زۆرجار رێككەوتی سەیر لە دەربڕینی بیروبۆچوونێك لەنێوان دوو كەس یاخود زیاتر سەبارەت بە بابەتێكی دیاریكراو هەڵدەكەوێ، هەر بۆ نموونە دوێنێ بابەتێكم لەسەر بێئەمەكی جیهان بەرامبەر بەهێزی پێشمەرگەی كوردستان نووسی كە بەدەستێكی كورتەوە رووبەڕووی هێزێكی زەبەلاحی پڕچەككراو و ئامادەكاروی لەپڕ دەركەوتووی وەكو داعش بووەتەوە، بەڵام بەرلەوەی بۆهیچ شوێنێكی بنێرم، بابەتەكەی كاك (ئاكۆ محەممەد)ی بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداووم بینی.
بابەت هەمان بابەت، بۆچوون هەمان بۆچوون، گلەیی و گازاندە لە جیهانی نوێخواز هەمان گلەیی و گازاندە، بەڵام لە دوو خاڵدا جیاوازیان هەبوو، یەكەمیان ئەوەبوو كە كاك ئاكۆ بابەتەكەی لەژێر ناوی كۆنفراسێكی نێودەوڵەتی بۆ كوردستان) نوسیبوو، ئەوەی بەندەش لەژێر ناوی ( شەڕ بەگیرفانی بەتاڵ) نووسرابوو.
خاڵی جیاوازی دووەمی بابەتە لەیەكچووەكەمان ئەوەبوو كە بەندە سەرەڕای گلەییكردن لە وڵاتانی جیهان كە هێزی پێشمەرگەیان بەپارێزەری خۆیان ناوزەند كردووە، ئەم ناوزەندكردنە تەنها بە قسەیەو بەس بەبێ ئەوەی رەچاوی دۆخی ئابووری و ململانێی سیاسی و ناتەبابیی لەگەڵ بەغداو و كاریگەری ئەم شەڕە نەخوازراوە لەسەر ئەو بێچووە ساوایەی ( دەرهێنانی نەوت) كە خەونی لەمێژینەو بەرهەمی رووباری خوێنی پێشمەرگەی كوردستان و دانبەخۆدارگتنی كوردستانیان بووە بۆ گەیشتن بەو خەونە رەچاو بكەن.
كورد لە پرۆسەی دەرهێنانی نەوتدا وا تێگەیی یەكڕاست نەك هەر برینی ناوخۆی ساڕێژ دەكات، بەڵكو دەشبێبت بە كوێت، سعودیە، بەحرێن، لیبیاو ئیمارات، هەر بۆیە بەو حەزەوە هەرزوو رایگەیاند كە هەولێر دەكات بە دوبەی دووەم، دیارە راگەیاندنی ئەم پەیامە لەناكاو و سەیرە بۆ سوپای دووژمنان و ناحەزانی كورد وایكرد هەر زوو لەم خەوەی رابێنن، بەڵام چ رابوونێك، رابوونێك لەسەر كارەساتێكی دەگمەنی وەك سوپایەكی تیرۆریستی كە بەناوی ئیسلامەتیشەوە پێشمەرگە لەنێو نوێژدا دەستگیر بكات و بە بەرچاوی جیهانی نوێخوازەوە وەك كار و بەرخ سەری ببڕێ..!!
كاك ئاكۆ لە بابەتەكەیدا زۆر جوان بۆی چووە كە سەرەتا وەسفێكی راستەقینەی سوپای داعش دەكات كە لەگەڵ دەركەوتنی چ ترسێكی لە دڵی جیهان نایەوە، بەڵام كەسێك زاتی شكاندنی شكۆی ئەو سوپا تیرۆریستییەی نەكرد، پێشمەرگەی كوردستان نەبێت. پێشمەرگەش بە گیرفانێكی بەتاڵ و چەكێكی كۆن، بەڵام بە ورەیەكی پێشمەرگانە كە پێی ناسراوە و لەئاست ناوەكەی خۆیەتی رووبەڕووی بووەتەوە..!!
كاك ئاكۆ جوانتریش وەسفی دۆخە متئاساو خەمساردەكەی جیهان دەكات كە تاوەكو ئێستا بیریان لە گوزەرانی ئەو جەنگاوەرانە نەكردووەتەوە، ئایا شەڕ تەنها چەك و تەقەمەنییە، ئەی ئەو كەسەی بەكاریدێنێ، ئایا كەسێك لەنێو شارەكاندا بەم زستانە زاتی ئەوە دەكات نیوەی شەوان نەك بەرەبەیان سەردەربێنێ و بزانێ ئاسامان چ لەنگە، ئەی ئەو پێشمەرگەیە دەبێ چۆن بەرگە بگرێ، سەرەڕای ئەوەی بیر و ئەندێشەشی لەلای گوزەران و بژێوی ماڵەوەی بێت..؟!!
هەر بۆیە نووسەری بابەتەكە شكاندنی ئەو بێدەنگییەی جیهانی بە گوتەی پەرلەمانتارێكی ئەوروپا هێناوەتەوە كە لەنێو پەرلەمانی ئەورپادا باسی لە گوزەرانی پێشمەرگەی كوردستان كردووە و ئەم نەنگییەی بە سكانداڵێكی گەورە بۆ ئەوروپا وەسفكردووە... بەڵام كوا بەكێی دەڵێی و كێ پێت دەزانێ، ئەوە هەر مانگەو دێت و دەڕوات، سەرەڕای ترس و لەرزی داعش ترس و لەزری خاوەن خانووش بە لایەك..!!!
خاڵی هەرە گرنگ كە لە گوتاری بەڕێوەبەری تۆڕی میدیایی رووداودا هاتووە ئەوەیە، باس لەوە دەكات ئەم دۆخی یاریكردنە بە نرخی نەوت لە بازاڕەكاندا دەبێتە هۆی زیانگەیاندنی گەورە بە وڵاتان، تەنانەت بە وڵاتانی بەرهەمهێنەری گەورەی نەوتیشەوە، هەر بۆیە هەرێمێكی وەكو ئێمە ئەگەر حاڵ وابڕوات بەرگە ناگرێت و لەنێو دەچێت. هەروەها ئاماژەی بەوەش كردووە، كە لەو ماوەیەدا هەریەك لە میسر، لوبنان و یۆنان سەتان ملیار دۆلاریان وەك هاوكاری و كۆمەك لەلایەن وڵاتانی كەنداوەوە پێگەیشتووە، هەر بۆیە ئەوەی هەرێمی كوردستان رزگار دەكات لەم دۆخە نەخوازراوەی كە بۆی نرایەوە، تەنها 10 ملیار دۆلارە (10 ملیاریش بۆ وڵاتانی زلهێز شەربەتی هەنارە) چونكە كوردستان وڵاتێكی دەوڵەمەندە و دەتوانێ بكەوێتە سەرپێ، بۆیە حەق وایە لە كۆنفراسێكی نێودەوڵەتیدا وڵاتانی گەورە بەخشەر بۆی دابین بكەن.
لەراستیدا هەموو ئەوانەی نووسەر باسی كردوون شتی زۆر جوانن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وێڕای پرسیاركردن لەوەی ئاخۆ كە وڵاتان ئاگایان لە گیرفانی پێشمەرگە نییە، حەقوایە بەرپرسانی ئێمە داوای هاوكاری ماددی بكەن بۆ شەركەڕان، خۆ هەموو كەس دەزانێ چەك هەر لەخۆیەوە شەڕناكات و ناتەقێ، پرسیارگەلێكی زۆر هەن لەوەتەی هەڵگیرسانی شەڕی داعش لە ئەندێشەی عەوامی خەڵكدا دەخولێتەوە، رەنگە هەندێكیان ئەوانەبن ئاخۆ هێزێكی وەها زەبەلاحی بەتوانای وەكو داعش كە بەناو لە تەواوی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هەڵگەڕاوەتەوە و شەڕی كوفر و ئیمان دەكات، چۆن وەها لەپڕێكدا بەو هەموو توانا سەربازییە مەشقپێكراوە لە ناوچەكەدا دەركەوت، ئایا ئەم هێزە لەكێ پێكدێت، تاوەكو ئێستا لەكوێ بوو، كێ پیشتیوانی بەردەوامی شەڕێكی وەها قوڕسی دەكات كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەم هەموو خۆئامادەكارییەو، هاوكاری هاوپەیمانان و گەمارۆدانی سنوورەكانی دەوروبەری داعش بەزەحمەت بەرگەی دەگرێ، ئەی ئەو هێزەی داعش بەچیی بەرگەی گرتووە..؟؟!
نەك هەر ئەوە بەڵكو داعش تەواو وەك دەوڵەتێك رەفتار دەكات و سستەمی ژیان لە ناوچەكانی ژێردەستیدا دادەڕێژێ و تەنانەت دراویشی بۆ دەركردووە، بەڵكو ئەو نەوتەی كە كورد سەدان ساڵە خەونی پێوە دەبینێ، ئەو زۆر بە ئاسانی دەریدێنێ، كورد تەگەرەی بۆ دروستبوو لە بازاڕەكاندا، كەچی داعش زۆر بەئاسانی نەوت دەفرۆشێ و دەوڵەتەكەی پێ بەڕێوەدەبات..؟!
بەدەر لەوانەش پرسیارگەلی دیكەش لە هزری عەوامدا دەخولێنەوە كە بریتین لەوەی ئاخۆ سەرەتا داعش كە ئاراستەی رەوتەكەی بەرەو بەغدا راگەیاند بەو نیازەی بەغدا بڕووخێنێ، بەڵام چۆنبوو وەها زوو بەغدای هەر لەبیرنەماو كەوتە شەڕكردن دژی كورد و كوردستان، ئایا بۆچی رووی دەبابەو تۆپەكانی رووە و هەرێمێك سووڕاند كە لەهەموو بۆنە ئاینییەكاندا لە زیكر و فیكری خودادا قاڵبووەتەوە و ئایەت و حەدیسی سەحیحی باشتر لەو لەبەرە.
ئایا پێناسەی كوفر چییە لەلای داعش، بەچ ئایینێك پێشمەرگەیەك لە سەنگەردا لە ئانی نوێژكردندا دەگرێ و سەری دەبڕێ، ئایا كێ دەستی داعشی كردووەتەوە بەناوی خوداو دینی ئیسلام خەڵك دادگایی بكات و كوفر و ئیمان لە یەك جودا بكاتەوە و خەڵكی لەسەر سەرببڕێ، ئایا پێناسەی ئیسلام چییە لەلای داعش، چ كردەوەیەكی داعش بۆنی ئیسلامەتی لێدێ.
ئەگەر وایە ئایا بۆچی لەسەر گۆی ئەم زەمینە لە كوردەوە دەستیپێكرد، ئەی ئەوە ئاڵای وڵاتانی كوفر بە بەرچاوییەوە ناشەكێتەوە ، بۆچی داعش لە ئەوروپاو ئەمەریكاو شوێنانی دیكە دەستی پێنەكرد بۆئەوەی تا دەگات بە كوردستان كوردیش تەوبە بكات و بچێتە سەر دینی داعش..؟؟!!
وێڕای ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارگەلە تاوەكو ئێستا لە شیكاری سیاسەتڤانان بەگشتی، تەنانەت بەرپرسانی نەتەوە یەكگرتووەكانیش بەدینەكراوە و بگرە هەر بەلاشیدا نەچوون، بەڵام كورد لەو ماوەیەدا بۆی دەركەوت كە ئەو هێزە تەنها بۆ رووخاندنی ئەو هەرێمە هاتووە و بەس، هەر بۆیەش وەها بەجددی بەرگری دەكات و بەرانبەری وەستاوە.
لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا باس لەوە كرا كە پێشمەرگەیەك (پێنج) مەخزەن فیشەكی هەبووە، ناچار دوو دانەی فرۆشتووە بۆ كڕینی شیری منداڵە ساواكەی، ئایا ئەم دۆخەی بێ مووچەییە، تەنانەت لەسەر ئاستی خەڵكی مەدەنیش پێویست بە هەڵمەتێك و بانگەوازێك ناكات كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهۆش بێننەوە (لەكاتێكدا ئەمە سرووشتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانانە كە ئەگەر وڵاتێك و ناوچەیەك رووبەڕووی كارەساتێك بوونەوە دەستی یارمەتی دارایی بۆ درێژ دەكەن)، كە شەڕ بەگیرفانی بەتاڵ ناكرێ، هەروەك لە كوردەواریدا گوتراوە، حەمام بەئاسانی گەرم نابێ .. !!
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ