لەنێوان سێ پێکهاتە سەرەکییەکەى عێراق، ئەوەى جۆرێک لە دڵنیایى بۆ پێکەوەبوون و هاوبەشى لە بەڕێوەبردنى دەسەڵات دەستبەرکردووە، هەر بە تەنها دابەشکردنى سێ پۆستە سەرەکییەکەى وڵات نییە بەسەر سێ پێکهاتە سەرەکییەکەدا، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکى پەرلەمان بۆ سوننە و سەرۆککۆمار بۆ کورد، بەڵکو عورفێکى دیکەیە کە ماناى بەو دابەشکارییە بەخشیوە.
چونکە ئەگەر تەنها ئەو دابەشکارییە وەک پێوەرێک بۆ هاوبەشى لە بەرچاو بگیرێت، سبەینێ پێکهاتەى زۆرینە کە شیعەکانن، دەتوانن لە دەرەوەى خواست و ویستى سوننەکان، عەرەبێکى سوننەی وابەستە بە خواستى شیعە بهێنن و بێ رەزامەندى سونەکان بیکەن بە سەرۆکى پەرلەمان.
هەروەها دەتوانن کوردێکى وابەستە بە ئەجێنداى شیعەش بدۆزنەوە و لە دەرەوەى ئیرادەى کوردى، بە زۆرینەى پەرلەمانى بیکەن بە سەرۆککۆمار. لە دۆخێکى لەو جۆرەشدا وێناکە بۆ دابەشکردنى پۆستەکان بەسەر سێ پێکهاتەکەدا هەر بەو جۆرەیە کە کورد و سوننە و شیعە لە ترۆپکى دەسەڵات بەشدارن، بەڵام ئەوەى رۆحى کردووە بە بەرى ئەو عورفە سیاسییەدا کە ماناى بۆ دابەشکارییەکە هێشتووەتەوە، ئەوەیە کە پێکهاتەکانى دیکە لێبگەڕێن هەر پێکهاتەیە و خۆى بەربژێر بۆ ئەو پشکەى دیاریبکات کە وەک بەرکەوتەى سیاسى بەریان کەوتووە.
لە ئەزموونى نزیک بە چارەکە سەدەى رابردوو، لە ساڵى 2003 تائێستا، بۆ شیعە و سوننەکان ئەو تایبەتمەندییە بە پارێزراویى وەک عورفێکى چەسپاو ماوەتەوە. لە چەندین قۆناخدا کابینەى حکومەت زۆر لەو وادە دەستووریى و یاساییانەى بۆى دیاریکراوە تێپەڕیوە، بەهۆى ئەوەى شیعەکان لەناو خۆیاندا بەربژێریان بۆ یەکلانەکراوەتەوە. لە دۆخێکى وادا هیچکات کورد و سوننە نەچوون لەگەڵ کارەکتەرێکى سیاسى شیعى لە دەرەوەى ماڵى شیعى رێکبکەون و سەرۆکوەزیرانێک دانێن کە هەموو شیعە لەسەرى کۆک نەبووبێت.
هەروەها چەندین جار پرۆسەى سیاسى عێراق خەریک بووە تووشى چەقبەستن ببێت بەهۆى ئەوەى سوننەکان نەیانتوانیوە لە وادەى دیاریکراویى یاسایى خۆى بەربژێرێک بۆ سەرۆکى پەرلەمان یەکلابکەنەوە. لەو حاڵەتەشدا هیچ کات کورد و شیعە ئەوەیان لەگەڵ سوننەکان نەکردووە کە بچن لەگەڵ پەرلەمانتارێکى سونى یاخود کوتلەیەکى سیاسى سونى بە تەنها رێکبکەون و بەبێ رەزامەندىی ماڵى سونى، سەرۆکى پەرلەمانێک دابنێن.
تازەترین نموونەش کە هێشتا ئاسەوارەکانى بەسەر پرۆسەى سیاسیى عێراقەوە ماون، بڕیارى دادگەى فیدراڵى بوو بۆ لابردنى حەلبووسى لە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان لە 14-11-2023. ماوەى 11 مانگ و نیوى خایاند تاوەکو سوننەکان رێککەوتن لەسەر ئەوەى بەربژێری هاوبەش دیاریبکەن شوێنى حەلبووسى بگرێتەوە، ئەوە بوو لە رۆژى ٣١/١٠/٢٠٢٤ مەشهەدانى وەک نوێنەرى سوننە هەڵبژێردرا. لە ماوەى نزیک بەو ساڵەدا کورد و شیعە بیریان لەوە نەکردەوە بێ خواست و رەزامەندىی ماڵى سونى، پەرلەمانتارێک لە فراکسیۆنێکى سوننەکان بهێنن و بە زۆرینەى دەنگى پەرلەمان شوێنەکەى حەلبووسى پێ پڕبکەنەوە.
بەڵام لەلایەک بەهۆى ناکۆکى و ململانێى نێوان یەکێتی و پارتییەوە و لەلایەکى دیکەشەوە بەهۆى ئەوەى سوننە و شیعەش بەردەوام بەدواى ئەو رێگایانەدا دەگەڕێن پێگە و سەنگى کورد کەمبکاتەوە لە عێراق، سوننە و شیعە دووجار ئەوەیان لەگەڵ کورد کرد کە بەبێ خواستى هەموو لایەنە کوردییەکان جارێک بە دڵى یەکێتی و جارێک بە دڵى پارتى بەربژێری سەرۆککۆماریان یەکلاکردەوە.
لە ساڵى 2018 لە ئەنجامى ئەو کێشە و گیروگرفتانەى لەناو یەکێتی هەبوون بۆ دیاریکردنى بەربژێری سەرۆککۆمار، دکتۆر بەرهەم ساڵح ترسى لە دووبارەبوونەوەى سیناریۆى ساڵى 2014 و رێککەوتنى ژێربەژێرى نێوان بنەماڵەى مام جەلال و پارتى هەبوو، بۆیە رۆڵى سەرەکى هەبوو لەوەى ئەو عورفە تێکبشکێت کە لەناو ماڵى کوردى بەربژێرێک یەکلابکرێتەوە، چوو لەگەڵ مالیکى و موقتەدا سەدر رێککەوت کە دوو کوتلەى بەهێزى شیعەکان بوون و نەیارى یەکتریش بوون. بەپێدانى بەڵێنى جیاجیا بە هەردولایان، دڵنیایى وەرگرتنى پۆستەکەى بەدەستهێنا و ئاوى کردە ئاشى ئەو ئاراستەیەى ناو یەکێتییەوە کە نابێت لەگەڵ پارتى رێککەوتن بکرێت لەسەر ئەو پۆستە. دەرئەنجام کورد نەیتوانى بەربژێری هاوبەشى هەبێت، بە سێ بەربژێرەوە چوونە پەرلەمان. ئەنجام دکتۆر بەرهەم پۆستەکەى بەدەستهێنا، بەڵام بۆ خولى دووەم لە ساڵى 2022 یەکەم کەس بوو باجى ئەوەیدایەوە کە هۆکار بوو بۆ ئەوەى بڕیارى یەکلایکردنەوەى بەربژێری ئەو پۆستە لە دەرەوەى یەکڕیزى و ناوماڵى کورد بدرێت. ئەوە بوو دکتۆر بەرهەم وەک تاکە بەربژێری یەکێتى شکستى هێنا و بە پشتیوانى و رێککەوتنى بارزانى و مالیکى، دکتۆر لەتیف رەشید بووە سەرۆککۆمار.
ئێستا وا بۆ جارى سێەمە بەهۆى ناکۆکیى نێوان پارتى و یەکێتییەوە جارێکیتر قەدەرى دیاریکردنى پۆستى سەرۆککۆمار خەریکە لە دەستى کورد خۆى دەردەچێت و دەیدەنەوە دەستى سوننە و شیعەکان یەکلای بکەنەوە. بڕیارە رۆژى 11-04-2026 واتا پاش سێ رۆژی دیکە، هەڵبژاردن بۆ سەرۆککۆمار بکرێت، زیاتر لە 15 کەس خۆیان بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردووە. راستە زۆر درەنگە، بەڵام هێشتاش دەرفەت ماوە پارتى و یەکێتی بڕیارى یەکلاکەرەوە بدەن و یەک کەس وەک بەربژێری هاوبەشى کوردستان دیاریبکەن. ئەوە بکەن بۆ هەردوولاتان و بۆ سەنگ و پێگەى کوردستان باشە، بەڵام ئەگەر رێککنەکەون و بە چەند بەربژێرێکەوە قەدەرى خۆتان بە نەیارەکانتان بسپێرن، هەرلایەکتان بیبەنەوە هەر دۆڕاون.
چونکە دەبێت ئەو راستییە باش لەبەرچاو بگرن ئەمە دەبێتە نەریتێکى خراپ بۆ داهاتووى هاوبەشى کورد لە حوکمڕانى عێراق، وا ئەمجارەش و جارێکى دیکەش پێگە و سەنگى پارتى و یەکێتییان لەبەرچاوگرت و بەخواستى ئێوە کوردێکیان کرد بە سەرۆککۆمار، بەڵام دڵنیابن ئەم عورفشکاندنە رانەگرن و ببێت بە نەریت، رۆژێک دێت ئێوە هەردولاتان فەرامۆش دەکرێن و لە دەرەوەى خواست و ویست و پێگە و پشکى ئێوە، کارەکتەرێکى کورد دەهێنن و بە دەنگى سوننە و شیعە دەیکەن بە سەرۆککۆمار، تەنانەت هەر بەوەشەوە ناوەستێت، لە برى ئێوە پۆستە وزارییەکانیش بەو جۆرە بە کوردى وابەستەى بەغدا پڕ دەکەنەوە. بۆیە تکایە خۆتان رێککەون پێش ئەوەى ئەو عورفشکاندنە ببێت بە نەریتێکى مەترسیدار. لەکاتێکدا پارتى و یەکێتیى خۆیان دەتوانن رێکبکەون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ