مەولانا و مەسرور بارزانی

07-11-2025
ئانۆ جەوهەر عەبدۆكا
A+ A-
 
لە رۆژهەڵاتێک دا کە رەشەبا و رەهێڵە دەیهەژێنن و، دەنگەکانی نائومێدی و ئومێدی تێدا تێکەڵ دەبن، هەندێک کەس دەردەکەون هیوا دروست دەکەن و دەیسەلمێنن کە کاری راستگۆیانە دەتوانێت خەونەکان بکاتە راستی. وەک چۆن مەولانا جەلالەدینی رۆمی دەڵێت: "عیشق جووڵە بەرهەم دەهێنێت، جووڵەش ژیان دروست دەکات و، ژیانیش گەشەسەندن دەخوڵقێنێت".
 
بۆیە ئەزموونی جەنابی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بێ هاوتایە، ئەم ئەزموونە بەرجەستەکردنێکی زیندووی ئەم عیشقەیە؛ عیشقی بنیادنان و گەشەسەندن، عیشقی کوردستان، عیشقی بنیادنانی مرۆڤ و پاراستنی شکۆی مرۆڤ و، عیشقی بنیادنانی دیدگەیەکی نیشتمانی بۆ داهاتوو.
 
**
 
رووناکی تاریکی پەسند ناکات؛ رووناکی و کارەبای بەردەوام.
 
کاتێک مەولانا گوتی:"رووناکی تاریکی پەسەند ناکات". دەڵێی باسی پڕۆژەی رووناکی دەکات، ئەو پرۆگرامەی هەوڵدەدات کۆتایی بە تاریکییەکی دەیان ساڵە بهێنێت کە لە سەردەمی دیکتاتۆری و جەنگە شێتانەکانییەوە باڵی بە سەر وڵاتەکەماندا کێشاوە، پڕۆژەی رووناکی رووناکییەکی لەخامۆشکردن نەهاتوو لە ماڵەکانی خەڵک دا دەچێنێت. کارەبا تەنیا وزە نییە، بگرە پەیامێکی روونە دەڵێت: کوردستان شایانی رووناکییە و، رووناکی تێیدا لە هەموو کۆسپەکانی تاریکی بەهێزتر دەبێت.
**
 
وەک ئاو بە؛ پڕۆژەی ئاوی پاک.
 
مەولانا دەڵێت: "وەک ئاو بە... پاک دەکاتەوە، دەبووژێنێتەوە، بێ وەستان رێ دەکات".
 
پڕۆژەکانی ئاو لە سەردەمی کاک مەسرور دا بە هەمان شێوە بوون: ئاوی پاک، تۆڕی نوێی گەیاندنی بەردەوام و، وێستگە و کارگەکانی پاڵاوتن ژیان گەش دەکەنەوە و شکۆ بۆ هاونیشتمانی دەگێڕنەوە. ئاو، وەک لە وتەکەی مەولانادا هاتووە، مادە نییە بەڵکو رۆحە و، ژیانی نیشتمانەکان لە پاکیی سەرچاوەکانی ئاویانەوە دەست پێدەکات.
 
**
 
رێگەی راستی پێویستی بە پێیەکی ئاسنینە — بەنداو و رێگەوبانەکان.
 
لە بنیادنانی بەنداوەکان و تۆڕی رێگەوبانەکان دا، قسەی مەولانا دەژیێتەوە: "رێگەی راستی پێویستی بە پێیەکی ئاسنینە".
 
ئەوانە پێیەکانی ئیرادەن، رێڕەوی داهاتوو لەسەر زەوی دەنەخشێنن و، لە چیا و دەشت و دۆڵەکانی کوردستان دا رێگەیەکی لە ئیرادە و پۆڵا هەڵدەکۆڵن. لە هەر جێیەک رێگەیەک بکرێتەوە، پەنجەرەیەکی هیوا دەکرێتەوە و ژیانێک بنیاد دەنرێت. تۆڕە نوێیەکانی رێگەوبان کە کاک مەسرور خۆی سەرپەرشتی کردوون شارەکانی زیندوو کردەوە و گوندەکانی بە ناوەندی شارەکانەوە بەستەوە و رۆحی بووژاندنەوە، تاوەکو ژیان تێیاندا بە نەرمی و ئاسانی بەردەوام بێت.
 
**
 
چاکە بچێنە؛ کشتوکاڵ و پشتێنەی سەوزایی هەولێر.
 
مەولانا دەڵێت: "چاکە بچێنە، هەرچەندە ئەمڕۆ دروێنەی بەرهەمەکەی نەبینیت".
 
هەروەها دەڵێت:"ئەوەی ئەمڕۆ دەیچێنیت سبەینێی تۆیە".
 
هەر ئەمەش فەلسەفەی پڕۆژەی پشتێنی سەوزایی هەولێر و کشتوکاڵی بەردەوامە لە هەرێمی کوردستان دا: ئەمڕۆ کاری چاندن بکەیت بۆ ئەوەی سبەینێ منداڵەکانت لە ژینگەیەکی پاک و هەوایەکی خاوێن و زەوییەکی بەبەردا بژین کە ناسنامە و شکۆی دەپارێزن. کوردستان لە ساڵانی داهاتوودا دەبێتە سەبەتەی خۆراکی تەواوی ناوچەکە. هەناری هەڵەبجە، سێوی بەرواری و هەنگوینی چیاکان کە ئێستا بۆ دەرەوە هەناردە دەکرێن، تەنیا هەنگاوی یەکەمن.
 
**
 
ئەوەی خۆی بنیاد بنێت جیهان بنیاد دەنێت؛ تەکنۆلۆجیا و بنیادنانی دامەزراوەکان.
 
"تەنیا ئەو کەسە جیهان بنیاد دەنێت کە پێشتر خۆی بنیاد ناوە"، مەولانا ئەمەی گوتووە.
 
ئەوەتا کوردستانی دیجیتاڵ، بە زانست و تەکنۆلۆجیا و، بە پلانەکانی بە ئەلیکترۆنیکردن و بنیادنانی دامەزراوەکان و بە هێزی گەنجان بنیاد دەنرێت. ئینتەرنێت لە کوردستان خێراترە، کوالێتیی باشترە و نرخی کەمترە لە پارێزگەکانی دیکەی عێراق و لە وڵاتانی دراوسێش.
 
ئەمە شۆڕشێکی نەرمە، نێوەڕۆکەکەی بیر و لێهاتووییە و، بەرهەمەکەی دەوڵەتێکی بەهێزە کە بە زانست و روونی بەڕێوە دەبرێت و ئالنگارییەکانی رۆتین و بیرۆکراسیی تێدا کەم دەکرێنەوە.
**
 
دادپەروەری بنەمای رابوونە؛ چاکسازی.
 
مەولانا ئەم گوتە ژیرانەیە دووپات دەکاتەوە: "نەتەوەکان بە هێز گەشە ناکەن، بەڵکو بە دادپەروەری (گەشە دەکەن)".
 
پڕۆژەی چاکسازی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، پاراستنی سامانی گشتی و، نوێکردنەوەی یاساکان لەمەوە سەرچاوەیان گرت. چاکسازییەک کە سازش نازانێت، چونکە داهاتوو تەنیا لەسەر بنەماکانی دادپەروەری بنیاد دەنرێت.
 
**
 
نوێبوونەوەی رۆژانە و رێڕۆی ژیان؛ دیدگەیەکە ناوەستێت.
 
"هەموو رۆژێک لە نوێوە لەدایک دەبین؛ بۆیە پێویستە رۆژێکی نوێ و بیرێکی نوێ هەبن" - مەولانا.
 
ئەم فەلسەفەیە رووحی دیدگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی یە: هەموو رۆژێک پڕۆژەیەک، هەموو رۆژێک بیرۆکەیەک، هەموو رۆژێک هەنگاوێک بەرەو نیشتمانێکی پێشکەوتووتر و خاوەن سەروەریی زیاتر. هەموو قەیرانێک دەرفەتێک دەخوڵقێنێت، لە زبڵدان و سیاناوەوە پڕۆژەی رێڕۆی ژیان لە دایک بوو کە دۆخی ناوچەیەکی پشتگوێخراو دەگۆڕێت و، دەیکاتە ناوەندێک کە هەمووان بۆ گەشتیاری و بەسەربردنی کات رووی تێدەکەن.
 
**
 
کار و ئارامگرتن؛ بەڵێنی زەوییە بۆ ئەوە کەسەی چاندوویەتی.
 
مەولانا گوتی: "ئەوەی ئەمڕۆی لە دوێنێی باشتر نەبێت دۆڕاوە". هەروەها گوتی:"ئەگەر تۆوەکەت چاند، ئارام بگرە تاوەکو ئەوکاتەی گوڵ دەکات".
 
ئەو ژێرخان و پڕۆژە ستراتیجیانە و گۆڕانکارییە ئابووری و کارگێڕییانەی ئەمڕۆ دەیانبینین، تۆوێکن هەموو رۆژێک بە ئارامگرتن و کارکردن ئاو دەدرێن، تاوەکو داهاتوویەکی رێزدارانە بۆ نەوەکانی کوردستان گوڵ بکات.
 
**
 
مەولانا بە زمانی رۆح قسە دەکات و، مەسرور بارزانی ئەم زمانە دەکاتە کردار لە کەتوار دا.
 
وەک چۆن کاک مەسرور بارزانی لە کردنەوەی پڕۆژەی پشتێنی سەوزایی هەولێردا، بە پشتبەستن بە قسەیەکی مەولانا، گوتی "ئاستی قسەکردنت بەرز بکەوە نەک دەنگت، ئەوە بارانە گەشە بە گوڵ دەکات نەک هەورەتریشقە."
 
لە نێوان شیعری عیشق و ئارەقەی کاردا، چیرۆکی کوردستانی هاوچەرخ دەنووسرێت: رووناکییەک تاریکی دەبەزێنێت، ئاوێک ژیان دەبەخشێت، دادپەروەرییەک دەوڵەت بنیاد دەنێت و، ئارامگرتنێک خەونەکە دەپارێزێت.
 
ئەمانە تەنیا پڕۆژەی حکومەتی نین، بەڵکو گەشتێکی عاشقانەن بەرەو نیشتمانێک کە شایانی رۆڵەکانی بێت.
 
ئەوەی مەولانا گوتی بۆ کاروانەکەی ئێمە دەگونجێت: "ئەوەی بەدوایدا دەگەڕێیت... بەدواتدا دەگەڕێت".
 
چیرۆکی کوردستان، چیرۆکی گەڕانە بە دوای نیشتمانێکدا کە ئاشتی، پێکەوەژیان، دادپەروەری، هاوبەشی و هاوسەنگیی تێیدا باڵادەست بێت، چیرۆکی کوردستان خۆی لە خەباتکردن لەپێناو مرۆڤێکی ئازاد و رێزدار لە سێبەری نیشتمانێکی گەشاوە کە ئاشتی و سەقامگیریی تێیدا باڵادەستە، چڕ دەبێتەوە. لە سەردەمی شەهید شێخ عەبدوسەلام و شێخ ئەحمەدی بارزان (خودان)ەوە کە گوتی: "ئەگەر خاوەنی تەواوی جیهان بم، بە قوربانی پاراستنی ژیانی تاکە مرۆڤێکی دەکەم"، کوردستانیش مرۆڤ وەک مەرجی یەکەم و کۆتایی دادەنێت، ئەمەش پووختەی بیر و رێبازی سەرۆک مەسعود بارزانی و هەموو ئەوانەیە کە باوەڕیان بەم رێبازە هەیە کە کوردستان لە سکی ئەوەوە هاتووەتە دەر.
 
لەم دیدگە مرۆییە باڵایەوە، کوردستان هەندێ کەسی خوڵقاندن کە خاوەنی دیدگە و ئیرادەن، ئەوە بوو رێگا دروستبوون، رووناکی هات و، کوردستان بە سەرکردایەتیی بارزانی ئارام و گەشاوە بوو.
 
* ئانۆ جەوهەر عەبدۆکا، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە