان لەگەڵ بەیاننامەكەی جڤاتی گۆڕان هاوبەشن و یەك مانگ و سێ رۆژ تەحەممول دەكات كە گۆڕان وەڵامی بداتەوە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوە و دەست لە هەموو مەرجەكانی خۆی هەڵدەگرێت، ئەگەر ئەمە گفتوگۆی جددی نییە بفەرموون پێمانبڵێن گفتوگۆی جددی چۆنە؟ ئەوە ئێوەن ناتانەوێت گفتوگۆ جددی بێت ئەگینا كەس لە گفتوگۆ مەرجی پێشوەختە دانانێ،  ئەگەر مەبەست رێككەوتن بێت. كامە گفتوگۆی جددی ئەو رۆژەی شاندی پارتی هاتە لاتان لە هەموو رۆژەكان زمانی راگەیاندنتان زبرتربوو، ئایا جددییەت ئەوەیە فەرزی ئیرادە بەسەر هەموو لایەنەكاندا بكەیت و لەڕێگەی بەیاننامە و میدیا مەرج فەرزبكەن؟

*ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە