گرێبەستە نەوتییەكان بە بابەتێكی گرینگ دادەنرێت لە پیشەسازی نەوت و گازدا و هەمیشە جێگای سەرنج و گفتوگۆ بووە لەلایەن ئەو وڵاتانەی كە یەدەگی نەوتیان هەیە. لەباوترین جۆری گرێبەستە نەوتییەكان كە تاوەكو ئیستا لە لایەن وڵاتانی خاوەن یەدەگی نەوت لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییە بیانییەكان ئەنجام دراون، بریتین لە گرێبەستی ئیمتیاز (Concession Contract) ، گرێبەستی خزمەتگوزاری (Service Contract) و گرێبەستی بەشداریكردن لە بەرهەمهێنان (Production Sharing Contract).
زۆربەی جار رێژەی یەدەگی نەوت و بڕی ئەو خەرجییانەی كە پێویستە بۆدەرهێنان و بەرهەمهێنانی، دەبنە بنەمایەكی سەرەكی بۆ هەڵبژاردنی جۆرە گرێبەستێكی گونجاو. ئێران وەك یەكێك لەو وڵاتانەی كە زیاترین رێژەی یەدەگی نەوتی هەیە، لە كۆتایی ساڵی 2015ـدا، مۆدێلێكی نوێی گرێبەستی نەوتی خستەڕوو كە سەرنجی زۆرێك لە كۆمپانیاكانی بیانی راكێشا بۆ وەبەرهێنان لە پیشەسازی نەوت و گاز لەم وڵاتەدا، كەهۆكاری سەرەكی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ تایبەتمەندییەكانی ئەم جۆرە گرێبەستە.
ئاشكرایە كە ئێران خاوەن پێگەیەكی دیارە لە پیشەسازی نەوت و گاز لە جیهاندا. ئەم وڵاتە هەر لە سەرەتای پیشەسازی نەوتیدا، بۆ دۆزینەوە و دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت، پێویستی بە تەكنۆلۆژیا و ئەزموون و كەرەستەی تایبەت هەبوو. بۆ ئەم مەبەستەش یەكەم گرێبەستی نەوتی لە جۆری گرێبەستی ئیمتیاز ئەنجامدرا لەگەڵ كۆمپانیایەكی نەوتی بریتانی كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1901. لە ساڵی 1908 یەكەم بیری نەوت لە شاری مەسجد سلێمان دۆزرایەوە.
دوای تێپەڕبوونی نیو سەدە لە ئەنجامدانی ئەم گرێبەستە، لە ساڵی 1951 پیشەسازی نەوت و گاز لە ئێران بە نیشتیمانی كرا. گرێبەستە نەوتییەكانی ئێران لە سەرەتاوە تاوەكو ئیستا لە جۆرێكی دیاریكراو نەبوونە بەڵكو چەندین گۆڕانكارییان بەخۆیەوە بینیوە، بەجۆرێك كە دەتواندرێت بگوترێت ئەم وڵاتە ئەزموونی هەر سێ جۆری گرێبەستی نەوتی هەیە لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان.
لە ساڵی 1995 ئێران گرێبەستە نەوتییەكانی گۆڕی بۆ جۆرێكی تایبەت كە بریتی بوو لە گرێبەستی بای بەك (Buy-Back). بەڵام ئەم جۆرە گرێبەستە نەبوویە جێگای رەزامەندی كۆمپانیا بیانییەكان و پێشوازییەكی باشی لێنەكرا بۆ وەبەرهێنان، چونكە تایبەتمەندییەكانی زیاتر بە قازانجی ئێران بوون نەك وەبەرهێنەرانی بیانی. دوای نزیكەی 20 ساڵ لە تەمەنی ئەم شێوازە گرێبەستە، حكومەتی ئێران بڕیاری دا كە پێداچوونەوەیەك بۆ گرێبەستەكانی بكات. دواجار لە كۆتایی ساڵی 2015 دوای دیراسە و خوێندنەوەیەكی زۆر، مۆدێلی نوێی گرێبەستە نەوتییەكانی خستەڕوو كە ناسراوە بە گرێبەستی پترۆڵیۆمی ئیرانی IPC (Iranian Petroleum Contract) كە بوویە هۆی راكێشانی سەرنجی زۆرێك لە كۆمپانیا نەوتییەكانی جیهان.
لەرێكەوتی 28 و 29/11 / 2015 لە تاران بە ئامادەبوونی 137 نوێنەری كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان كە لە گرینگترینیان BPی بریتانی، Shellی هۆڵەندی، Totalی فەرەنسی،ENIی ئیتالی، Repsolی ئیسپانی، Gazpromی روسی،OMVی ئۆسترالی بوون. كۆنفرانسی خستنەڕووی مۆدێلی نوێی گرێبەستی نەوتی ئێرانی بەڕێوەچوو . لەو كۆنفرانسەدا، بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران لە گوتەكانیدا ئاماژە بەوە دەكات كە چاوەڕێدەكرێت ئەم مۆدێلە گرێبەستە 25 ملیارد دۆلار سەرمایەی بیانی رابكێشێت بۆ پیشەسازی نەوت و گازی ئەم وڵاتە. لە هەمانكات پێیوایە كە باردۆخی گشتی وڵات بۆ وەرگرتنی وەبەرهێنەری بیانی ئیستا زۆر گونجاوە.
زەنگەنە باس لەوەش دەكات كە هەوڵدرایە ئەم مۆدێلە گرێبەستە بە شێوەیەك رێكبخرێت كە لە بەرژەوەندی كۆمپانیا نەوتییەكاندا بێت و لە هەمان كاتیشدا بەدیهێنەری ئامانجەكانی وڵاتیش بێت. لە بەشێكی تری ئەم كۆنفرانسە، باس لە چەندین پرۆژەی نوێی نەوتی كرا و بڕیار وایە بەم نزیكانە 28 پرۆژە بخرێنەڕوو بۆ كۆمپانیا نەوتییەكان، كە بریتین لە 18 پرۆژەی نوێی دۆزینەوەی نەوت و گاز و 10 پرۆژەی پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكان. گرێبەستە نوێیەكەی ئێران دەبێتە جێگرەوەی گرێبەستی Buy-back كە هەتا ئەم دواییانە لە ئێران بەكاردەهات. بەپێی گوتەكانی زەنگەنە، گرگترین ئامانجەكانی ئێران لە گرێبەستە نوێیەكە بریتین لە: راكێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی، بەدواگەڕانی نەوت و گاز بە شێوەیەكی بەرفراوان، بەرزكردنەوەی رێژەی بەرهەمهێنان، سودوەرگرتن لە باشترین تەكنولۆژیا و ئەزموونی جیهانی پیشەسازی نەوت و گاز و گواستنەوەی ئەم تەكنولۆژی او شارەزایی بۆ ناوەوەی وڵات، پەرەپێدانی كێڵگەكان و زیاد كردنی ئاستی بەرهەمهێنان لەرێی باشتركردنی و چاككردنەوەی عەمبارەكان.
مۆدێلی گرێبەستی نەوتی ئێران سەرنجڕاكێشبوویە لەلایەن كۆمپانیا نەوتییەكان و لە سەرەتای راگەیاندنی، پێشوازییەكی باشی لێكراوە. بەپێی گوتەكانی دەسەڵاتدارانی باڵا لە وەزارەتی نەوتی ئێران، هەر لە سەرەتای ناساندنی ئەم گرێبەستە لەگەڵ هەندێك لە كۆمپانیا نەوتییەكان رێكەوتننامەی سەرەتایی ئەنجام دراوە.
هۆكاری سەرەكی پێشوازی كۆمپانیاكان لەم گرێبەستە بریتی یە لەتایبەتمەندییەكانی، كە گرینگترینیان بریتین لە مانەی خوارەوە:
- كۆمپانیای بیانی بۆ وەرگرتنی گرێبەست پێویستی بە بەشداری كۆمپانیاییەكی نیشتیمانی ئێرانی دەبێت كە ئەمش لە رێی رێككەوتننامەی هاوبەش دەبێت.
- ماوەی گرێبەستەكە 20 ساڵە و دەكرێت بۆ 25 ساڵ درێژ بكرێتەوە.
- كۆمپانیای بیانی هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی هەر سێ قۆناغی دۆزینەوە و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان.
- سەبارەت بە خەرجییەكانی كۆمپانیا دوای یەكەم بەرهەمهێنان، داهاتی نەوتی بەرهەم هاتوو بە رێژەیەك كە لە 50 لە سەدی زیاتر نەبێت بۆ دانەوەی خەرجییەكانی تەرخان دەكرێت. حەقدەست و پاداشتی كۆمپانیا بەپێی رێژەی بەرهەم دەبێت، واتا رێژەیەكی دیاریكراو بۆ هەر بەرمیلێكی نەوت، ئەمەش لە پێناو هاندانی كۆمپانیا بۆ بەرهەمی زیاتر.
- لەم گرێبەستەدا، كۆمپانیای بیانی لە قازانج و زیانی بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی بەهای نەوت بەشدار دەبێت لەگەڵ حكومەتی ئێران.
- مەترسی یەكانی بەدواگەڕان و جۆری كێلگەی نەوتی، كاریگەریی دەبێت لە دیاریكردنی رێژەی پاداشتی كۆمپانیا.
جگە لەم تایبەتمەندییانە سەرەوە، هۆكارێكی تری سەرنجڕاكێشبوونی ئەم مۆدێلە بریتییە لە مرونەیی گرێبەستەكە و ئەو كارئاسانی یانەی كە تێداكراوە بۆ وەبەرهێنەری بیانی. هەوڵەكانی ئێران لەو چوارچێوەیە بووینە كە هەڵی بردنەوە- بردنەوە (Win - Win) (بۆ هەردوو لایەنی گرێبەست برەخسێنێت. ئەمەش دەكرێت بەدی بكرێت لە دانەوەی خەرجیەكانی كۆمپانی، پێدانی حەقدەست و پاداشت، بەشدار بوونی كۆمپانیا لە قازانج و زیان لەكاتی بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی نەوت و هەرەوەها جیاوازیكردن لەنێوان ئەو ناوچانەی كە مەترسی كاركردنی زۆرە لە گەڵ ناوچەیەك كە مەترسی كەمە بۆ دیاریكردنی پاداشتی كۆمپانی، لەكاتی ئەنجامدانی گرێبەست.
ئەوەی كە تێبینی دەكرێت لە خوێندنەوەی ئەم مۆدێلە گرێبەستە، دەتوانرێت بگوترێت كە هەرچەندە لەم كات و ساتەدا وەبەرهێنان لە پێشەسازی نەوت و گازدا بە شێوەیەكی گشتی كەم بووەتەوە، بەڵام ئێران دەیەوێت لەڕێگەی ئەم مۆدێلە گرێبەستە هەنگاو بنێتە قۆناخێكی نوێی ئەم پیشەسازییە. لەپێناو باشتر ناساندنی ئەم مۆدێلە گرێبەستە بڕیار وایە بەم نزیكانە لە لەندەن كۆنفرانسێك بەڕێوەبچێت كە تێدا ژمارەیەكی بەرچاو لە كۆمپانیا نەوتییەكان بانگهێشت كراون. لەبەرئەوەی خستنەڕووی ئەم شێوازە گرێبەستە هاوكاتە لەگەڵ هەڵگیرانی هەندێك لە گەمارۆكانی سەر ئێران و كۆمەلە تایبەتمەندی گونجاوی هەیە بۆ وەبەرهێنان. پێشبینی دەكرێت كە ببێتە هۆی زیاتر راكێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی لە پیشەسازی نەوت و گازی ئێران، بە بەراورد لە لەگەڵ چەند ساڵی رابردوو و هەروەها ببێتە هۆی بەرەوپێش چوونی پەیوەندییەكانی ئیران لەگەڵ جیهاندا.
لە كۆتایدا، هەروەك باسكرا كە ئێران ولاتێكی خاوەن مێژوویە لە پیشەسازی نەوت و گاز و یەكێكە لەو وڵاتانەی كە زیاترین یەدەگی نەوتی جیهانی هەیە. گەمارۆ ئابوورییەكانی سەر ئێران لە لایەك و لەلایەكی تر جۆری گرێبەستەكانی كە بریتیبوون لە بای بەك (Buy-back) هۆكاری سەرەكی بوون لە كەمبوونی وەبەرهێنان لە پیشەسازی نەوت و گاز لەم وڵاتەدا. ئەمەش وایكرد كە وەزارەتی نەوتی ئێران بیر لە مۆدێلكی نوێی گرێبەستی نەوتی بكات كە لە ئەنجامدا گرێبەستی (IPCs) لە كۆنفرانسێك لە تاران بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە كۆمپانیای بیانی خرایەڕوو. وەزارەتی نەوتی ئێران ئومێد دەخوازێت كە ئەم مۆدێلە گرێبەستە بەهۆی تایبەتمەندییەكانی و دابینكردنی باردۆخی گونجاو بۆ بردنەوەی هەرددو لایەنی گرێبەست، ببێتە هۆی راكێشانی ژمارەیەكی بەرچاوی وەبەرهێنەری بیانی و گەشانەوەی پێشەسازی نەوت و گازی ئەم وڵاتە.
* موحسین شەریف ساڵح، مامۆستا لە فاكەڵتی یاسا/ زانكۆی سۆران، ماستەر لە یاسای نەوت و گاز و شارەزا لە گرێبەستە نەوتییەكان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ