مەتەڵی جوگرافیا و هێرشەکانی ئێران و گرووپەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
زریان رۆژهەڵاتی
A+ A-
کاتی خۆی ماک داوڵ (McDowall) جوگرافیای کوردستانی وەک هێڵێکی بەریەککەوتنی جیۆپۆلەتیکی لە نێوان سێ ناوەندی هێزی ناوچەیی لە دەشتی میزۆپۆتامیا، بانی ئەنادۆڵ و بانی ئێرانی ناوبردبوو، بە واتایەکی دیکە هەر کاتێک ئەو هێزانە بەریەکبکەون، ئەوا پریشکی شەڕەکە کوردستانیش دەگرێتەوە. لە راستیدا ئەمە بۆ شەڕە کۆنەکانی دیکە وەک ئێران و رۆم، و ئێران و یۆنانیش هەروابووە و شەڕی 2026ی ئێرانیش جارێکی دیکە ئەوەی بیرخستینەوە، کە هەندێک جار جوگرافیا حوکم دەکات، نەک تەنیا بڕیاری سیاسی.
 
شرۆڤەی ژمارەیی و ناژمارەیی هێرشەکان
 
هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان وەک دیار دەبێت لە دوو قۆناغدا زیاتر بووە، بەڵام بەگشتی بەرز و نزمییەکی تێدا بەدی دەکرێت. لەوانەیە هەڵبەز و دابەزی هێرشەکان بۆ کەمیی هاوئاهەنگی لە نێوان ئێران و گرووپەکان بگەڕێتەوە، بەڵام ئەوەش دەردەخات کە هێشتا توانایان بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان بەرزە.
 
هەر کاتێکیش ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی زیادیان کردبێتە سەر ئێران، ئەوا هێرشەکانیش لە هەرێمی کوردستان زیادیان کردووە.
 
لە هەفتەی یەکەمدا کە باسەکانی ئەگەری ئۆپەراسیۆنی وشکانی لە دژی ئێران گەرم بوو، 121 هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام لە سێ هەفتەی دواتردا ژمارەی هێرشەکان هەفتانە لە خوار 80 دانە ماوەتەوە و تەنانەت لە هەفتەی چوارەمدا تەنیا 34 دانە بووە. لەوانەیە هۆکارێکی دابەزینی ژمارەی هێرشەکان لە ماوەی ناوەڕاستدا، بۆ چڕیی هێرشەکانی ئەمریکا/ئیسرائیل بگەڕێتەوە. لە کاتێکدا ژمارەی هێرشەکانی ئەمریکا/ئیسرائیل بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان و لیواکانی حەشدی شەعبی لە هەفتەی یەکەمی شەڕدا 35 دانە بووە، بەڵام لە سێ هەفتەی دواتردا بەگشتی 110 دانە بووە. بێجگە لەوەش زیادبوونی رێوشوێنەکانی حکومەتیش لە بەغدا لە دژی هەندێک لەو گرووپانە دەتوانێت هۆکارێک بووبێت. ئێستا دووبارە هێرشەکان زیاد بوونەتەوە و ئەمەش دەریدەخات یان ئێران خۆی زۆرتر لە جاران دەیکات، یان گرووپەکان ڕێگایەکی زیاتریان دۆزیوەتەوە کە حکومەت ناتوانێت بەسەریاندا زاڵ بێت.
 
هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان لەم قۆناغانەی دواییدا، بەتایبەتی لە هەفتەی پێنجەمەوە، کە دووبارە باسی ئەگەری فراوانکردنی شەڕ گەرم بووەتەوە، بۆ 113 دانە زیادیان کرد و لە چوار رۆژی هەفتەی شەشەمیشدا 53 دانە بووە.
 
لە نێو 13 وڵاتی قەڵەمڕەودا، کە ئێران و گرووپەکانی لایەنگری لە ماوەی شەڕی 2026دا تا ئێستا هێرشیان کردووەتە سەری، هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیمارات، سعوودیە، کووەیت، قەتەر و بەحرێن لە ریزی ئەو 6 شوێنەدایە کە زۆرترین هێرش کراوەتە سەریان. لانیکەم سوپا و ئەرتەشی ئێران بۆ خۆیان لە 10 جاردا گوتوویانە کە هێرشیان کردووە و لانیکەم 5 گرووپی چەکدار باسی ئەوەیان کردووە کە هێرشیان کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان، کە ئەوانیش کەتائیبی حیزبوڵڵا، سەرایا ئەولیا دەم، ئەسحابولکەهف، جەیشولغەزەب و ئەولیائوڵڵان، کە دەشێت هەندێکیان تەنیا ناوێک بن بۆ شاردنەوەی بکەری راستەقینەی هێرشەکان.
 
ئامانجی هێرشەکان
 
ئەو هێرشانەی کە ئێران و گرووپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئەنجامی دەدەن، بە دوو جۆر لە میدیاکاندا باسیان لێوە کراوە: یەکەم ئەوانەی بە فەرمی رادەگەیەنرێن و باس دەکرێن. دووەمیش ئەوانەی کە بەتایبەت لە سەرەتاکانی شەڕدا بێدەنگییان لێ کراوە، بەو هیوایەی کە هێرشی کەمتر بکرێتە سەر هەرێمی کوردستان و بارودۆخەکە گرژتر نەبێت.
 
بۆ نموونە، لانیکەم 5 جار هێرش کراوەتە سەر بارەگای سەرۆک بارزانی، بەڵام رانەگەیەنراوە. هەروەها لانیکەم 2 جار هێرش کراوەتە سەر بنکەکانی تورکیا لە بامەڕنێ لە سنووری پارێزگای دهۆک، بەڵام لە میدیاکاندا ڕەنگدانەوەی کەمی هەبووە. هەر ئەمەش وای کردووە، کە ئاماری جیاواز لەبارەی ژمارەی هێرشەکانەوە بڵاو بکرێتەوە.
 
بەپێی ئەو ئامارانەی کە "ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕووداو" لە ڕۆژی 28ی شوباتەوە تاوەکو نیوەڕۆی 7/4/2026 تۆماری کردووە، لانیکەم 474 مووشەک و درۆن ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون. ئەمە بێجگە لەوەی کە لە 8 هێرشدا ژمارەی درۆن و مووشەکەکان نەزانراوە. ئەمەش واتای ئەوەیە کە دەشێت ژمارەکە زۆر زیاتر بێت لەوەی لێرەدا تۆمار کراوە، بەڵام ئەم داتایانە زانیاریی گرنگمان لەسەر ئاراستەی هێرشەکان و تەکتیکیان پێشان دەدات.
 
دابەشبوونی جوگرافیی هێرشەکان بەجۆرێکە، کە زیاتر لە 78%یان لە هەولێر، 16%یان لە سلێمانی و نزیکەی 5%یشیان لە دهۆک بوون. ئەوی دیکەش لەو شوێنانە بوون کە بە فەرمی لە سنووری ئیداریی ئەو پارێزگایانەدا نین، وەک مەخموور. بە شێوەیەکی گشتی، 28 شوێنی جیاواز لە هەولێر، 11 شوێن لە سلێمانی، 10 شوێن لە دهۆک، 1 شوێن لە هەڵەبجە و 3 شوێنیش لە سنووری پارێزگای نەینەوا کراونەتە ئامانج.
 
کەتائیبی حیزبوڵڵا، وەک یەکێک لە گرووپەکانی "موقاوەمە"، چەندین جار بەڕوونی باسی لەوە کردووە، کە سنووری هەولێر زیاتر دەکەنە ئامانج. لە کۆی 474 درۆن و مووشەک، بە تەواوی نازانرێت ئامانجی 37%یان چی بووە، ئەمەش لەبەر ئەوەی بەرلەوەی بگەنە شوێنی مەبەست یان زووتر خراونەتە خوارەوە. بەڵام 33%یان (واتە 156 دانەی) بەر شوێنی سڤیل کەوتوون. بەگشتی تاوەکو ئێستا 16 کەس شەهید بوون و سەرووی 90 کەسیش بریندار بوون.
 
هەروەها 18%ی کۆی گشتیی درۆن و مووشەکان ئاراستەی کەمپی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراون، کە بنەماڵە و کەسوکاریشیانی تێدا نیشتەجێ بوون. لە کۆی ئەو 86 درۆن و مووشەکەی کە بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات تۆمار کراون، 45%یان بۆ کۆمەڵە بووە لە سنووری سلێمانی، 44%یان بۆ حیزبی دیموکرات بووە و 8%یشیان بۆ پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) بووە، بەشەکەی دیکەیشی بۆ ڕێکخراوی خەبات بووە و تاوەکو ئێستاش هیچ هێرشێکی ئێران بۆ سەر پژاک تۆمار نەکراوە. ڕەنگە هۆکارێکی ئەم جیاوازییە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، کە بەشێکی زۆری ئەو هێرشانەی لە سنووری هەولێر دەکرێن، لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە پووچەڵ دەکرێنەوە (هەر بۆیە ژمارەی ئامانجە نادیارەکان زیاترن)، بەڵام لە سلێمانی کەمتر درۆن و مووشەکەکان دەخرێنە خوارەوە.
 
لە کۆی گشتیی 474 درۆن و مووشەک، 12%یان ئاراستەی 8 ئامانجی سەربازی کراون. لەوانیش لانیکەم 5 بنکەی هێزی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراونەتە ئامانج، کە بەشێک نەبوون لە شەڕەکە. لە ڕاستیشدا ئەمە دەریدەخات کە هێرشی سەر بارەگاکانی پێشمەرگەی کوردستان رووداوێکی هەڵە یان هەڵکەوت نەبووە.
 
لە ڕاستیدا شەڕی ئێران بەشێکە لە هەوڵەکانی ئەندازیاریی ئەمنیی نوێی ناوچەیی و وەک پێشتریش لە هەڵسەنگاندنێکدا باسم کردبوو، کورد ئێستا لە دووڕیانێکی مێژووییدایە، ئەویش مانەوە لەسەر "باڵانسێکی لەرزۆک"، یان خۆیەکلاکردنەوەیە لە نێوان بەرە دژبەیەکەکانی ناوچەکە. داهاتووی پرسی کوردیش ڕێک بەوەوە بەستراوەتەوە، کە لە نێو بەرداشی جەمسەرەکانی هێزدا، کورد بەکام لایدا دەشکێنێتەوە. دۆخی هەسەدە/ ڕۆژئاوا لە مانگی یەکی ئەم ساڵ و دۆخی هەرێمی کوردستان و حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتیش لەم شەڕەی 2026ی ئێراندا دەریخست کە لێرە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە گەمەی هێزە گەورەکاندا تەنانەت "بێلایەنی"ش کارێکی ئاسان نییە، هەرچەند کە لایەنداربوونیش باجی هەەیە. ئەمەش ئەو مەتەڵەیە کە جوگرافیا بۆ کوردستانی دروست کردووە، کە هەم دەرفەتی پێدەدات هەمیش مەترسی!

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەحموود بابان

لە هورمزەوە بۆ دیمەشق و ئەنقەرە: رێڕۆی نوێ بۆ نەوت و گازی ناوچەکە دەدۆزرێتەوە

رۆژانە لە جیهاندا 104 ملیۆن بەرمیل نەوت بەکاردەهێندرێت، نزیکەی 80 ملیۆن بەرمیلی لەرێگەی دەریاکانەوە بە هەشت تەنگەدا دەگوازرێتەوە. ئەگەر داخستنی تەنگەی بابولمەندەب بڕواتە پاڵ تەنگەی هورمز، جیهان رووبەڕووی قەیرانێکی نوێی وزە دەبێتەوە کە لەدوای جەنگی کەنداوی 1990 نەبووە